فۆرمی میدیا سیاسییەکان: لۆجیکێکی نیشتمانی ون
لاوك سەڵاح


ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە بە دوای لۆجیکێکی ستاندەرد بۆ میدیا بگەرێین؟ ئایا میدیا خاوەنی ئەو لۆجێکە پیشەییە و ویژدانە زیندووەیە کە راستی دەگوێزێتەوە؟ یاخود بەشێکە لە گەمە سیاسییەکە و پەیامی خۆی ون کردووە؟ چی بکرێت بۆ ئەوەی میدیا ئیشە ئەسڵییەکەی خۆی بکات و خۆی ناشرین نەکات؟ ئایا دەتوانین یارمەتی میدیا بدەین ببێتە خاوەنی لۆجیکێکی پیشەیی نیشتمانی؟ ئایا کەلێنی نێوان تیۆر و پراکتیزەی نێو میدیا بە بوونی لۆجیکێکی نیشتمانی بۆ میدیای سیاسی چارەسەری گرفتەکە دەکات؟

ئەم کۆمەڵە پرسیارانە بایەخیان چییە؟ جەنگەکان و ململانێکان و پێشبرکێکان لەگەڵ لوورەی با و دەهۆڵی وەیشوومەکان، پانتاییەکانی میدیا داگیر دەکەن و میدیا دەخەنە "بۆسە"وە و کەسانێک پەیدا دەبن سەریان بۆ گەمە سیاسییەکان دەخورێت و لە بری بیناکردنی کایەکەی گرنگ لە پرۆسەی دیموکراسیدا، دێن میدیا مۆنۆپۆل دەکەن و لە بری ئەوەی بەهای بۆ زیاد بکەن، لەسەری دەژین.

پێش وەخت با بزانین مەبەست لە لۆجیکی نیشتمانی بۆ میدیا چییە؟ لۆجیکەکە بریتییە لە کۆی ئەو بنەما و رێکارە ستاندەردانە کە کۆمەڵگە لە پرۆسەی گەشەسەندندا لەگەڵ خۆی و هاوشان بەخۆی پەرەی پێدەدات، بۆ ئەوەی خۆی لە ئاوێنەیەکی بێگەردا ببینێتەوە، ئەی ئەگەر ئەو ئاوێنەیە گەردی لەسەری نیشت، لەو دۆخەدا یەکێک لە شیرازەکانی کۆمەڵگە دەشێوێت، هەر بۆیە ئێمە بۆ ساڵ زیاترە کار لەسەر پرسەکانی پەیوەندیدار بە میدیاوە لای خۆمان دەکەین، بە هیوای ئەوەی مانا پیشەییەکانی میدیا بەسەر لێکدانەوە سیاسی و کەلتووریە چەواشەکاندا زاڵ بێت، ئەگەر ئەمە بێتە دی، کۆمەڵگە ورد وردە دەچێتە سەر راستەرێی بیناکردنی پرۆسەیەکی دیموکراسی جیاواز، ئەمە پرۆسەیەکی سەختە بەڵام کاری کردەیە.

با سەرنجێکی خێرا بدەین لە فۆرمی ئەو میدیایانەی کە لە ئێستادا لای ئێمە هاتونەتە بەرهەم؛  نموونەی یەکەم؛ هەندێ لە پارتە سیاسییەکان لە دووریانی سیاسیدان، پەیامی میدیای خۆیان قەتیس کردووە، تا رادەی ون بوون، دووڕیانی سیاسی، ئەنجامی کارنەکردنە لەسەر فیکری سیاسی کە کاری میدیا ئاسان دەکات و دەبێتە ئەو ئامرازەی کە زەمینە بۆ نەخشاندنی ئەو فیکرە سیاسیە دەرەخسێنێت، ئیتر چەپرەو یاخود راسترەو بێت. لەم دۆخدا میدیا تەنیا و هەتیوە، شەرم لە خۆی دەکات، لەبەرئەوەی نازانێت بەرگری لە کێ بکات.

لەم دۆخەدا ئەو لۆجیکە ونە کە گوزارشت لە بەرنامەی سیاسی دەکات. لەم فۆرمەدا، لە نەبوونی ئەو فیکرە سیاسییەدا، میدیا یان ئەرکێک دەکات کە پسپۆری ئەو نییە، یاخود گرفتی شوناسی هەیە و نازانێت چی بکات و یارمەتی چ بەرنامەیەکی سیاسی بدات، ئەم دووڕیانە زیاتر لە هەردوو سەنگەری حوکمڕانی و ئۆپۆزسیۆندا  دەردەکەوێت، بە ئاسانی ئەم فۆرمە لە میدیا ناتوانێت خۆی ساغ بکاتەوە، لەبەرئەوەی ناکۆکە لەگەڵ فیکری سیاسی خۆی یان لێکدانەوەی هەڵە بەرهەم دەهێنێت بۆ فیکری سیاسی خۆی. لەم دۆخەدا ئەم فۆرمە لە میدیا "قوربانی"یە و پێویستی بۆ لۆجیکێکی دیکە هەیە تاوەکو میدیا بکاتە میدیایەکی نیشتمانی.
 
