میکیاڤیللی
دیدێکی ھەمەلایەنەترو خوێندنەوەیەکی جیاواز
میكیاڤیلییه‌كێكه لە بیرمەندو سیاسەتمەدارە بەناوبانگەکانی ئیتالیای سەردەمی بوژانەوەو ژانی لەدایکبوونی دنیای نوێ . هه‌ر له سه‌ده‌ی شانزه‌وه یەکێکە لەو بیرمەندانەی كاریگه‌ری زۆری به‌سه‌ر زانستی سیاسی و خه‌یاڵدانی زۆرێك لە سیاسه‌تمه‌دارانی جیھاندا جێ هێشتووه. لە بیرکردنەوەی زۆرینەشدا، ڕەمزێکی پێشڕەوو بانگەشەکاری شەڕو خراپە وخوێنڕێژی و ژێرپێدانی سەرەتاکانی ئەخلاقە لە ژیانی سیاسی و پێگەی حوکمرانیدا. رەنگە کەم نەبن ئەوانی زانیاریان دەربارەی ئەم کەسێتیە کاریگەرە، لەو وێنایەی سەرەوە تێپەڕنەکات! به‌ڵام لە ڕاستیدا بیرورا‌و فیکری و سیاسیەکانی زۆر لەوە فروانترن. ھەر بۆیە پێویستە ئێمەش دیدمان بۆی فراوانتر و گوتەزا بەناوبانگەکەشی(ھەموو شت و ئامرازێك لە پێناو گەیشتن بە ئامانجدا ڕەوایە) بخەینە چوارچێوە مێژوویی و فیکریەکەی خۆیەوە.
لەم پێناوەشدا دەبێت دوو جۆر میکیاڤیللی لە یەکتری جیابکەینەو؛ یەکەمیان میكیاڤیلییه‌كی كورتكراوه له گوته‌زا به‌ناوبانگه‌كه‌ی سەرەوە، واتە له پێناو گه‌یشتن به مه‌به‌ست هه‌موو شتێك ره‌وایه، له‌وانه‌ش هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و وێرانكردن و خوێنڕێژی و په‌یمانشكێنی و پێشێلكردنی به‌ها ئاینی و ئه‌خلاقیه‌كان؟!. له‌م وێنایه‌دا میكیاڤیلی سیمای دووه‌می شه‌یتان و ڕێگە نیشاندەری خراپەکاریە.میكیاڤیلی دووه‌م ، میكیاڤیلی بیرمه‌ندی سیاسی و سیاسه‌تمه‌دار و نیشتمان په‌روه‌ری ئیتالیایە، کە بەقوڵی لە خەمی ڕزگارکردن و یەکگرتنەوەی نیشتمانەکەیدابووەو لەھەر دوو ڕووی فیکری و سیاسی و تەنانەت سەربازیشەوە بۆ بەدیھێنانی ئەم ئامانجە خەباتی کردووە.
له‌م وێنایه‌دا میکیاڤیللی سیما و وێنا‌و کەسێتی و رۆڵێکی تری ھەیەو دەکرێت بیخوێنینەوەو سودی لێ وەربگرین. ئه‌و شه‌یتانه نیه كه كه‌سانی وه‌كو ناپلیۆن و ستالین و فریدریك و هیتله‌ر و چەندین سەرکردەی ستەمکارو دکتاتۆری تر لە جیھاندا کردویانە و دەیکەن بەسەرچاوەی ئیلھامی شەڕەنگێزانەو خوێنڕێژانەی خۆیان و پاساو دانەوەی تاوانە قێزەونەکانیان.له ڕاستیشدا ئەگەر میكیاڤیلی وه‌ك خۆی تێی بگه‌ین و بیخوێنینه‌وه، بیرمه‌ند و سیاسه‌تمه‌دارێك بووه، ھەروەك وتمان ئامانجی ھەرە گەورەی كۆتاییهێنان بووه به دابه‌شبوونی ئیتالیا و یه‌كگرتنه‌وه‌ی و به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی شكۆ له‌ده‌ست چووه‌كه‌ی، کە به‌هۆی ململانێ و خۆپه‌رستی ناوخۆیی و ده‌ستدرێژی و داگیركاری ده‌ره‌كیه‌وه لەدەستی دابوو. ئه‌و مه‌به‌ستی بوو (میر)ێك ئه‌ركی پێشەنگی و یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئیتالیا و ئیتالیه‌كان بگرێته ئه‌ستۆ، له‌پێناوی بەدیھێنانی ئەو ئامانجەشدا، سڵ له هیچ شتێك نه‌كاته‌وه.
