لەوەزارەتی ئەوقاف چیم کردوە؟!
‌مەریوان نەقشبەندی



پێش ئەوەی لەبەرواری 13ی ئابی 2023 ڕاژەکەم بگوازرێتەوە سەر میلاکی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان ،لەماوەی 28 ساڵی کارکردنم لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان و لەوەزارەتی ئەوقافی حکومەتی ھەرێم تەنھا بەڕێوەبەرێکی ئاسایی و پلە بەپلە ناونیشانی وەزیفیم بڕیوە ھیچ ئیمتیازات و پۆستێکی تایبەت و گرنگم نەبوە و دەسەڵاتی ئەوەشم نەبوە ھیچ نوسراوێکی فەرمی ئیمزا بکەم بەڵام ئەگەر چاک بوبن یان خراپ ،خاوەنداری یان بەشدار و ھاوکاری وەزیر و  راوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکان و بەرپرس و فەرمانبەرانی وەزارەتی ئەوقاف بوم بۆ ئەم ڕەشنوسی یاسا و بیرۆکە و گۆڕانکاری و پێشنیارە ئیداری و کۆمەڵایەتیانە کەھەندێکیان جێبەجێ کراون و کەمێکیان رەتکراونەتەوە و ھەندێکیان ماونەتەوە:

یەکەم:کەمکردنەوەی ڕۆژ و کاتەکانی پرسە و قەدەغەکردنی دابەشکردنی چای و جگەرە و ھەمو ئەو بارگرانیەی لەناو ھۆڵی پرسە و مزگەوتەکاندا لەسەر خاوەن پرسە ھەبو .

دووەم:گۆڕینی ناوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامی بۆ کاروباری ئاینی ساڵی 2007 کەبەھۆیەوە جگە لەموسڵمانان ئاینەکانی مەسیحی و ئێزیدیش لەچواچێوەی وەزارەتی ئەوقافدا بەرێوەێوەبەری گشتی و راوێژکاری تایبەت بەخۆیان بۆ دەستنیشان کرا و ھاتنە ناو چواچێوەی وەزارەت و بەھۆیەوە تێکڕای کەنیسە و پەرستگە و مەزارەکانی ئەم دوو ئاینە لەھەرێمی کوردستان و لەلای بەڕێوەبەرەگشتیەکانیان لە وەزارەتی ئەوقاف تۆمار کران.

سێیەم:چاپکردنی تەفسیری قورئانی پیرۆز بەزمانی کوردی لەسەر ئەرکی حکومەتی سعودیە و دانانی ئەو تەفسیرانە لەناو ڕەفەکانی ھەردو حەرەمی مەککە و مەدینە بۆ ئەوەی حاجیانی کوردستان سودی لێ ببینن و ناچار کردنی بەرپرسانی حەجی سعودیە بە دانانی تابلۆی رێنمایی بەزمانی کوردی لەشاری مەککە،ھەروەھا یەکپۆشی و ئاڵای کوردستان لەسەر پۆشاکی حاجیانی ھەرێمی کوردستان لەسعودیە.

چوارەم:دانانی ڕێنمایی گونجاو بۆ دروستکردنی مزگەوت لەلایەن خێرخوازان و جێگیرکردنی مەرجی دروستکردنی خانو بۆ مامۆستای مزگەوت و دیاریکردنی مەسافەی نێوان مزگەوتێک بۆ مزگەوتێکی تر و جێگیرکردنی زەوی بۆ مزگەوت لەھەمو ماستەرپلان و شارە نوێیەکانی نیشتەجێبون لەسەرتاسەری ھەرێم.

پێنجەم:رەشنوسی پرۆژەیاسای کۆکردنەوەی زەکات و سەرفیترە و  پارەی خێرخوازی بەسستمی بانکی کە لێرەدا پێویستە ئاماژە بەرۆڵی میحوەری وەزیر و راوێژکار و بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ئەوقاف لەکابینەی پێنجەمی حکومەت بکەم.

شەشەم:لەماوەی 14 ساڵ وەک وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف کەلەھەمان کاتدا بەرێوەبەری راگەیاندنیش بوم زیاتر لە 1000لێدوانم بەزمانی کوردی و عەرەبی بۆ میدیا ناوخۆیی و عیراقی و نێودەوڵەتیەکان داوە بەبێ ئەوەی یەک جاریش حکومەتی ھەرێم یان وەزارەتەکەم پێویستی بەرونکردنەوە لەسەر لێدوانەکانم ھەبوبێت.

حەوتەم:پێدانی نوێنەرایەتی فەرمی بۆ ئاینەکانی(زەردەشتی - بەھائی - جوو - سابیئەی مندائی)بەپشتبەستن بەیاسای ژمارە پێنجی ساڵی 2015 ی پەرلەمانی کوردستان ،بەڵام بەداخەوە نەمتوانی نوێنەرایەتی فەرمی بەنوسراو بۆ کاکەییەکان دەستەبەربکەم ئەگەرچی ھەوڵی زۆرمدا ،لەگەڵ ئەوەشدا لەھیچ چالاکیەکی تایبەت بەپێکەوەژیان و ئازادی ئاینی بەبێ نوێنەرانی کاکەیی بەشدار نەبوم.

