لە ئەمریكا چی ڕویدا ؟
سەردار عەزیز

دوێنێ كاپیتۆڵ هۆڵ، كۆنگریسی ئەمریكی، جێگای سەرنجی دونیا بوو. پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات لە ئەمریكا لە چەندین دەیەو بگرە سەدەی ڕابوردودا هەرگیز مایەی سەرنج نەبوە، بەڵام دوێنێ دەستاودەستكردنی دەسەڵات، یەكێك لە بنەما سەرەكیەكانی دیموكراسی توشی قەیران بوو.

ئاپۆڕەكە خەڵكێكی تایبەت بوون. هەموو سپی پێست‌و هەڵگری سیمبول‌و دروشمی تایبەت. كۆمێنتارە ئەمریكیەكان نەیاندەزانی چۆن ناویان بنێن، چۆن بیانناسێنن. هەم روداوەكەو هەم ئەنجامدەرانی لەڕوی ناونانەوە مایەی كێشە بوو. ئایا ئەوەی ڕویدەدا كودەتا بوو، یان ناڕەزایی دەربڕین. كارێكی تیرۆریستی بوو، یان سیاسی؟؟ دەیڤید فرۆم كۆمێنتاری ناسراوی كۆمارییەكان وشەی پۆتچی ئەڵمانی بەكاردەهێنا. دیارە زمانی ئینگلیزی خۆی وشەی نیە بۆ كودەتا، كودەتا فەرەنسییەو پوتچ ئەڵمانییە، بەڵام هەردوكیان بەكاردێن.

كودەتا ئاماژەیە بۆ كارێكی ڕێكخراو، پوتچ هەتا ئاستێكی زۆر ڕێكنەخراوە. ئایا ئەوەی ڕویدا ڕێكخراوبوو، یان ڕێكنەخراو ؟ بێگومان بە هەموو شێوەیەك ڕێكخراو دیاربوو. ڕەنگە ئەوە گەردەلولەكە بێت كە ترەمپ باسی دەكرد.

ئایا كرۆكی مەسەلەكە چیە ؟
ئەگەر گوێ لە وتارەكەی ترەمپ بگریت زۆر شتت بۆ ڕون دەبێتەوە. ترەمپ دژ بە ناڕازییان نەبوو. پەیامی خۆشەویستی بۆ ناردن. بەپێی هەندێك سەرچاوە، تەنانەت ئامادەنەبوو ئەو قسانەش بكات، بەڵام بە فشار، خەڵكانی دەروبەری پێیان كرد. ترەمپ باسی ئەوە دەكات كە وڵاتەكەیان لێدزراوە.

ئەمە یەكێك بوو لە هاوارەكانی ناڕازییان، ئەو دزییە بوەستێنە. ئەوە چیە دەدزرێت ؟ دزی یانی بردنێكی نا شەرعی بە زۆر یان بە فێڵ. ئەمریكایەك هەیە كە بەرەو كۆتایی دەچێت. ئەمریكای سپی پێست‌و ئەنگلۆساكسۆن‌و پرۆتسانت. ئەم ئەمریكایە خاوەنی ئەمریكا بوە لە دۆزینەوەی ئەمریكاوە هەتا ئەمڕۆ. ئەمڕۆ نایەوێت دەستبەرداری بێت. بۆیە هەست دەكات دزی لێدەكرێت. 

دیموكراسی ئەمریكی هەر لە سەرەتاوە قەیرانی یونانی هەبوو. قەیرانی یونانی بە مانای ئەوەی كە دیمو، كە یانی خەڵك مەبەست لێی هەموو خەڵكانی ئەمریكا نەبوو، بەڵكو توێژێكی تایبەت بوو. ووردە ووردە ئەم توێژە تایبەتە بە ناچاریی‌و بە پێویستی بەسەر توێژەكانی تری كۆمەڵگادا كرایەوە، وەك خەڵكی ڕەش پێست، ئافرەت.

بەڵام ئەم كردنەوەیە بەو مانایە نەبوو، كە ئەوان خاوەن دەسەڵاتی ڕاستەقینە بن. بەڵكو ببنە بەشێك لە سیستەمێكی داڕێژراو. بەڵام ئێستا لە زۆر ڕوەوە ئەم وەرچەرخانە ڕودەدات، لەڕوی دیموگرافی، جوگرافی، كۆمەڵایەتی. وەك زۆری شوێنی تری دونیا خەڵكی ئەمریكا بە زۆری دەبنە خەڵكی شارنشین. خەڵكی شار خاوەن ئیپۆسێكی جودایە لە خەڵكی گوندو شارۆچكەكان. ئەم بەریەككەوتنە لە كۆمەڵگای كوردیشدا ڕودەدات. 

 ئەم ئەمریكایە كە ووردە ووردە لە ئاوابوندایە، لەلایەن چەندین گروپ‌و ڕێكخراو و میلیشیاوە، داكۆكی لێدەكرێت. سیمبول‌و خیتابی ئەمانە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆی ئەمریكی. 