ره‌نگه رێگه به خۆم بده‌م و بڵێم، ئه‌و به كورتی ده‌یگوت؛ خۆپه‌رستی و گه‌نده‌ڵی به شێوه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه سه‌رجه‌م دام و ده‌زگا ئاینیی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی گرتۆته‌وه و رۆحی شكۆمه‌ندی له تاك و كۆمه‌ڵگه‌دا سڕكراوه. سیاسه‌ت به كرده‌وه له ئه‌خلاق و دین دابڕاوه و چۆته خزمه‌ت ئامانج و ده‌سته و تاقمی مشه‌خۆر و خۆپه‌رستەوە.
پاپایەتی و دامەزراوەی کەنیسە کە بەناوی دین و ئەخلاقەوە پەرە بە سیاسەتەکانی خۆیان دەدەن، بەشێکی گەورەی کێشەکە پێکدەھێنن، خۆیان دامەزراوەیەکی گەندەڵن. ئەخلاقی مەسیحیەتیش لەسایەی تێروانین و بیرکردنەوەی ئەم دەزگایەدا بووە بە ڕستێ ئامۆژگاری بێ گیان بۆ شکاندنی ئیرادەی مرۆڤ و کوشتنی گیانی ھەست بەھێزو سەربەرزی تیایدا. بۆیه بە لایەوە گرنگ بوو میرێ په‌یدا ببێت، ئاسۆی بیركردنه‌وه‌ی له سنووری میرنشین و ده‌ستكه‌وته تایبه‌تیه‌كانی قه‌تیس نه‌دات و كاری دڵسۆزانەو نەبەردانە بۆ یه‌كگرتنه‌وه و رزگاركردن و دووباره بیناكردنه‌وه‌ی ئیتالیا بكات، له‌م پێناوەشدا لە مەنزومە فکری و ئەخلاقیە بە دروشمکراوە زاڵەکە یاخی ببێت و ھیچ یەکێ لەوانیش لە گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکەی ساردی نەکاتەوەو ھەموو ھۆکارو ئامرازێکیش بەرەوا بزانێت.
چونكه له‌ڕوویه‌كه‌وه هه‌مان ئەو وه‌سیلانە له‌پێناو ئامانجه نزم و تاکەکەسی و گروپیە‌كاندا بەکار دەھێنرێن. واقیعی سیاسیش وایەو ئەم تەنھا پەردەی لەسەر ھەڵماڵیوەو بەناوی خۆیەوە ناوی ناوەو بێ ئارایش خستویەتیە روو.له ڕوویه‌كی تریشه‌وه، به گشتی ده‌وڵه‌تان له سه‌ره‌تاوه هه‌ر به‌و جۆره دروستبوون و داده‌مه‌زرێن. دۆخەکەش ھاوزەمان بوو لەگەڵ سەرەتای ژانی لەدایکبوونی دەوڵەتە نوێکانی ئەوروپاو لاوازبوونی پایەکانی دامەزراوەی کڵێساو ئیمپراتۆریەت.
مکیاڤیللی لەم دۆخەداو بۆ ئەو ئامانجە لەکتێبەکانی خۆی و لەوانەش کتێبە بە ناوبانگەکەی (میر)، دەست و پەنجە لەگەڵ کێشەو فۆرمی حوکمڕانی وڵاتەکەی و ئەو قۆناغەی مێژووی گەشەکردنی خۆرئاوادا نەرم کردووە. ھەڵسەنگاندنی کردووەو ڕەخنەی گرتووەو پێشنیاز‌و چارەسەری پێشکەش کردووە. کە پێمان وایە بەشێکی بۆ ئێستای کۆمەڵگەی ئێمە بەسودن و دەکرێت بۆ تێگەیشتنی زیاتر یارمەتیمان بدەن، لە سۆنگەی جیھانی بوونی بەشێك لە کێشەکانی سیاسەت و دەسەڵات و پەند وەرگرتن لە مێژوو و ئەزمونی گەلان و بیرمەندە ڕەچە شکێن و چاودێرەکان.به كورتی میكیاڤیلی له كتێبی میردا کورتناکرێتەوە، چونكه چه‌ندین كتێب و دانراوی تری هه‌یه، (میر)یش ته‌نها له‌و گوته‌زایه‌ی پێشوودا كورت نابێته‌وەو لەخۆگری زۆر مەسەلە و بیروڕای جۆراو جۆری ترە. لەخوێندنەوەی ورد‌و بابەتیانەی میریشەوە تێدەگەین، کە میکیاڤیللی جوڵانەوە بەگوێرەی گوتەزا بەناو بانگەکەی، بەدۆخی ئاسایی حوکمڕانی نازانێت بەڵکو بەستویەتیەوە بە دۆخە ئاوارتەکانەوە. ھەروەك لە ھەڵقەکانی داھاتووی ئەم زنجیرە وتارەدا لەروانگەی بیروراکانی ئەوەوە جوانتر لەم خاڵە تێدەگەین و دەیبینین. بە رەھایش دژی خوا‌و ئاین و ئەخلاق نەبووە، بەڵکو دژایەتی فۆرمێکی دیاریکراوی ئاین و ئەخلاقی کردووە بۆ ئامانجێکی دیاریکراو‌و لەچوار چێوەی قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراویشدا قسەی کردووە.
