پەیامی ڕۆژی جیهانیی شانۆ بۆ ساڵی ٢٠٢٣
سەمیحە ئەیوب
هاوڕێ شانۆکارەکانم لە هەموو لایەکی جیهان، لە ڕۆژی جیهانیی شانۆدا ئەم پەیامەتان بۆ دەنێرم، بەبارتەقای ئەو هەستە دڵخۆشییە قووڵەی بۆ قسەکردن لەگەڵتان دایگرتووم، هەموو ڕیشاڵێکی بوونم لەژێر قورسایی ئەو شتانەدا دەلەرزێت کە هەموومان– بە شانۆکار و نا شانۆکارەوە – بەدەستیانەوە دەناڵێنین، فشاری پڕوکێنەر و هەستی وێرانکەر، لەناو جیهانێکدا کە دۆخێکی ناجێگیر باڵی بەسەردا کێشاوە. ئەمەش وەک دەرەنجامێکی ڕاستەوخۆ بۆ ئەوەی جیهانی ئەمڕۆمانی پێدا تێدەپەڕێت، ململانێ و جەنگ و کارەساتە سروشتییەکان. ئەمانە کاریگەریی ڕوخێنەریان نەک تەنیا لەسەر جیهانی ماددی، بەڵکو لەسەر جیهانی ڕۆحی و ئاساییشی دەروونیشمان داناوە.
من ئەمڕۆ قسە لەگەڵ ئێوەدا دەکەم، لەم کاتەدا هەستێک دایگرتووم کە جیهان هەمووی وەک کۆمەڵێک دورگەی تەریکی لێهاتووە، یان وەک کۆمەڵێک کەشتیی لێهاتووە لە ئاسۆیەکی بە تەم داپۆشراودا هەڵدێن، هەریەکەیان چارۆکەی خۆی هەڵدەدات و بێ ڕێنمایی کەشتییەکەی دەئاژوێ. هیچ ڕێنوێنییەک لە ئاسۆدا نابینێت، لەگەڵ ئەوەشدا درێژە بە دەریاوانییەکەی خۆی دەدات، بەو هیوایەی دوای ئەو هەموو سەرگەردانییەی ناو شەپۆلەکانی دەریایەکی پڕ لە هاژە، بگاتە بەندەرێکی ئاسوودە کە داڵدەی بدات.
ئەم جیهانەی ئێمە هەرگیز هێندەی ئەمڕۆ پێکەوە گرێدراو نەبووە، بەڵام لەهەمان کاتدا، هەرگیزیش ئەوەندەی ئەمڕۆ لێکهەڵوەشاوو دوور لەیەک نەبووە. ئەمەش ئەو پارادۆکسە دراماتیکییەیە جیهانە هاوچەرخەکەمان سەپاندوێتی بەسەرماندا. وێڕای ئەو نزیکبوونەوە زۆرەی هەموومان لە ئاڵوگۆڕی هەواڵەکان و پەیوەندییە مۆدێرنەکاندا دەیبینین، چۆن هەموو بەربەستەکانی سنوورە جوگرافییەکانی تێکشکاندووە، بەڵام ئەو گرژی و ململانێیانەی جیهانی پێدا دەڕوات، ئاستی هەر مەزەنەکردنێکی لۆژیکیی تێپەڕاندووە، بەجۆرێک، لەناو ئەو نزیکبوونەوە ڕووکەشەدا، دوورکەوتنەوەیەکی بنەڕەتیی دروست کردووە کە لە سادەترین وێنەکانیدا، داماندەبڕێت لە ڕەچەڵەکی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتی. 
شانۆ لە کرۆکە ڕەسەنەکەیدا بریتییە لە کردەیەکی مرۆیی پاراو، لەسەر کرۆکی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتی وەستاوە، کە ژیانە. بە وتەی پێشەنگی مەزن کۆنستانتین ستانسلاڤیسکی "هەرگیز بە پێی قوڕاوییەوە مەیەرە ناو شانۆوە. تۆز و خۆڵەکەت لەدەرەوە بەجێبێڵە.  نیگەرانییە گچکەکانی خۆت، کێشە و سەختییە گچکەکانت– هەموو ئەو شتانەی ژیانت تێکدەدەن و سەرنجت لەسەر هونەرەکەت دوور دەخەنەوە – لەگەڵ پۆشاکەکانی دەرەوەتدا، لەبەر دەرگای هاتنە ژوورەوە بەجێبێڵە." کاتێک سەردەکەوینە سەر تەختەی شانۆ، تەنیا یەک ژیان بۆ یەک مرۆڤ لەناخماندایە و دەچینە سەر شانۆ. بەڵام ئەم ژیانە توانایەکی مەزنی هەیە بۆ دابەشبوون و لەدایکبوون تا بۆ چەندین ژیان بگۆڕدرێت کە لەم جیهانەدا پەخشیان دەکەین، تا ژیانی تێبگەڕێت و بگەشێتەوە و بۆنە خۆشەکەی بەناو کەسانیتردا بڵاو بکاتەوە.
