دێوەزمەی جێندەر!
دونيا مردان

تێبینی: ئەم نوسینە لەژێر ڕۆشنایی ئەو باس و خواسانەی کە کران لەسەر جێندەر و بەتایبەتیش دوا بەرنامەی "لەگەڵ ڕەنج"ی کەناڵی ڕووداوە. 
ماس میدیا وەک یەکێک لە جومگە بنەڕەتییەکانی پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیکردن (ڕاگەیاندن- لەم حاڵەتەی ئێستادا بەرنامەکانی تیڤی و بەرنامەیەکی وەک بەرنامەی لەگەڵ ڕەنج) ئەرک و مافی ورووژاندنی کێشە و پرسەکان نییە، بەڵکوو ئەرک و مافێکی ئەخلاقی هەیە کە بابەتیانە پرسەکان بخاتە بەرباس و کەسانی پسپۆڕ و شارەزا هەڵسەنگاندنی دیاردەکانی کۆمەڵگە بخەنە بەر رۆشنایی پێشنیار، نەک شەڕ و دەمەقاڵەی دژەڕا. 
سەرەتا بۆ ئەوەی مقۆمقۆی پێناسەی جێندەر، ڕەگەز، هاوڕەگەزخوازی، سێکسواڵیتی هتد.. یەکلایی بکەینەوە، پێم باشە پێناسەیەکی زانستیی و دەقیق بۆ هەریەک لەم چەمکانە بکەین. 
جێندەر: بریتییە لەو مانا کۆمەڵایەتیانەی کە (ژن، یان پیاو)ی پێ دەناسێندرێ لەو هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتیانەی کە کۆمەڵگە دیاریان دەکات. 
ڕەگەز: باری بایۆلۆژی (نێر، یان مێ) کە لە لەدایکبوونەوە دیاری دەکرێت. 
هاوڕەگەزخوازی: ئەو کۆمەڵانەن کە ناسنامەیەکی جێندەری تایبەت بەخۆیان هەیە و لەژێر زانستی سێکسواڵیتیدا دەناسرێنەوە.
سێکسواڵیتی: واتە زانستی دیراسەکردنی سێکس. 
ئەم پێناسانەی سەرەوە "لە ڕووی زانستییەوە" هیچ لێکدانەوەیەکی تر هەڵناگرن. ئەوەی کە تا ئێستا هەندێک کەس پێناسەی دەکەن (جێندەر واتا ڕەگەز، یان جنس)، یاخود (جێندەر بە هاوڕەگەزخوازی پێناسە دەکەن) هەڵەیەکی زانستی گەورە دەکەن!
پێم باشە سەرنج بدەینە سەرەتای ئەم گێژاوەی لەسەر چەمکی جێندەر هاتۆتە ئاراوە؛ بەهۆی ئەوەی کە لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە ئەم چەمکە بوونی نەبوو و لە فەرهەنگی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی وەک وڵاتانی عەرەبی و بەکوردستانیشەوە (کە لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیەوە هاتۆتە کوردستانەوە) ئەم چەمکە بۆ یەکەمجار لە بەڵگەنامەی کۆنفرانسی پەکین بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان لە ساڵی ١٩٩٥ئاماژەی پێکراوە. دواتر لە بەڵگەنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەرگێڕانەکەیدا لەسەر زاراوەی جنس بە مانای ڕەگەز (ئەگەر وەریگێڕین بۆ زمانی کوردی) بەکارهات. لەدوای ئەوە، ئەم تەرجەمەکردنەی زاراوەی جێندەر بۆ سەر زمانی عەرەبی بەم شێوەیە ئاڵۆزییەکی زۆری هێنایە ئارا، بە تایبەتیش کاتێک کە تێکەڵ بە 'سێکسواڵیەت' کرا. دواتر ئەم هەڵە تێگەیشتنە پەلی بۆ ناو ئەدەبیاتیش هاویشت و لە فەرهەنگی زمانی کوردیش کە بە "ڕەگەز" تەرجەمە کراوە، ساڵانێکی زۆرە ئەم چەمکە لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا بووەتە باو، تا ئەو ئاستەی کە تا ئێشتاش کەسانێک کە خۆیان بە پسپۆڕی ئەم بوارە دەزانن هەر وشەی ڕەگەز لە بری جێندەر بەکاردێنن! دواتر لە زمانی عەرەبی ئەم چەمکە ڕاستکرایەوە بۆ (النوع الاجتماعی) و لە کوردیشدا (جۆری کۆمەڵایەتی) جێگەی گرتەوە. جێی ئەسەفە کە لەم چەند مانگەی ڕابردوودا ئەم چەمکە تازە بە تازە وەک بابەتێکی نوێ موناقەشەی لەسەر دەکرێت و بۆ هەر "مەبەستێک بێت" بەکاردەهێنرێت بۆ چەواشەکردنی کۆمەڵگە و بە چەمکی دیکەی وەک هاوڕەگەزخوازی گرێ دەدرێ. لە کاتێکدا چەمکی جێندەر هیچ "غموض" و عاجبایەتییەکی تێدا نییە ئەگەر کەسانێکی پسپۆڕ و شارەزا بیانەوێ لێی تێبگەن، بەڵام کێشەکە لەوەدایە ئەوانەی بە خۆیان بەردێکیان هاوێشتۆتە کانیاوەکە ئێستا پێیان دەرنایەت. 

لە کوردستاندا، هیچ کاتێک لە ڕۆژئاوا و وڵاتانی دیکەوە "تەعریفێکی عمومی" لە خۆوە نەهێنراوەتە ناو سیستمی کۆمەڵایەتی و یاسادانانەوە. ساڵانێکی زۆرە پاش ڕاپەڕین هەر یاسایەک لە کوردستان دەرچووبێت (باش، یان خراپ) بە دنیایەک فلتەر و دانیشتنی پەرلەمانی هاتۆتە ئاراوە، ئەی تۆ بڵێی هەموو ئەو کەسانەی کاریان بۆ ئەمە کردبێت کەسانی نەزان بووبن؟!
لەو بەرنامەی لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد زۆر قسە و باس کران، لەگەڵ ڕێزم پۆ هەموو لایەک لە پێشکەشکار و میوانەکان، بەڵام ئەگەر بیر لەو خەڵکانە بکەینەوە کە لە ماڵەوە بە دیار شاشەی تەلەفیزیۆنەکانیان دانیشتوون و دەوترێت " بە بێ هیچ حوجەیەک ڕەگەز دەگۆڕدرێت" هەقیانە هەر جۆرە کاردانەوەیەکیان هەبێت بەرامبەر بە ئەندامانی خێزانەکانیان و ئەندامانی کۆمەڵگەکەیان! ڕەگەز گۆڕین هەروا بە بێ هیچ ئیجرائێکی یاسایی و ئایینی و پزیشکی ناکرێت و هەر وا ئاسان نییە. 
لێرەدا و لەسەر ئەم بابەتە، هەر ئیدیعایەک بە ناوی زانستەوە بکرێت، ئەوا لادانە لە پرەنسیپ و ئیتیکی پیشەییمان کە سوێندمان لەسەر خواردووە.. ڕێگەم بەخۆم دا ئەم چەند تێبینییە بڵێم بەو ئومێدەی کە وەک ئەکادیمییەکی بوارەکە هەندێک لە هەڵەکانم ڕاست کردبێتەوە.

AM:03:03:04/01/2023