لە فۆرمی میدیای پارتی سیاسی دووەمدا، میدیا کار بۆ بەشێک لە ئەکتەرەکانی نێو حکومەت دەکات وەک ئەوەی ئەو بەشدار نەبێت لەوەی کە هەیە، ئەو لێكدانەوەیە بە هاوڵاتی دەبەخشێت کە ئەو بەرپرس نییە لە هەموو ئەوەی کە هەیە، ئەو بەرپرسە لە نیوەی ئەرکەکە و هەمیشە خۆی تەبەرا دەکات، ئەم فۆرمە لە میدیا بە لۆجیکێکی سیاسی تایبەت ئیش دەکات کە ئەرکی سەرەکی میدیا ون دەکات.

پەیامی میدیا لێرەدا نیوەچڵە پێویستی بەو لۆجیکە کامڵە هەیە تاوەکو لەم دووڕیانەدا نەمێنێتەوە، پێویستی بە لۆجیکێکە کە باڵێکی فراوان بۆ هەموو پرسەکان بۆ هەموو ناوچەکان بکاتەوە و بەرپرسانەتر مامەڵە بکات.  

فۆرمی سێهەمی میدیای پارتی سیاسی ئەوەیە کە هەر ئەوەندە توانای هەیە کە کار لەسەر میراتی سیاسی وەک خۆی بکات و ناتوانێت بەهای ئیستا بە مێژووە ببەستێتەوە، میراتی سیاسی وەک خۆی، وەک بەشێک لە رابردوو دەخاتە روو، ئەم جۆرە لە میدیایە دەگەرێت بە دوای توانایەکی نوێدا بۆ ئەوەی لە دۆخە سیاسیەکە دەربچێت بەڵام نازانێت چۆن.

ئەم فۆرمە لە میدیا گینگل دەدات بۆ ئەوەی رۆحێک بکات بە بەری مێژوو و رابردوودا، ئەم فۆرمە لە میدیا هەموو شتێک وەک خۆی قبوڵ دەکات، وەک ئەوەی کە هەیە، بێ ئەوەی ئاراستەکان دەوڵەمەند بکات. لێرەش لۆجیکێکی دیکەمان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ مێژوو و میراتی سیاسی پێویستە. لۆجیکێک کە رابردوو بە ئێستا و ئاییندەوە ببەستێتەوە و سوود لە وانە و عیبرەتەکانی مێژوو وەربگرێت.

فۆرمی چوارەمی میدیای سیاسی ئەوە فۆرمەیە کە ئاراستە سیاسییەکان و ناوەرۆکی زانیارییەکان چەواشە دەکات و دەیانقرتێنێت، لە نێو رستەکاندا، پەیامێکی پەنهان هەیە کە گومانی سیاسی دەگوێزێتەوە و خەمی گشتی دەکاتە گەمە بۆ یاریکردن بە ئاستی وشیاری هاوڵاتی. ئەم فۆرمە لە میدیا سەختە و بە ئاسانی لۆجیکێکی نیشتمانی بەرهەم ناهێنێت و کورت مەودایە و زۆر بە ئاشکرا سیاسەت بە میدیاوە دەکات.

لە دەرەوەی پارتی سیاسی جۆری دیکەمان لە فۆرمی میدیای سیاسی هەیە کە پرۆژەی شەخسی کەسەکانە، تێیدا میدیا وەک ئامراز بۆ نەخشاندنی دید و بیرورای سیاسی تاکەس بەکار دێت. ئەم فۆرمە لە میدیا کاتییە، هەر ئەوەندەی بەرژوەندی کەسەکان گۆرا، رۆڵی میدیا دەپوکێتەوە و ئامانجی میدیاکەش دەگۆردرێت. لەم دۆخەشدا لۆجیکی کاری میدیا ونە. لێرە ،ئاسانترە ئەو لۆجیکە نیشتمانییە بیتە بەرهەم ئەگەر میدیا خۆی لە بەرژوەندییە سیاسی و ئابووریەکان پاراست، خۆ رەنگە ئەو بەرژوەندیانە شەرعیەتی نیشتمانی بەدەس بهێنێت ئەگەر لە کاری میدیاوە بڕوانێتە سیاسەتەوە، نەوەک بە پێچەوانەوە.

 بۆ دەربازبوون لەو دۆخانەی سەرەوە، پێویستمان بە پرۆژەیەکی میدیای جیاواز هەیە کە لەگەڵ ئەو فۆرمانەی سەرەوە هاوشان کار بکات و لە هیچ روویەکەوە نەکەوێتە ژێر کاریگەری هیچیان، بەڵکو سوود لە پێگەکانیان وەربگرێت وپرۆژەیەکەی دیکە بخاتە روو، لە راستیدا، ئەم پرۆژەیە پێویستی بە داراییەکی زەبەلاح هەیە و کەس ئەو سەرکێشییە قبوول ناکات.

