٢٠٠٠ ژمارەو پرسیارێكی بەردەوام
تارق فاتح



ئەم ژمارەیەی هاوڵاتی لەم هەفتەیەدا بڵاوبووەتەوە، دووهەزارەمین ژمارەی رۆژنامەی هاوڵاتییەو لەتەمەنی ٢٣ ساڵەی خۆیدا بڵاویكردووەتەوە.

دوو هەزار ژمارە لەماوەی ٢٣ ساڵدا ئەگەر تەنیا وەکو چەندێتی و بەردەوامی سەیری بکەین، بەگوێرەی سیاقی باشوری کوردستان زۆرە! دەشێت بەشێوەی جۆراوجۆر بیری لێبکرێتەوەو هەڵبسەنگێنرێت؛ ئەمە بەجێدەهێڵم بۆ ئەوانەی سەروکاریان لەگەڵ بڵاوکردنەوەدا هەیە با ئەوان هەڵیسەنگێنن. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت لەسەری هەڵوەستە بکەم شتێکی ترە کە بەدرێژایی کارکردنم لەهاوڵاتی یەخەی گرتووم.

هەر لەسەروبەندی دەرکردنی هاوڵاتییەوە، بەدرێژایی ئەم ٢٣ ساڵە بەبێ پسان، پرسیارێكی ناوەخت، ناوبەناو خۆی دەکات بەناو پرۆسەی کارکردنمدا و بیرو هۆشم بەخۆیەوە مژۆڵ دەکات و دەمخاتە دۆخێکەوە بەردەوام بیری لێبکەمەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا تائێستاش نەمتوانیوە وەڵامێكی دروست و گونجاوی بۆ بدۆزمەوە، پرسیارەكەش ئەوەیە: «ئێمە چی دەكەین؟» کەدەتوانین بەم شێوانەش دایبڕێژینەوە: «داخۆ ئەو كارەی ئێمە دەیكەین لەبەرژەوەندی گشتییدایە یان دواجار بەزیانی گشتی دەشكێتەوە؟»  «ئایا ئەگەر رۆژنامەی هاوڵاتی هەر دەرنەکرابایە، دونیای ئێمە لەئێستا باشتر دەبوو یان خراپتر؟» «ئایا ئەم پانتاییە ئیداری و سیاسییەی ئێمە، ئەو پانتاییەیە كەڕەخنە بتوانێت ئیشی خۆی تێدابكات و كاریگەری دابنێت یان نا؟» بەردەوام ئەم پرسیارانە لەلام چەند بارە بوونەتەوەو من بۆ خۆم تاوەکو ئێستا بەوەڵامی دیاریکراوی ئەم پرسیارانە نەگەیشتووم یانژی بەکراوەیی جێمهێشتوون.

ئەگەر بۆم هەبێت پێمخۆشە ئەوەش بڵێم، هاوڵاتی بۆ ئێمە لەباشوری کوردستان، تەنیا «رۆژنامەیەکی سەربەخۆ» نەبووە کە لەفەزایەکی ئازادا لەسنووری کایەی کارکردنی خۆی کە ژۆرنالیزمە ژمارە لەدوای ژمارە وەکو هەر رۆژنامەیەکی وڵاتێکی ئازاد دەربچێت و لەهەمان پانتاییدا کاریگەر بێت. هەر لەبنەڕەتەوە بەهۆی بارودۆخی ژینگەی سیاسی-کۆمەڵایەتی ئێمەوە، هاوڵاتی هەر لەسەرەتاوە، سەرەڕای ئەوەی تەنیا رۆژنامەیەک بوو، بەڵام سنوورەکانی کایەی ژۆرناڵیزمی تێپەڕاندو بۆ کایەی تر پەڕیەوەو ئەرکی تری لەئەستۆگرت کە لەکەم وڵاتی جیهاندا رۆژنامەی سەربەخۆ ئەو ئەرکانە لەئەستۆ دەگرێت. لەم سۆنگەوە بەكورتی دەشێت پانۆرامایەك بۆ كاریگەرییەكانی رۆژنامەی هاوڵاتی درووست بكەین و هەندێك جومگەی سەرەكی ئەم مێژووە راگوزەر بەسەر بکەینەوە بەم شێوەی لای خوارەوە.

 بێگومان ئەگەر دەرکردنی رۆژنامەی هاوڵاتی وەك پرۆسەی رەخنەگرتن سەیر بكرێت، ئەوا ناتوانین بڵێین كەپرۆسەی رەخنەگرتن لەهاوڵاتییەوە دەستپێدەكات، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ پێشتر، بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی گۆڤاری دیموكراسی و پاشان گۆڤاری رەهەندو بڵاوكردنەوەی چەندین گۆڤارو كتێب و وتاری رەخنەیی تر، كەپێش بڵاوكردنەوەی یەكەم رۆژنامەی هاوڵاتی لەمەیدانەكەدا هەبوون. هەر بۆخۆی بیركردنەوە لەدەركردنی رۆژنامەیەكی وەك هاوڵاتی، هەڵهێنجراوی ئەو فەزا رەخنەییەبوو كەئەوان دروستیان كردبوو.