لە بەشێ لە بیروڕاکانیشیدا پەردەی لەسەر واقیعێکی بەدرۆ بە دین و ئەخلاق داپۆشراو ھەڵماڵیوە، دڵرەقی و خوێنڕێژی و رەفتاری بێ بەزەییانەو پەیمان شکێنی و فێڵ و ھەڵخەڵەتاندنیش لەدنیای سیاسەتدا، بەکتێبی میر دەستی پێ نەکردوەو مێژویەکی دوور‌و درێژی ھەیە. دوای ئەویش کتێبەکەی ئەو ببوایە یان نا ھەر بەردەوام دەبوو با لەم بوارەشدا دەوری ھەبووبێت و سودی خراپی لێ وەرگیرابێت. لەڕوویەکی ترەوە ئەو کارێکی باشی کرد لە دۆخێکی لەو جۆرە شێواو گەندەڵی سیاسی و ئاینیدا، سیاسەتی کرد بە زانستێکی دنیایی و تاوان و خوێنڕێژیەکەی دنیای سیاسەتی شی لە ئاسمان و خوا‌و ئاین دابڕی و خستیە ئەستۆی دەسەڵاتدارەکانەوە.
لە بیریشمان نەچێت ئەو لەسەردەمی دووبارە گەشانەوەی دیموکراسیدا نەژیاوە، گەرچی ھەندێ ئاماژەی کاڵیش لەنوسینەکانیدا لەم ڕوەوە بەدی دەکرێت، سەردەمی ئەو ھاوکات بووە لەگەڵ سەرەتای سەرھەڵدانی بەراییەکانی ناسیۆنالیزم و ھەوڵدان بۆ دروستکردنی دەوڵەتە ناوەندیە بەھێزو ستەمکارە نوێکان. مەبەستمانە بڵێین لە چوارچێوە سروشتیەکەی خۆیدا میکیاڤیللیزم بخوێنینەوە.
کاتێك دکتاتۆرێك لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی بەھێزو یەکگرتوودا، لەسەدەی نۆزدەو بیست (میر )بەکاردێنێ بۆ ڕەوایەتیدان بە مانەوەو درێژە پێدانێکی خوێناوی بە دەسەڵات، لەسەردەمی دیموکراسیدا، خیانەت بە میکیاڤیللی دەکات و لە سیاق و ئەرکە مێژوییەکەی خۆی دەری دەکات. ئێمە لەسەردەمی خەبات بۆ دەستورسالاری و سنوردارکردنی دەسەڵاتی حوکمرانەکان و دیموکراسیدا، ئەو سودە لە قسەی سەرکردە سیاسیە خۆسەپێنەرو خوێنرێژەکان وەردەگرین، کە ئەوەی بەو جۆرە بێت لەمێژوودا دەژیت و دژ بەیەکە ھاوچەرخەکانی حوکمڕانیەکی باشەو شایستەیی حوکمرانی لەدەست داوە.
ماوەتەوە بڵێین، ھەندێ لە سەرکردەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھانیشدا، بەناوی رزگاری یەکگرتنەوەی نەتەوەییەوە، قوتابیەکی گوێڕایەڵی وێنای یەکەمی میکیاڤیللی بوون کەچی لە جیاتی نەتەوەسازی و یەکگرتنەوەی نەتەوەیی ھێندەی تر جەستە نەتەوەییەکەیان بەرەو داڕزان و ھەلا ھەلابوون برد!! لە کاتێکدا ئەوەی بەلای میکیاڤیللیەوە گرنگ بوو، ئامانج بوو نەك ئامراز، بەمانایەکی تر، کاتێك دڵرەقی و خوێنرێژی و پەیمانشکێنی و ھەڵخڵەتاندن، دەبنە ئامرازی زەلیلکردن و ھەڵوەشانەوەو لەناو بردنی یەکیەتی نەتەوەیی و شکاندنی کەرامەتی رۆڵەکانی، ئەو کاتە ھەر بەخودی لۆژیکە میکیاڤیللیەکە، ڕەوایەتی لەدەست دەدەن. بەدیوەکەی تردا، ھەرکاتێك ئەو ئامانجە بە شێوازی تر ھاتە دی، نابێت پەنایان ببرێتە بەر.
-peyam