دیموکراسی کوردی
سەردار عەزیز


ھیچ ھێندەی حوکمداری سەخت نیە، بە تایبەتی بۆ خەڵێک کە مێژو و کەلتوریان نیە لەوبارەوە. کێیە ئەوە حوکم دەکات؟ بە ناوی کێوە؟ لە پێناوی کێدا؟ کومەڵگای کوردی تەمەنێکی ئێجگار کورتی ھەیە لە ئەزمونی حوکمی خۆیدا. ئەم تەمەنە کورتە لە سەردەمێکی جیاوازدایە.

جاران زۆرینەی خەڵکی حوکمداری و بەشداری لە حوکمدارییان لە دەرەوەی خۆیان دەزانی. ھەرگیز بە بیریاندا نەدەھات کە ببنە بەشێک لە حوکم. بەڵام ئەمرۆ سەردەمەکە وەھایە کە ھەموو کەسێک خۆی بە بەشێک لە حوکم دەزانێت. ئەمە وەرچەرخانێکی رادیکاڵە.


کۆمەڵگای کوردی لە پەیوەست بەم دۆخەوە بە دوو ئاراستەی پێچەوانەدا دەڕوات. ئاراستەیەکی بنەماڵەیی، کە یانی سنوردارێتی حوکم، لە گەڵ ئاراستەی دیموکراسی کە بە مانای بە ئاگابونی زۆرینە لەوەی کە ئەو حوکم دەکرێت و دەبێت چۆن حوکم بکرێت.

پرسی ئەوەی ئایا چۆن ھەموان بەشێک بن لە حوکمڕانی تەنھا چەند سەدەیەکی کەم لە مەوپێش لە ڕێگای داھێنانی سیستەمی نوێنەرایەتیەوە چارەسەر کرا. خەڵکی لە بڕی ئەوەی تاک بە تاکیان حوکم بکەن، نوێنەرێک بۆ خۆیان دادەنێن. سیستەمی نوێنەرایەتی لە دیموکراسی کوردیدا لە نێوان بێئاگایی و قەیراندا جۆلانێیەتی.

لە داھاتودا دێمە سەر پرسی نوێنەرایەتی، لەم دواییانەدا لێکۆڵینەوەیەکم بە زمانی ئینگلیزی لە سەری نوسی بۆ خانەیەکی بیری ئەوروپی.

لە رۆژانی رابوردودا ئێمە شایەدحاڵی کۆمەڵێک رووداوی دەگمەن بوین لە ناو کایەی حوکمڕانی کوردیدا. ئەم رووداوانە بنەمای ئەوەمان بۆ دادەڕێژن کە بتوانین ببینە خاوەن کونەواجەیەک بەرەو داھاتوو.

ئایا لە سەردەمی دیموکراسیدا دەتوانرێت بنەماڵەیی بچەسپێت؟ ئایا بنەماڵەکان ئەو بنەمایانەیان ھەیە کە بتوانن لە یەکێک لە ئالۆزترین جێگاکانی دونیادا حوکم بکەن؟ دیموکراسی و بنەماڵەیی لە سەرەتادا وەھا دەردەکەوێت کە دژ بە یەک بن، بەڵام لە راستیدا یان لە واقیعدا بەو شێوەیە نیە. لە ناو کایەی دیموکراسیدا زۆرجار ڕودەدات کە ووردە بنەماڵەی بچوک دروست بێت.

کچ و کوڕ دوای باوک یەک بە دوای یەک بە بەردەوامی ببنە نوێنەری بازنەی ھەڵبژاردنی خۆیان. زەقترین نمونەی ئەم مۆدێلە یابانە. لە ساڵی ٢٠١٢ دانیاڵ سمپ لە زانکۆی کالیفۆرنیا نامەیەکی دوکتۆرا لە سەر ئەم پرسە دەنوسێت. پاشان لە ساڵی ٢٠١٨ لە زانکۆی ستانفۆرد وەک کتێبێک لە چاپ دەدرێت

Dynasties and Democracy: The Inherited Incumbency Advantage in Japan. By Daniel M. Smith. Stanford University Press,٢٠١٨

بۆ ئەوانەی بە ووردەکاری سیاسەتی ئەمریکی شارەزان ئەم دیاردەیە بە زەقی دەبینن کە چۆن کوڕ یان کچ بە دوای باوکیدا دەبێتە ئەندامی کۆنگریس. بەرھەمھێنانەوەی بنەماڵەی لە ناو کایەی دیموکراسیدا، تەنھا ڕەھەندە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکەی نیە، بەڵکو رەھەندە ئابوری و ئیدارییەکەشی ھەیە.