ھەشتەم:جێگیرکردنی بنەماکانی تەسەوف و نیشتمانپەروەری لەپرۆگرامی خوێندنی ئیسلامی سەر بەوەزارەتی ئەوقاف و ڕوبەڕوبونەوەی فکری توندڕۆیی و تەکفیرکردن لەھەردو کابینەی چوارەم و پێنجەمی حکومەتی ھەرێمدا.

نۆیەم:پێکھێنانی تیمی پێکەوەژیانی ئاینەکان لەوەزارەتی ئەوقاف کە لەنوێنەرانی ھەشت ئاینی کوردستان پێکھاتبو و جگە لەبەشداریمان لەکۆڕ و کۆبونەوە و کۆنگرە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان،سەردانی مەیدانی و ھاوکاریمان ھەبوو بۆ سەنگەرەکانی پێشمەرگە لەشەڕی دژ بەداعش و سەردانی بەرپرسە جیاوازەکانی وەزارەت و دامەزراوە حکومی و ناحکومیەکان و پەرلەمان و کەسایەتیە ئاینی و کۆمەڵایەتیەکان لەھەمو ناوچەکانی کوردستان بۆ قوڵکردنەوەی پرەنسیپەکانی پێکەوەژیان لەھەرێمی کوردستاندا.

دەیەم:پێشکەشکردنی ھاوکاری مرۆیی وەک سەبەتەی خۆراک و دیاری منداڵان و نەوتی سپی و کۆمپیوتەر و ئایپاد و جانتا و کەرەستەی قوتابخانە بۆ منداڵە قوتابیەکان لەرێگەی رێکخراوە خێرخوازی و کەسایەتیە ئاینیەکانەوە بە ھەزاران منداڵ و خێزانی ھەژاری کوردستان.

یانزەیەم:ئامادەکردنی کارنامەی وەزارەتی ئەوقاف لەھەر حەوت کابینەکەی حکومەتی ھەرێم کە کارم تێداکردوە.

دوانزەیەم:ھاوکاریکردنی سەدان قوتابی ماستەر و دکتۆرا و قوتابیانی کۆلیژەکانی شەریعە و راگەیاندن بەکتێبی پیرۆزی ئاینە جیاوازەکان بۆ ئامادەکردنی نامەی زانستیان و پێدانی زانیاری و ژمارە و داتای دروست لەسەر ھەموو دامەزراوەکانی وەزارەتی ئەوقاف بۆ سەرجەم کەناڵ و ناوەندە میدیاییەکان بەبێ جیاوازی بەبێ ئەوەی ھێشتا یاسای پێدانی زانیاری بەڕۆژنامەنوسانیش لەپەرلەمانی کوردستانەوە دەربچێ.

سیازدەیەم:ھەڵگرتنی خانەی ئاین لەناسنامە(کارتی نیشتمانی)عیراق کە بەداخەوە لەھەرێمی کوردستان رەتکرایەوە بەڵام ساڵی ٢٠١٦ حکومەتی عیراق جێبەجێی کرد و لەھەرێمی کوردستانیش بەناچاری قبوڵکرا.

چواردەیەم:پێشنیاری ھەڵوەشانەوە یان چاکسازی و تەرشیقکردنی وەزارەتی ئەوقاف لەکابینەی شەشەمی حکومەتی ھەرێم کە بەداخەوە نەک جێبەجێ نەکرا بەڵکو بەھۆیەوە بۆ ماوەی ساڵێک لەپۆستی بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف لادرام.

پانزەیەم:پرۆژەی رێکخستن و بەئەلیکترۆنیکردنی بانگی مزگەوتەکان لەکابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێم کەئەگەرچی تا ئێستا بەکردەیی نەچۆتە بواری جێبەجێکردن بەڵام لەچەندین مزگەوتی کوردستان بەم سستمە ئەلکترۆنیە کاردەکرێ و بەدەنگێکی خۆش و لەکاتی خۆیدا بانگ دەدرێ.

شانزەیەم:پێشنیاری مەرجی دروستکردنی قوتابخانە یان نەخۆشخانە یان خانەیەکی بەساڵاچوان لەلایەن ھەر خێرخوازێکەوە کەبیەوێ مزگەوت دروست بکات .

حەڤدەیەم:وەک پرەنسیپێکی مرۆیی و ئەخلاقی بەدرێژایی کارکردنم چ لەوەزارەتی ئەوقاف (بەپێی یاسا و رێنماییەکان)چ وەک رۆژنامەنوس و میدیاکار لەکەناڵەکان بەرگریکارێکی سەرسەخت بوم لەمافی کەمینە و پێکھاتەکان و مافەکانی مرۆڤ بەھەردو ڕەگەزەوە و سەرەرای ئەو ھەمو تەکفیر و ھەرەشە و گوشارەی لەم 28ساڵە بەھۆی ئەم بەرگریکردنەوە لەسەرم بوە،بۆ یەک جاریش پاشەکشەم لەم پرەنسیپە مرۆڤایەتیە نەکردوە چونکە پێموابوە لەپێناو مافی یەکسانی ھاوڵاتیبون،ھەمیشە دەبێ زۆرینە بەرگری لەمافی کەمینە بکات .

تێبینی:لەھەمو ئەم پێشنیار و پرۆژانەدا راوێژ و گفتوگۆم لەگەڵ ژمارەیەک لەمامۆستایانی ئاینی و شارەزایانی شەریعەت کردوە.


AM:03:23:27/08/2023