ئەگەر ئەوە، لە ئێستادا، کاری نەکردەیە، ئایا هیچ هەوڵێک لە ئارادایە بۆ بەرهەمهێنانی لۆجیکێکی پیشەیی نیشتمانی بۆ میدیا. ئەو لۆجیکە پیشەییە لە کوێوە دێتە دی، ئەو لۆجیکە لە پەرەپێدانی ناوەرۆکی سیاسی میدیا و پتەوکردنی ئادای سیاسی میدیا کە دوو کۆڵەکەی سەرەکیین، دێتە بەرهەم.

خالێکی دیکەی گرنگ، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی داهاتوودا دەبێت کار لەسەر بەرهەم هێنانی ئەو لۆجیکە بکەین، ئەوە ئەگەر کاری لەسەر نەکرا بێت، بۆ نموونە، پرسی پێکهاتەکان؛ ئایا میدیاوانەکان، لۆجیکێکی فراوانیان گەڵاڵەکردووە بۆ تیشک خستەنە سەر نوێنەرایەتیکردنی پێکهاتەکان، لانی کەم، مافی ئەم پێکهاتانە وەک "وجود" یان دەربخات نەوەک هەر کەرەسەیەکی سیاسیبن بەدەست پارتە سیاسییەکانەوە.

ئایا میدیا تا چەند دەتوانێت پلانێکی کارپێکراو بۆ ئەمان بێنێتەوە ئاراوە کە لە لایەکەوە بەشێک نەبێت لە گەمەی سیاسی و لە لایەکی دیکەوە دەنگدەر رازی بکات کە پێکهاتەکان رەمز و بەرجەستەکردنی  چەمکی پێکەوە ژیانن.

لێرەدا، راستە، میدیا دێتە ناو گەمە سیاسییەکەوە بەڵام ئەوەی گرنگە نەبێتە ئامرازێک بۆ سڕینەوەی کەس. لەم قۆناغەدا، دەبێت میدیا وەک ئەکتەرێکی سیاسی کە بەشێکە لە ئامرازی گەشەسەندنی کۆمەڵگە دەرکەوێت. میدیا وا بەکار نەیەت کە ببێتە ئامرازێک بۆ نەخشاندنی ئەجێندای گروپە سیاسییەکان و پاراستنی بەرژوەندییە ئابوورییەکان.

بەر لە هەڵبژاردن، کە زۆری نەماوە، گرنگە لۆجیکێکی نیشتمانی پیشەیی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن دابرێژین، لانی کەم، لە هەڵمەتەکانی رابردووە عیبرەت و وانەیەکمان هەبێت. پرسیاری سەرەکی ئایا میدیا لە نەبوونی بەرنامەی سیاسی نوێی پارتی سیاسیدا دەتوانێت رۆحێکی زیندوو بکات بە بەری خۆیدا یاخود لە دۆخی نائومێدیدا دەمێنێتەوە؟ ئەمە بەشێکە لە پرۆسەی گەراندنەوەی متمانەی سیاسی و متمانەی دەنگدەر بە پرۆسەی سیاسی.

پوختەی قسە:
ئێمە میدیایەکمان دەوێت نیشتمانی بێت، لە هەر پێگەیەکەوە بێت، واتە وەک ئەمری واقیع، گرنگ نییە سەر بە هەر پارتێکی سیاسی بێت، میدیای نیشتمانی، میدیایەکی پسپۆرە، کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئاراستەی سیاسی هەیە، میدیای نیشتمانی قوربانی گەمە سیاسییەکان نییە، بەڵکو پرسە گشتییەکان و نیشتمانییەکان لە گەمەی سیاسی قووتار دەکات، بۆ نموونە کە رۆژنامەنووس دەنێریت بۆ بەغدا کاری هەر ئەوەندە نەبێت کە ژمارەت پێ بڵێ و تەنها باس لە هات هاتی مووچە بکات، رۆژنامەنووس دەبێت یەکەم پاشخانێکی دارایی هەبێت و ژمارەکان لە گەمەی سیاسی قووتار بکات و بە مافە دەستوورییەکانی بپێوێت.

رۆژنامەنوس کە باس لە قاش کردنی شاخی گۆیژە دەکات، دەبێت توانای یاسایی هەبێت کەیسێکی یاسایی پێکەوە بنێت و نوێنەرایەتی کۆمەڵگەی مەدەنی بکات، رۆژنامەنووسێکمان دەوێت پسپۆر بێت لە ژینگەدا، عاشقی ژینگەکەی بێت و خۆشەویستی نیشتمان لە رێگەی پێشبینیەکانییەوە بەرجەرستە بکات.

رۆژمانەنوسێکمان دەوێت هێندەی ئەندازیارێک پێمان بڵێ کە پردێک یاخود خانویەک دروست دەکرێت چەند تەن جێمەنتۆی تێدا خوراوە. میدیاوان و رۆژنامەنوسی نیشتمانی شەرانگێز نییە، ئەو سیاسی و بڕیار بەدەست خەجاڵەت دەکات، ئەوە بە بەرپرس دەڵێت زەنگی ترسناک لە منەوە و کاری دەستبەچی لە تۆوە.

AM:03:28:10/06/2024