کوڕەکان یان کچەکان کە بەردەوامی دەدەن بە ناوی خێزانیان وەک ئەوە وەھایە براندێکی خۆیان ھەبێت و پێی بناسرێنەوە و ئاسانتر قبوڵبکرێن. بەڵام بنەماڵەیی بازنەیەکی ھەڵبژاردن یان کورسییەکی پەرلەمان یان کۆنگریس جیاوازە لە بنەماڵەیی حکومەت، حیزب یان گەلێک. دیارە لە مێژودا بنەماڵەیی دەوڵەت یەکێکە لە بڵاوترین مۆدێلەکانی حوکم. حوکمی پادشاکان کۆنترین و بڵاوترین مۆدێلی حوکمە. دیڤید گرایبەر (ئەنترۆپۆلۆجیستی گەورە و دۆستی کورد) مارشاڵ سالین پێکەوە کتێبێکی مەزنیان نوسیوە دەربارەی پادشاکان و مۆدێلەکانیان.

David Graeber and Marshall Sahlins٢٠١٧ On Kings

بە قسەکردن لە سەر بنەماڵە وەک یەکەی سیاسی سەرەکی، ئێمە دژ بە ئەو داواکارییە دەبینەوە کە بیرمەندی گەورەی فەرەنسی میشێل فۆکۆ لە ساڵی ١٩٧٧ داوای لێکردین. بە رای ئەو ئەوەی دەمانەوێت فەلسەفەیەکی سیاسییە کە لە دەوری پرسی سەروەر نە ئاڵاوە. دەبێت سەری پادشا ببڕین لە تیورەی سیاسیدا. مەبەستی لە بڕینی سەری پادشا لە تیورەی سیاسیدا ئەوەیە کە بیری سیاسی ھەتا ئێستاش لە دەوری پادشا و سەروەرەکان دەخولێتەوە و ئەوان بە ھەڵگری دەسەلاتداری ڕاستەقینە دەبینێت. بەڵام بۆ ئەوەی لە دەسەڵات تێبگەین دەبێت لە ئەو پەیوەندیانە تێبگەین کە سەروەر بەرھەم دەھێنن و پاشان سەروەر بۆ مانەوەی خۆی بەرھەمیان دەھێنێت. چونکە پەیوەندییەکان دەسەڵات بەرھەم دەھێنن نەک کەسی سەروەرەکان. ئەم راستییە وەھا دیارە لای بنەماڵەخوازە نوێکانی کورد ھێشتا رون نیە. چۆن دەسەڵات لە پەیوەندیدا بەرھەم دێت و چۆن ئەو پەیوەندیانە دەبێت بونیادبنرێن؟

بونی دەسەڵات لە پەیوەندیدا، بە تایبەت لە سەردەمی خێرایی و سۆشیال میدیادا، دەمانبات بۆ ئەو واقیعە تاڵەی کە دونیای دەسەڵاتی کوردی تیایدا دەژی، لەم دۆخەدا. ئەمرۆ ئەو ئامرازانە چین کە کەسێک پێویستیەتی بۆ ئەوەی ببێت بە کەسێکی خاوەن دەسەڵات یان سیاسی کاریگەر، لە دونیای کوردیدا؟ پارە، میدیا، تەنورگەرمکەر، شەقوەشێن، پەمپدەر، پەیجەوان. دەبینین ھیچ کام لە ئەمانە کەسانێک نین کە دونیا ڕاڤە بکەن، مەعریفە بەرھەم بھێنن، پەیوەندی بونیادبنێن.

لە راستیدا ھەموو ئەمانە بنەمای پەیوەندییەکی نەرجسی یان نارسیسی بەرھەم دەھێنن. پەیوەندی نارسیسی یانی کەسێک بەردەوام خۆی دەبینێت یان وەھای بۆ دەکرێت کە ئەوەی ئیگۆ و باری دەرونی پێخۆشە ببینرێت. ئەمە بە مانەی پشتڕاستکردنەوەی ئەو تیورە یان قسە باوەی ناو کۆمەڵگای کوردی نیە کە دەڵێت کەسەکە خۆی باشە بەڵام دەوروبەرەکەی خراپە.

دەوروبەری ھەموو کەسێک ئاوێنەی باری دەرونیی و ئاستی مەعریفی کەسەکەیە. ئەم خەسەڵتانەی کە کەسی سیاسی یان دەسەڵاتدار دروستدەکەن لە دونیای کوردیدا، کاتێک لێیان دەڕوانیت، خەسڵەتی ڕیشەداکوتەر نین، بەڵکو خەسڵەتی کاتین. ئەو جۆرە کەسانەی کە وەک ئامراز ئەو رۆڵە دەبینن، لە سەر بنەمای ئایدەلۆژیا و باوەڕ و کاری سیاسی ئەو کارە ناکەن بەڵکو، بە تایبەتی لە ئێستادا، وەک جۆرێک لە کاسبی و دابینکردنی بژێوییە.