ئەوەی ئێمە وەک نوسەر و دەرهێنەرو ئەکتەر و سینۆگرافیست و شاعیر و مۆسیقی و دیزاینەری کۆریۆگرافی و تەنانەت تەکنیککارەکانیش، هەموومان بەبێ جیاوازی لە جیهانی شانۆدا پێیهەڵدەستین، کردەیەکە بۆ خوڵقاندنی ژیانێک، پێشتر بەرلەوەی سەرکەوینە سەر شانۆکە بوونی نەبووە. ئەم ژیانە پێویستی بە دەستێکی خەمخۆر هەیە دەستی بگرێت، سنگێکی بەسۆز لەئامێزی بگرێت، دڵێکی میهرەبان هاوسۆزی بێت، مێشکێکی هۆشیاریش کە هۆکارەکانی مانەوە و بەردەوامبوونی پێ ببەخشێت. 
ڕەنگە زیادەڕەوی نەبێت کاتێک دەڵێم ئەوەی ئێمە لەسەر شانۆ دەیکەین کردەی خودی ژیانە و لە هیچەوە بەرهەمی دەهێنین، وەک پشکۆیەکی سووتاو کە لە تاریکیدا دەدرەوشێتەوە، تاریکیی شەو ڕووناک دەکاتەوە و ساردیەکەی گەرم دەکاتەوە. ئێمە ئەوانەین درەوشانەوە بە ژیان دەبەخشین... ئێمەین بەرجەستەی دەکەین... ئێمەین پڕجۆش و ماناداری دەکەین... وە ئێمەین کە هۆکارەکانی تێگەیشتن لێی فەراهەم دەکەین. ئێمەین ڕووناکی هونەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاریکستانی نەزانی و توندڕەوی بەکار دەهێنین. ئێمەین بڕوای ژیان لە ئامێز دەگرین تا ژیان لەم جیهانەدا بڵاوبێتەوە. لەپێناوی ئەمەشدا هەوڵ و کات و ئارەقە و فرمێسک و خوێن و دەمارەکانمان دەخەینەگەڕ، هەر شتێک پێویست بێت بۆ بەدەستهێنانی ئەو پەیامە باڵایە دەیکەین. لەو ڕێگەیەوە بەرگری لە بەهاکانی ماف و چاکە و جوانی دەکەین و بەڕاستی باوەڕمان بەوە هەیە کە ژیان شایەنی ژیانکردنە.
من ئەمڕۆ قسەتان لەگەڵ دەکەم، نەک تەنها بۆ قسەکردن، یان تەنانەت بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی باوکی هەموو هونەرەکانەوە "شانۆ”، بەڵکو بانگهێشتتان دەکەم تا هەموومان بە یەک ڕیز، دەست لە دەست و شان بە شان پێکەوە بووەستین و بەدەنگی بەرز هاوار بکەین، هەر بەو جۆرەی لەسەر تەختەی شانۆکانمان پێی ڕاهاتووین، هاوار بکەین و وشەکانمان دەرپەڕێنین تا ویژدانی هەموو جیهان بەئاگا بێنێتەوە، تا لەناوەوەی خۆتاندا بەدوای کرۆکی بزربووی مرۆڤدا بگەڕێن، مرۆڤی ئازاد، لێبوردە، خۆشەویست، بەسۆز، نەرم و نیان و قبوڵکەری کەسانیتر. هەروەها بۆ ئەوەی ئەم وێنە چەوتەی دڕندەیی و ڕەگەزپەرستی و ململانێ خوێناویەکان و بیرکردنەوەی تاکڕەو و توندڕەوی و زیادەڕەوی بە نەفرەت بکەن... بەدرێژایی هەزاران ساڵ مرۆڤەکان بەسەر ئەم زەوییەدا و بەژێر ئەم ئاسمانەدا ڕۆیشتوون و بەردەوامیش دەبن لە ڕۆیشتن، با ئیتر پێیەکانی لە تاڵاوی جەنگەکان و ململانێ خوێناویەکان دەربهێنێت و داوای لێبکرێت لەبەر دەرگای شانۆدا بەجێیان بهێڵن، بەڵکو مرۆڤایەتیەکەمان کە گومان دایپۆشیوە، جارێکی دیکە ببێتەوە بە دڵنیاییەکی ڕەها، وا لە هەموومان بکات بەڕاستی شیاو بین شانازی بەوەوە بکەین کە مرۆڤین و هەمووشمان لەناو مرۆڤایەتیدا خوشک و براین.
ئەرکی ئێمەیە، ئێمەی شانۆکاران، هەڵگرانی مەشخەڵی ڕۆشنگەری، هەر لە یەکەم دەرکەوتنی یەکەم ئەکتەرەوە لەسەر یەکەم تەختەی شانۆ، لە پێشەنگی ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو شتێکی ناشرین و خوێناوی و نامرۆڤانەدا بین. بە هەموو شتێکی جوان و پاک و مرۆڤانە ڕووبەڕووی دەبینەوە... ئێمە و کەسی تر نا... توانای پەخشکردنی ژیانمان هەیە... با پێکەوە لە پێناو یەک دونیا و یەک مرۆڤایەتیدا پەخشی بکەین.

AM:01:44:27/03/2023