زۆربەی بەیانیان كاتێک رۆژنامەكە بڵاودەكرایەوەو جارێكی تر دەمخوێندەوە، هەستم دەكرد ویژدانم ئاسودەیەو ئەو كارەی ئێمە دەیكەین جێی خۆی گرتووە یان جێی خۆی دەگرێت. زۆر جار توانیومانە ماف بۆ ماف زەوتكراوێك بگەڕێنینەوە، چەواشەكارییەك راست بكەینەوە، را، سەرنج، پێشنیارو رەخنەی كەسانێك بڵاوبكەینەوە كەئەگەر هاوڵاتی نەبوایە بڵاونەدەكرانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دوابەدوای ئەوە، ئەوەندەی تر كێشە، گرفت، مافخوران، رەخنە، سەرنج و پێشنیار دەهاتنەوە بەردەممان و دەبوایە دیسانەوە وەك ئەوەی هیچمان نەكردبێت دەستپێبكەینەوە، هەمان پرسیار دووبارە خۆی قوت دەكردەوە كە «ئێمە چی دەکەین؟»

بەدوای هاوڵاتیشدا گۆڤاری لڤین و رۆژنامەی ئاوێنە دەركران و وردە وردە تادەهات فەزای رەخنەگرتن فراوانتر دەبوو؛ ئەمە وایكرد كەسانێك كە بۆخۆیان سەرقاڵی دونیای سیاسەت بوون، بگەنە ئەو باوەڕەی كە پرۆسەی رەخنەگرتن بێ ئەنجامەو گۆڕانكاری درووست ناكات. هەربۆیە بیریان لەدرووستكردنی هێزێكی سیاسی جێگرەوە كردەوە. لەئاكامی ئەم بیركردنەوەیەش بزوتنەوەی گۆڕان دامەزرا. ئەم هێزە سیاسییەش توانی هەر لەیەكەم هەڵبژاردندا ٢٥٪ی دەنگەكان بۆ خۆی بەدەستبهێنێت (من بڕوام وایە ئەگەر پرۆسەی هەڵبژاردنەكە پاك و بێگەرد بوایە، زۆر لەو رێژەیەش زیاتر دەنگیان بەدەستدەهێنا).

بزوتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی سیاسی ئۆپۆزسیۆن دامەزراو كەوتە كار. ئەوانیش رەخنەگرتن لەدەسەڵاتی سیاسی و حوكمڕانی هەرێم بەشی هەرەزۆری گوتاری میدیایی و سیاسییەكانیانی داگیركردبوو. بوونە مایەی دروستبوونی هیوا لای زۆرینەی خەڵك و بۆ منیش دڵخۆشكەر بوو؛ باوەڕم وابوو كەئەو كارەی ئێمە دەیكەین جێگای خۆی گرتووە.

دوای چەندین كێشمەكێش و ململانێی سیاسی مەترسیدار كەزۆرجار مەترسی خوێنڕشتنی لێدەكرا، دواجار ئاكامەكەی بەوە گەیشت كەئێستا لای هەموومان روونەو بزوتنەوەی گۆڕانیش دوای كۆچی دوایی (نەوشیروان مستەفا) دامەزرێنەرو كەسایەتی كاریزمی بزوتنەوەكە لەجێگای ئومێدەوە بووەتە مایەی بێهیواییەكی گەورە. سەرئەنجام هێزێكی سیاسی كاریگەری وەك بزوتنەوەی گۆڕانیش نەیتوانی دەستكاری فەزای سیاسی و حوكمڕانی دونیای ئێمە بكات و دۆخەكە وەك خۆی مایەوە. لێرەدا هەمان پرسیار دیسانەوە خۆی قوتكردەوە كە «ئێمە چی دەکەین؟»

٣٠ ساڵ زیاتر بەسەر ئەزموونی حوكمڕانی كوردیدا لەهەرێمی كوردستان تێدەپەڕێت، هاوتەریب ٣٠ ساڵ زیاتریشە پرۆسەی رەخنەگرتن بەردەوامە، بەڵام سەرئەنجام گەیشتووین بەكوێ؟! وەڵامی ئەم پرسیارە لای زۆربەمان ئاشكرایە، گرفتی بونیادی، كێشەی سیاسی ناوخۆیی، گەندەڵی، نادادی، فەزای میدیای چەواشەكار، نەبوونی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری راستەقینە وەك خۆی ماوەتەوە.

ئەمانەو دەیان كێشەی دیكە تەنها فۆرم و بیانوەكانیان گۆڕاوە، ئەگەرنا لەبنەڕەتدا كێشە بونیادیەكان وەك خۆیان ماون و هیچ لەمەسەلەكە نەگۆڕاوەو پەرتەوازەیی سیاسی و نەبوونی ئەجێندایەكی نیشتمانی بەرامبەر ئاڵنگارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان زیاتر بوون كەمتر نەبوون.

پرۆسەی رەخنەگرتن لەئێستادا بووەتە مایەی درووستبوونی هەندێك گرفت و رێگری تازە لەبەردەم چاكسازی و گۆڕانی راستەقینەدا، لەوانەش پەیدابوونی هێزی ئۆپۆزسیۆنی ساختەو چەواشەكار، درووستبونی چەندین كەسایەتی و ئەندام پەرلەمانی مشەخۆرو پۆپۆلیست، ئەمەش وادەكات كەسەرلەنوێ ئەو پرسیارە لەخۆمان بكەینەوە «داخۆ ئێمە چی دەکەین؟» «ئایا بەردەوامیدان بەڕۆژنامەی هاوڵاتی چی لەمەسەلەكە دەگۆڕێت؟» ئێمە لەگەڵ ئەم پرسیارەدا دەژین و بەردەوامین بەرەو نادیار.

*خاوەنی ئیمتیازی رۆژنامەی هاوڵاتی

AM:05:37:13/01/2023