کۆمیسیۆن فریادەکەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات؟
ئارام برادۆستی

 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە فەرمانی هەرێمی رۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی دیاریکرد، ئێستا ماوەتەوە هەڵوێستی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بۆ ئەوەی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ئەو کاتەدا، پرسیار ئەوەیە ئایا ئەو ئەنجوومەنە دەتوانێت لەو وادەیە هەڵبژاردنەکە بەڕێوەببات، لەکاتێکدا بەر لە رۆژی دیاریکراو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ماوەی یاسایی ئەنجوومەنەکە تەواو دەبێت؟
 
مادەی 7 لە یاسای بەرکاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوە داوە کە ماوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران چوار ساڵە و لە رۆژی دەرکردنی فەرمانی کۆمارییەوە دەژمێردرێت، هەروەها ناکرێت بۆیان نوێبکرێتەوە. کەواتە پاڵپشت بەو مادەیەی سەرەوە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ماوەیان لە 7-1-2024 تەواو دەبێت، چونکە لە 8-1-2019 فەرمانی کۆماری سەبارەت بە دامەزراندنیان وەك کۆمیسیاران دەرچووە، لە ھەمان کاتدا وەك ئاگادارین ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 18-12-2023 بەڕێوەدەچێت، بەڵام رێکارە تەواوکارییەکانی پەیوەست بە پرۆسەکە تەواو نابن، بەڵکو دەمێننەوە بۆ دوای 7-1-2024، بەتایبەت یەکلاییکردنەوەی تانەدان لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و پەسندکردنیان.
 
چۆن چارەسەری ئەم بابەتە دەکرێت؟
 
بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە، ئەم بژارانە لە بەردەمی دەسەڵاتە سەرەکییەکانن، بەتایبەت ئەنجوومەنی نوێنەران و پارتە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان:
 
- پێشکێشکردنی پڕۆژەیاسای ھەمواری مادەی ئاماژەپێکراوە لە سەرەوە، بەشێوەیەك سێ تاوەکو شەش مانگ تەمەنی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران درێژبکرێتەوە، لەم ماوەیەدا دەتوانن رێکارە تەواوکارییەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تەواوبکەن و لە ھەمان کاتدا پرۆسەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببەن، بەڵام ئەم بژارەیە سەرکێشیی تێدایە، چونکە ئەگەری ھەیە بکەوێتە ژێر تانەی نادەستوریبوونی لە دادگەی باڵای فیدراڵییەوە، لەوکاتەش ئەگەر تانەکە ئەنجامی ھەبێت، ریسەکە دەبێتەوە خوری، بەتایبەتی لەو پرسەی کە پەیوەستە بە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان.
 
ئەگەر پەرلەمانی عێراق ماوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران درێژبکاتەوە، دەستوورییە؟
 
شارەزایانی یاسا لەسەر ئەو بژارەی سەرەوە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون، بەشێکیان وای بۆ دەچن ئەم پرۆسەیە هیچ کێشە و بەربەستێکی دەستووریی نییە، چونکە ماوەی ئەنجوومەن بە دەقی دەستوور دیارینەکراوە وەک ماوەی ئەنجوومەنە هەڵبژێردراوەکانی دیکە، بەڵکو تەنیا بە یاسا دیاریکراوە، بۆیە دەکرێت بە یاسا هەمواربکرێتەوە.
 
سەرەڕای ئەوە دەڵێن درێژکردنەوەی ماوەی ئەنجوومەن بۆ خولێکی دیکەی چوار ساڵە نییە، بەڵکو بۆ چەند مانگێکە، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە بەرژەوەندییەک لێرەدا هەیە کە پەیوەندی بە خەڵکی عێراقەوەیە، ئەویش تەواوکردنی رێکارەکانی پەیوەست بە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە، لە هەمان کاتدا ئەو بەرژەوەندییە پەیوەندی بە کوردستانەوە هەیە، بەهۆی ئەوەی ماوەی پەرلەمان تەواوبووە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانیش بەهۆی تەواوبوونی ماوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ناتوانێت بە رۆڵی سەرەکیی خۆی هەڵبستێت، بۆیە ئەرکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش سەرپەرشتی بکات، لەبەرئەوە ئەم بەرژەوەندییە وا پێویست دەکات تەنیا بۆ چەند مانگێک تەمەنی ئەم خولەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی بەغدا درێژ بکرێتەوە.
 
لە بەرامبەردا بەشێکی دیکە لە شارەزایانی یاسا هەر لەسەر بژاردەی یەکەم وای بۆ دەچن کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت تەمەنی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە رێگەی هەمواری یاسای کۆمیسیۆن درێژبکرێتەوە، چونکە ئەو هەموارە دژ دەبێت لەگەڵ بنەمای خولی هەڵبژاردن (مبداء دوریة الانتخاب) کە بنەمایەکی نێودەوڵەتییە لە دەستوورەکان بۆ ئەنجوومەنە هەڵبژێردراوەکان ئاماژەی پێکراوە، ئەو بنەمایە جێبەجێ دەبێت لەسەر سەرجەم ئەنجوومەنەکان، ئەوانەی بە راستەوخۆ لەلایەن دەنگدەرانەوە هەڵدەبژێردرێن، هەروەها ئەوانەی دیکە کە لەلایەن نوێنەرانی دەنگدەرانەوە هەڵدەبژێردرێن. 
 