بە پشت بەستن بە ئەم واقیعە دەتوانین بڵێین کۆڵەکەی سەرەکی دیموکراسی کوردی جنێوە. جنێو تەنھا پێویستی بە جنێودەر یان جنێوفرۆش نیە، بەڵکو دەتوانین بڵێین کە سیستەمی جنێو ھەیە. جنێو پێویستی بە ئابورییە، بە داھاتە، بە کەسی خاوەن بەرژەوەندی و کەسی بە ئامانجکراوە. بەڵام گرنگی ئەم پرسە لە ئاستێکی تردایە. سیستەمی جنێو، سیستەمێکی بەرگریی و ھەروەھا لە مرۆڤخستنە. بە گشتی جێگای مەعریفە دەگرێتەوە و ژینگەی ئاگایی و سیاسی ژەھراوی دەکات.

سیستەمی جنێو لە سەر بنەمای کەسە: یان کەسێک دروست دەکات یان ئاراستەی کەسێک دەکرێت. لەم دۆخەدا ناھێڵێت لە ئالۆزی سیستەمی پەیوەندی دەسەڵات تێبگەین بەڵکو ھەموو شتێک لە کەسدا کۆدەکاتەوە، ھەڵەکانی کەسەکان یان جوانییەکانی کەسەکان.

بەڵام ئەوەی دەبێت ڕون بێت کە سیستەمی جنێو ناتوانێت دەسەڵاتی سەقامگیر و درێژخایەن دروست بکات. چونکە لە کاتێکدا ھەموو شتێک ڕسوا دەکات، ئەوا ئەوەی پێی دەوترێت ھەژەمۆنیەتی سیاسی بونی نامێنێت.

لێرەدا ھەژەمۆنیەت لە دیدی گرامشیەوە دەبینین کە بریتیە لە ئەو بنەمایانەی کە وەھا دەکەن کەسێک یان کەسانێک دەسەڵاتێک قبوڵ بکەن.

بە نەبونی دەزگا و مەعریفە سیستەمی بنەماڵەیی کوردی زیاتر لە مۆدێلی عوسمانی دەچێت لە پرسی راگرتنی دەسەڵات و دەستاو دەستکردندا.

کە موحەمەدی سێیەمین دەبێت بە سوڵتان، ئەو نەریتە ھاتبو کە نابێت برا خوێنی برا بڕێژێت. بۆیە کە موحەمەد دەبێت بە سوڵتان ھەر نۆزدە براکەی داوات دەکات بۆ کۆشکی سوڵتان. پێی ووتن ھیچ شتێک لە ئارادانیە و نابێت بترسن. بۆ ئەوە بانگتان دەکەم ھەتا خەتەنە بکرێن. بەڵام لە ژوری تەنیشتی ژوری سوڵتان پیاوکوژەکان لە ئامادەباشیدا بوون.

کاتێک یەک بە یەک بانگکران بۆ ژورەکەی تر، بە پەتێکی ئاورێشمین ھەمویان خنکێنران. ئەمەیە باڵوێزی نەمساوی لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەنوسێت گەر کوڕی سوڵتانێکی عوسمانی بیت، ئەوا ئازارچەشتوترین کەسی دونیای. ھەرکە کوڕێک جێگای باوکی دەگرێتەوە، ئەوانی تر چارەنوسیان کوشتنە. لە پاش ئەمە سیستەمی قەفەس داھێنرا کە براکانی تیادا بەند دەکرا.

دیموکراسی کوردی لە ئەم دوو ئاراستە پێچەوانەی بەرەو ناسەقامگیرییەکی ترسناک دەروات. دەسەڵات گەر نوێنەر نەبێت ئەوا نامۆ دەبێت. نەبونی نوێنەر لە ناو کایەی پادشایەتی فەرەنسیدا ھۆکاری سەرەکی شۆرشی فەرەنسی بوو، وەک ئیدمۆند بویرک باسی دەکات.

گەرچی رەنگە بنەماڵەی ئیحای ئەوە بدات کە سەقامگیرە، بەڵام بە ھۆکاری ناوەکی و گۆڕانی ئاگایی خەڵک و بەرژەوەندی ھێزەکانی دەرەوە، سیستەمێکی تەواو لاواز و ناسەقامگیرە.

-nrttv

AM:02:58:18/07/2021