خولی شیاندنی پرۆسەی هاوسەرگیری
‌د.تابان محمد سعید

تا ئێستا لە هیچ وانەیەکی سەرەتایی و زانکۆیی
لە هیچ ڕێکخرا و و دامەزراوەیەکی حوکمی،
لە هیچ دادگایەک پرۆژەیەکی وام نەبینی و کاری لەسەر نەکرا

مرۆڤێک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئامێرێکی ئاسنی بێگیان چەندین خول و تاقیکردنەوە دەبینێت
بۆ بوون بە مامۆستا چەندین جار خولی شیاندن دەبینێت
بۆ دورینی پارچە قوماشێکی بێ گیان چەندین جار وانە وەردەگرێت و خۆی فێردەکات چۆن کاڵایەکی بێ کەم و کوڕ دروست بکات.

لەکۆمەڵگای مرۆڤایەتی قەدری سەیارە و جل و ماڵەکانمان لە بەهای مرۆڤ گرنگترە
دەگەڕێین بە دوای باشترین ئەندازیار تا خانویەکمان بۆ دروست بکات و چەندین جار تەماشای ڤیدیۆ  و نەخشە و وانەی فێرکاریی دەکەین،
بەڵام نە حوکمەت و نە تاک گرنگی نادات بە گرنگترین پرۆسەی ژیانی مرۆڤ کە پێکهێنانی خێزان و خستنەوەی مرۆڤی تەندروستە.

وەزارەتی تەندروستی و حوکمەت بە مەرجی دەزانن کە مناڵێک بە چەندین خولی کوتانی دژە ڤایرۆسدا تێپەڕێت. 
بەڵام گرنگ نییە بۆیان کە ئەم مناڵە گرنگترین بەشی تەندروستیی، دەرونێتی، ئایا ئەو ژینگەیەی مناڵەکەی تیا گەورە دەبێت بەقەد سەرما و گەرما و نەبوونی ڤایرۆس، تا چەند لەبارە بۆ گەورەبوونی مرۆڤێک بە هەموو مانا مرۆڤایەتییەکانی.
ئەی  هەر ئەو مناڵە نییە لە داهاتوو دەبێت بە بزوتنەری ئەم کۆمەڵە.
 
یان بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ پرۆسەی خوێندن پێویستمان بە لێهاتووی مامۆستایە تا بە جوانترین شێوە وانەکە بگەیەنێتە خوێندکار،
بۆیە ئەو مامۆستایە چەندین جار خولی شیاندنی لەڕووی زانستی و پەروەردەیی بۆ دەکرێتەوە.

ئەی دایک ئەی باوک!
ئایا لە شۆفێری و مامۆستایی و خەیاتی و دکتۆریی و ئەندازیاریی گرنگتر نییە ؟ کە دواجار ئەم مرۆڤەی نازناوە کۆمەڵایەتییەکەی پێ دەبەخشرێت هەر لەپای پرۆسەی زایندا نازناوێکی گەورە و گرانی باوک و دایکی پی بدەین؟

بۆچی تا ئێستا هیچ دەزگایەکی حکومی بە تایبەتی دادگا نایکاتە مەرج کە ئەم دوو مرۆڤە بە خولێکی شیاندنی هاوسەرگیری تێپەڕ ببن تاوەکو لەو خولەدا بنەماکانی ژیان لە ڕووی دەروونی و شەرع و کۆمەڵایەتتیەوە بۆ ڕوون بکرێتەوە؟

هەروەک چۆن گرنگە پشکنینی خوێن بۆ دوو کەسی تازە هاوسەر دەگرێت گرنگە بڕوانامەی ئەو خولەش وەربگرن
تا زۆربەی زۆری ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی خێزانەکان دەبێتەوە بە بەوردی و زانستی بخرێتە ڕوو.

هەریەک لە ئێمە گەر قسە بکەین خۆمان بە پرۆفیسۆرێک ناگۆڕینەوە، گاڵتەمان بە وانە و خول و ڕێنمایی دێت، بەڵام لە وردەکاریی ژیان دەبینیین سەرجەم هەڵەکان بەهۆی ئەو نائاگاییەوە دروست دەبێت و دواجاریش دوو مرۆڤی دەروون ماندوو و دوژمنی یەک و چەن مناڵێکی سەرگەردان پێشکەش بەم کۆمەڵە دەکرێتەوە.


وێستگه‌ نیوز 

AM:05:54:11/02/2023