- بژارەیەکی دیکە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنێکی نوێیە بەپێی هەمان میکانیزمی دیاریکراو لە مادەی 3ـی یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، بەو پێیە ئەنجوومەنی ئێستا دیاریکراون، پرۆسەی هەڵبژاردن و دیاریکردنیان پرۆسەیەکی ئاڵۆز نییە، بەڵام پێویستی بە کاتە تاوەکو تەواو دەبێت، بۆیە ئەگەر پەنا ببرێتە بەر ئەم بژارەیە دەبێت زوو کاری لەسەر بکرێت، بەڵام ئەم بژارەیە لایەنی نەرێنی هەیە، ئەویش ئەوەیە ئەنجوومەنی نوێی کۆمیسیاران دەستبەکاردەبن لە ناو پرۆسەیەکی هەڵبژاردن کە زۆربەی قۆناخەکانی تەواو بووە وەک هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، تەنیا رێکارە کۆتاییەکان نەبێت، بەڵام دەربارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست بەکاربوونیان دەکەوێتە نێوەڕاست و گەرمەی کارەکان، بۆیە رەنگە کەم ئەزموونی ئەنجومەنی نوێ لە بواری هەڵبژاردن کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەردوو پرۆسەکە بەجێ بهێڵێت، هەرچەندە لە خوارووی ئەو ئەنجوومەنە هەمیشە تیمێکی پرۆفێشناڵ و خاوەن ئەزموون کارەکان بەڕێوەدەبەن لەسەر ئاستی ئۆفیسی نیشتمانی و پارێزگاکان، بەڵام ناتواندرێت لە دەستبەکاربوونی ئەنجوومەنی نوێ دەستەبەری ئەوە بکرێت وەک ئەنجوومەنی پێشووتر سەرکەوتووبن لە کارەکانیان.
 
- رێگە و بژارەیەکی دیکەش کە دەستی بۆببرێت ئەوەیە لەسەر ئاستی عێراق هەوڵێک هەیە بۆ پێشکێشکردنی پڕۆژەیاسایەک بۆ هەموارکردنی یاسای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی ژمارە 31ـی ساڵی 2019، مەبەست لەو پڕۆژەیاسایە گۆڕینی جۆرایەتیی ئەندامەکانی ئەنجوومەنە لە دادوەرەوە بۆ کەسانی دیکە، بە واتایەکی دیکە، گەڕانەوەیە بۆ جۆرێک لە پێکهاتەی ئەنجوومەن وەک قۆناخەکانی بەر لەدانانی دادوەرەکان. 
 
ئەم بژارەیە خواستی لەسەرە، بەڵام پێدەچێت لەسەر ئاستی نێوخۆی عێراق کۆدەنگی لەگەڵ نەبێت، بۆیە مەترسیی رووبەڕووبوونەوەی هەیە لەسەر ئاستی دەرەوەش، بە تایبەتی هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان پێ ناچێت لەگەڵ گۆڕینی دادوەرەکان بێت. لە هەمان کاتدا پەنابردن بۆ ئەم بژارەیە بەشێک لە رێکارە تەواوکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دوادەخات (ئەگەر لەلایەن ئەنجوومەنی ئێستا تەواو نەکرێن)، لە هەمان کاتدا کێشە دەخاتە بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، چونکە ئەم بژارەیە پێویستی بەکاتی زۆرە لەوانەیە چەند مانگێک بخایێنێت، بەهۆی تەواوکردنی پڕۆژەیاسایەکە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و رەوانەکردنی بۆ سەرۆککۆمار بە مەبەستی پەسندکردنی و دواتر پێشنیازکردن و هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێی کۆمیسیاران و دەرکردنی فەرمانی کۆماری لەلایەن سەرۆککۆمارەوە، دواتر دەستبەکاربوونیان. 
 
بۆ ئێستا و ئەم دۆخە، باشترین بژارە یەکەمە، لەم قۆناخەدا هەوڵبدرێت بۆ تەواوکردنی هەردوو پرۆسەکە پەنای بۆ ببردرێت، بە تایبەت بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆی بکرێت، پەنا بردنە بەر بژارەکانی دیکە ئەگەری ئەوەی هەیە هەڵبژاردنی کوردستان لە وادەی خۆی نەکرێت و داوای دواخستنی بکرێت. لە ئەنجامدا دەتوانین بڵێین راستە رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام بەرچاوڕوونیی نییە بەهۆی تەواوبونی ماوەی ئەنجوومەنی کۆمیسارانی عێراق کە ئەم هەڵبژاردنە بە مسۆگەری لە کاتی خۆی دەکرێت یان نا.


AM:02:50:14/08/2023