سپییەکانی ناو ڕەش!..
د.سالار عوسمان

ھەر کورد نا، دڵنیام ھەموو ئەوانیتریش، بە پیتی ڕەش، بە خەم و کۆڤانەوە، باس لە ساڵی 2020 دەکەن و بە ئومێدەوەیش، پیتە سپییەکانیان دەکەنە ڕستەی نزا بۆ ساڵی 2021، بۆیە زۆربەی نووسینەکان وێکدەچن و سروشتی ئەم سۆشیاڵ میدیایەیش ھەروایە، وەک ئەوەی ھەموومان بمانەوێت کۆپی یەکەم تێکست و یەکەم ئیحساس و یەکەم ھاوار بکەین، وێکچوو دەئاخفین و ویکچوو دەنووسین و وێکچوو وێنەکان دەگوازینەوە، ھەمیشە تێکستی یەکەم، ئیحساس و ھاوار و وێنەی یەکەم، ئەوانیتر دادەپۆشێت و زاڵە بەسەریاندا، تایبەت لەو جوگرافیایانەی، کە بیرکردنەوە تیایاندا غائیبە، کە کوردستان، بەداخەوە یەکێکیانە !.


کوردستان جوگرافیای بیرنەکردنەوەیە، کێ یەکەم قسە بکات، ھەموو دەیڵێنەوە، بەڵام بە دابەشکارییەوە، چونکە کوردستان خۆی یەکپارچە نییە، تا یەکپارچە دەقیش بخاتەوە، بۆیە بە دابەشکراوییەوە، دابەشکراوییەک، کە سیاسییەکان لێی بەرپرسن، ھەموومان یەکەم قسە، یەکەم وێنە و ھاوار و ئیحساس و دەق دووبارە دەکەینەوە و لەم زایەڵەیەشدا، ھەموومان ماندووین، ماندووین تا ئاستی قێزلێبوونەوە لە ئافاتی بیرنەکردنەوە !.. ئاخر میللەتێک بیر نەکاتەوە و خۆی رادەستی یەکەم دەق، یەکەم ئیحساس و یەکەم ھاوار و وێنە و قسە بکات، لە نێو ئافاتی بیرنەکردنەوەدا نوقم دەبێت و بێسەر ھێزی بەرھەمداریی نامێنێت !..


نامەوێت ڕەشبینانە قسە بکەم، ناشمەوێت گەشبینانە، لێ لەسەر بەتاڵ قسە کەڵەکە بکەم، بەشێکی زۆری ئەو کەڵەکەسازییە بن بەتاڵانە وێران بوون، کە سەردەمانێک بە پاساوەوە دەمانگوت: گەشبینی بەشێکە لە ھێزی خوڵقاندن !.. لەوانەیە ئێستایش ھەمان گەشبینیم لە ڕۆحدا ھەبێت، بەڵام بە پرسیارکردن لە ھەبوونی کەرەسەکانی خوڵقاندن و بنیاتنان، کەواتە تەنێ گەشبینی ڕێگاکە تەواو ناکات، ئیدراک، تەدارەک و کەرەسەیشی دەوێت!..


ئەگەر ساڵی نوێ پڕیش بێت لە ڕەشی، لێ دەبێ، ئەوانەی بیردەکەنەوە، ئەوانەی نایانەوێت خۆیان ڕادەستی یەکەم تێکست بکەن، بگەرێن و لە نێو ڕەشدا ڕەنگەکانی تریش بدۆزنەوە، قودرەتی نوخبە لێرەدا وەدیاردەکەوێت، کە ھەمیشە ڕەنگێک دەبینێت، کە عەوام نایبینێت، قسەیەک دەکات، کە ئەوانیتر نایکەن، کەواتە ئێستا کاتییەتی جیاواز لەوانیتر، جیاواز لەم ھەموو کۆپییە، جیاواز لەم ئافاتی بیرنەکردنەوەیە، بپرسین:

⁃ ئەرێ ساڵی 2020 تەنیا خەم، کۆڤان، مەرگ، ناتەبایی سیاسی و خراپی گوزەران بوو ؟!..
⁃ ئەرێ بەڕاست، ئێمە لە نێو خەم، کۆڤان، مەرگ، ناتەبایی سیاسی و خراپی گوزەران، تەنێ رەشییەکان دەبینین، یان قودرەتی قووڵبوونەوەمان ھەیە و ڕەنگەکانی تریش دەبینین؟!..
بۆ وەڵامی بەلەزی ئەم پرسیارانە، دەمەوێت، زۆر بە کورتی بڵێم:


⁃ کۆڕۆنا فێری کردین دەبێ بژین، دەبێ گۆرانی بڵێین، دەبێ سەما بکەین، دەبێ باوەش بە یەکتردا بکەین و ئیتر ، ئەگەر مەرگ ئەوەندە نزیک بێت، چ مانایەک دەمێنێتەوە بۆ پیسکەیی، بۆ ئیرەیی و ڕقلێبوونەوە لە یەکتری ؟!.. بەڵام وانییە، ئێمە کۆڕۆنامان بینی، کەچی گۆرانیمان نەووت، مەرگمان بینی، کەچی ھێشتا ناتوانین باوەش بە یەکتردا بکەین و ھەر پیسکە و پڕ ئیرەیی، ڕق ھەڵدەرێژین و ناتوانین وێنە گەورەکە ببینین!..


⁃ ئێمە دەبێ لە نێو ڕەشدا بەدوای سپیدا بگەرێین، خەمەکان بکەینەوە خۆشی، مەرگ بکەینەوە ژیان، لە ناتەبایی سیاسیشدا فێر بین، بە ناتەبایی تا ھەر کوێ بڕۆین، ئەوە رێگا نییە و ڕێگا ئەوەیە پێکەوە بین، لە خراپی گوزەرانی خەڵکیشدا دەبێ فێربین، یا دەبێ ژیانی خەڵک چاک بکەین، یان دەبێ وەک خەڵک بژین !.. ڕێک دەمەوێت بڵێم: لەنێو ئەم ھەموو ڕەشییەدا ڕەنگی سپی ھەن، پەند و عیبرەت زۆرن و دەبێ لێیەوە فێربین، فێربین، کە ساڵی 2020 پڕە لە وانە و دەرس، ڕەشییەکانیشی پڕە لە ڕەنگ، بەڵام ئەوە کێیە قودرەتی ئەوەی ھەیە، کە عیبرەت لە وانە و دەرسەکان وەربگرێت و سپییەکانی نێو ڕەشیش بدۆزێتەوە ؟!..

-kurdistan24



AM:12:46:04/01/2021