میدیا و ساڵی نوێ لە عێراق
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ڕەنگە زۆرێكمان لە چركە ساتەكانی سەری ساڵدا چاودێری میدیاكانی جیهانمان كردبێت بۆئەوەی بزانین وڵاتان چۆن دەچنە نێو ساڵی نوێی "2021"ەوە و هاوڵاتیانی جیهان چۆن پێشوازی لە ساڵی نوێ دەكەن. یەكێك لەو وڵاتانەشی بۆ ئێمە گرنگ بوو تاكو ئەو چركە ساتە مێژووییەی ببینین، (عیراق) بوو. ئەوەی ئەم وڵاتەی لە تەواوی وڵاتانی جیهان جودا دەكردەوە؛ تەنانەت داخڵبوونیشی بۆ ساڵی نوێ هاوشێوەی وڵاتانی جیهان و ئەوروپا نەبوو. عیراق وڵاتێكە لە تەواوی وڵاتانی جیهان جودایە.

كاتێك لە میدیای عیراقی بە گشتی دەڕوانین،  تێدەگەین ئەم میدیایانە هاتنی ساڵی نوێ تەنها لە چوارچێوەی ئاهەنگ و موزیك و دانس و خواردنەوە كحولییەكاندا دەبینن بەبێ تێگەشتن لەوەی ساڵی نوێ بە كام هۆكار و بە چ وەسیلە و پاڵنەرێك ئەكرێت خۆش بێت بۆ هاوڵاتیان؟!  ئەم ئیشكردنەی میدیای عیراقی  گەلێك جودایە لە ئەو ئاهەنگ و شەوە سورانەی كە لای ئەوروپییەكان هەیە و دەیگوزەرێنن، لە ڕاستیدا ئەو ژینگە و دۆخە دەرونیەی گەنجێكی عیراقی تێیدا دەژی و گەورە بووە گەلێك جودا و ناهاوسەنگە لەگەڵ ئەو ژینگە و دۆخە دەرونیەی كە تاكێكی ئەوروپی تێیدا دەژی و گەورە دەبێت.

ئەوەی لە چركە ساتەكانی كۆتایی ساڵی 2020دا لە میدیای عیراقی بینیمان جێگای بڕوا نییە كاتێك تاكی عیراقی پیرۆزبایی ساڵی نوێ بكات و خۆشی دەرببڕێت، لە كاتێكدا ئەم هاوڵاتییە عیراقییە "تەنانەت تاكەكانی هەموو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش" نەك تەنها بە درێژایی ساڵ ناخۆشیان بینیووە بەڵكو بە درێژایی تەمەنیشیان لەو وڵاتانەدا ناخۆشیان چەشتووە و ئەستەمە چەند چركە و ساتێكی ڕاگوزەر هەموو ئەو ناخۆشی و خوێنڕشتن و تیرۆر و پێكدادانانەیان بیربباتەوە كە لە وێستگە جیاوازەكانی تەمەنیاندا بینیوویانە. بازدانی میدیا بەسەر ئەو واقیعە ناوخۆییەدا  كە عیراق و ناوچەكەی تێدا دەژی جگە لە یارییەكی نەزانانەی میدیاكار و یارییەكی زانایانەی سیاسییە عیراقییەكان، هیچیتر نییە.

بە دیوێكیتردا؛ لەم چركە ساتەدا میدیای عیراقی و "دواتر كوردستانیش" نەیانتوانی وێنە گشتییەكەی عیراق و واقیعی ساڵی ڕابردوو بەبێ دەستكاریكردن و شێواندن بگوازنەوە و پیشان بدەن. لەم كاتەدا میدیا عیراقییەكان ئەوەیان سەلماند كە میدیای ئامانج و ستراتیژە سیاسی و مەزهەبییەكانی عیراقن و ناتوانن لە واقیعی عیراقدا دەست بۆ هەموو ئەو خاڵ و پنتە تابۆو هەستیارانە ببەن كە هێشتا لە ژێر هەژمونی مێنتاڵێتی خێل و مەزهەبدایە و دەستكاریكردن و ئیش لەسەركردنی قورسە یان هەر زۆر مەترسیدارە.

میدیاكانی عیراق هەرچەندە لە شاشەكانیانەوە دیمەنی ئاهەنگ و گۆرانیان لە سەری ساڵدا پیشان دەدا، بەڵام ئەو ئاهەنگ و گۆرانی و موزیكە تێپەڕە بایی ئەوە دەستكاری واقیعی عیراق و هەرێمی كوردستان ناكات شەوە زەنگێكی چڕی ناخی تاكەكان دڕ پێ بدات و هەرەسی پێ بهێنێت و هەر لە واقیعدا ئەو ناخۆشی و بێتاقەتیەی كە دەرونی  تاكی عیراقی داگیركردووە بیگۆڕن بۆ ئاهەنگ و خۆشی. بەو پێیەی لە عیراقدا دیمەنی زاڵ و كاریگەر زۆرترین وێنەی پڕ تراژیدیا و ناخۆش و نائومێدكەر دەنێرێتە مێشكی تاكەكان و قانگیانی داوە، ئەوا شەوە ئاهەنگێكی سەری ساڵ ناتوانێت ئەم وێنانە لە مێشكی تاكی عیراقیدا بسڕێتەوە و تەواوی وێنە ناشیرین و دیمەنە ناخۆشەكان  بگۆڕێت بۆ دیمەن و وێنەی جوان.

-sharpress


PM:03:15:06/01/2021