ئەم خەڵكانە ئەمڕۆ هەست دەكەن نەك لەڕوی سیاسییەوە، بەڵكو لەڕوی ئابوری‌و كۆمەڵایەتی‌و ئەخلاقیشەوە ئەمریكایەك سەرهەڵئەدات كە لەگەڵ ئەواندا ناگونجێت. ترەمپ بەهیچ شێوەیەك سەر بەم خەڵكانە نیە. ترەمپ كەسێكی سێكویلاری، شاری، نمایشكارە. زۆربەی تەمەنی دیموكرات بوەو خەڵكی نیویوركە. بۆ زۆرینەی خەڵكی ئەمریكا نیویورك ئەمریكا نیە. بەڵام توانی ببێت بە نوێنەریان.

دیارە هەموو پشتیوانانی ترەمپ لەمانە نین، خەڵكی تریش بە هۆكاری لۆكاڵی‌و تایبەت  دەنگ بە ترەمپ دەدات. بەڵام ئامادەنیە بێت بۆ واشنتۆن بۆ توندوتیژی. دەنگدەری ئایدەلۆژی جودایە لە دەنگدەری دیموكراسی.

لەنێو نوخبەی سیاسی ئەمریكیدا ترەمپ دۆستی كەمە. بەڵام لەبەر ئەوەی جەماوەری هەیە، ئەوانەی، بە تایبەتی لە كۆمارییەكان، كە بە نیازی سودبینین بوون لە جەماوەری ترەمپ، پشتیوانی بوون. هەندێكیش هەبوو لە تویتەكانی دەترسا. بەڵام دوێنێ ئەم هاوپەیمانییە فەیكە كۆتایی هات. مایك پێنس پشتیوانی ترەمپ نەبوو. پێنس نوێنەری توێژێكی تایبەتی ئەمریكایە، كە بە ئیڤانجیلیكە مەیسحییەكان ناسراون. هەروەها لیندسی گراهام پشتی تێكرد.

زۆرینەی ئەوانەی كە پشتیوانی ترەمپن لە كۆمارییەكان ئەوانەن كە بە نیازی خۆپاڵاوتنن بۆ سەرۆكایەتی لە چوار ساڵی داهاتودا یان خۆ كاندیدكردنەوە بۆ كۆنگریس. وەك زۆر شوێنی تری دونیا بەشێكی زۆری كاری پەرلەمانی نمایش‌و شۆیە.

لەنێو كۆمێنتارە ئەمریكییەكان حەپەسانێك هەبوو. كە بەڕاستی بۆ هەر چاودێرێكی ئەمریكی ئەوەی ڕویدا مایەی حەپەسان نەبوو. ناسیونالیزمی ئەمریكی، لە هەموو ساتێكی تری بەهێزترە. ئەم ناسیونالیزمە، توێژی جیاوازی هەیە. لە دەیەی داهاتودا كاتێك ئەمریكا لە ڕوبەڕوبونەوەدایە لەگەڵ زلهێزێكی تری وەك چین، ئەم ناسیونالیزمە دەبێتە بەشێك لە سیاسەتی نێودەوڵەتی. لەماوەی داهاتودا، بە خوێندنەوەیەك بۆ هەردوو بیرمەندی گەورەی ئەمریكی، جۆن ئیكیبێری‌و جۆن مێرشمایەر، زیاتری باس لە ڕەهەندی فیكری ئەم پرسە دەكەم. 

ڕیتچارد هاس نوسیبوی كە سەردەمی ئەمریكی كۆتایی هات. ڕستەیەكی ئاوس بە ماناو دڵتەنگی. بەڵام چاوەڕوان نەكردنی ئەوەی ڕویدا لە ئەمریكا، جۆرێكە لە غرورو بە تایبەت وەرگرتنی ئەمریكا، بە ئەوەی پێی دەوترێت ئیكسێپشنالیزم.

ئەمریكا دوێنی لەبری ئەوەی مایەی سەرنج‌و لاسایی بێت مایەی نوكتە بوو. تەنانەت كەسێكی وەك مێركڵ كە بەهیچ شێوەیەك لە نوكتەباز ناچێت، نوكتەی كرد. مێركڵ لەماوەی داهاتودا كۆتایی بە ژیانی سیاسی دەهێنێت. لە توێتێكدا نوسیبوی دەستەبەرداربونی من لە سیاسەت زۆر بێتام یان مومل دەبێت، boring.

بەڵام ئەوەی لە ئەمریكا ڕویدا تەنها دیاردەیەكی ئەمریكی نیە. فاشیزیمی نوێ لە ئەڵمانیا زۆر بەهێزو رێكخراوە. سەرۆكی فەرەنسی باوەڕی خۆی بۆ دیموكراسی دوپاتكردەوە، بەڵام فەرەنسا قەیرانەكەی لە ئەمریكا قوڵترە. چەندین ساڵە فاشیزم یەكێكە لە ڕكەبەرە سەرسەختەكانی دەسەڵاتی فەرەنسی‌و بەردەوام لە لوتكەدایە.

 لەكاتێكدا خەڵك بە ئەمریكا پێدەكەنین لە هەمانكاتدا خۆیانیان بیردەكەوتەوە. ئەوەی مەترسیدارە ئەوەیە كە ئەوەی لە ئەمریكا دەبێت هەرزوو دەبێتە مایەی لاسایكردنەوە لە جێگاكانی تر. بەڵام دیموكراسی توشی قەیران دەبێت، دەسەڵاتەكانی تر توشی داڕمان دەبن.

-drawmedia


AM:03:27:07/01/2021