هەڵکشان و داکشانی کۆمەڵگای مەدەنی
سەردار عەزیز

بە هەمان مۆدێلی ئەفغانستان ئەمریکا لە پێناو بونیادنانی کۆمەڵگا و سیستەم و حکومەت ملیون ملیون دۆلاری لە هەموو بوارێکدا سەرفکرد. یەکێک لە ئەو بوارانە کۆمەڵگای مەدەنی بوو.

دەرئەنجام دروستبونی کۆمەڵە ڕێکخراوێکە دژ بە مەدەنی بونی کۆمەڵگای کوردییە. ئەم دیاردانە لە چەندین ئاستدا پێویستی بە ڕامانی قوڵە. سی ساڵی رابوردوی ئێمە پڕیەتی لە ئەزمون و وانە، ئەگەر لێی تێنەگەین ئەوا مەحکومین بە دوبارەکردنەوەی.

ئایا کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستان مرد؟ ڕەنگە هەندێک بڵێن ئایا هەر لە دایک بوو، هەتا بمرێت؟ ئەم پرسیارانە هێندە جێگای بایەخ نین، چونکە زیاتر دەربڕینی هەڵوێستێکن لە بڕی هەڵەوداوان بۆ تێگەیشتن. کۆمەڵگای مەدەنی بە جۆرێک لە جۆرەکان لە کوردستانی عێراق پاش هاتنی ئەمریکاییەکان لە ٢٠٠٣ دێتە ئاراوە. تایبەتمەندی ئەم مێژوە لە ئەوەدایە کە کۆمەڵگای مەدەنی ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە پرۆسەی ئازادکردنی عێراق و هەوڵی ئەمریکا بۆ بە لیبراڵکردن و دیموکراسیکردنی عێراق و کوردستان.

لە پاش ئەم بەروارە پارەیەکی زۆر لە لایەن ڕێکخراوەکانی سەر بە ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتوەکان ڕودەکاتە کوردستان و زۆر بە ئاسانی خەڵکانێکی زۆر دەتوانن ئەوەی پێی دەوترێت فەند بەدەستیبهێنن. ئەم پەیوەستبونەی پرۆژەی ئەمریکا و پارەی ئەمریکا، کۆمەڵێک خەسڵەتی کۆمەڵگای مەدەنی کوردستانمان بۆ دەردەخات. یەکەم، کۆمەڵگای مەدەنی خۆرسک و ناوەکیی و دەرئەنجامی ئاگایی و خواستی ناوخۆنیە.

بەڵکو وەک زۆر دیاردەی تر پاڵنەرێکی دەرەکی هەیە. ئایا لە نێوان ئەکتەرە ناوخۆییەکان و پاڵنەرە دەرەکیەکان چ جۆرە پەیوەندییەک هەبوە؟ چ جۆرە پەیام و ئامانجێک لە ئارادابوە؟ بە باشی نازانرێت. بەڵام ئەوەی ڕونە پەیوەندییەکە زیاتر لە بوارێکی دارایی و بیرۆکراسیدا قەتیسماوە و هەرگیز ڕەهەندی فیکریی و فەلسەفی و ئامانجگەرایی پرسەکە ڕون نەبوە.

ئەگەر خواستی ئەمریکاییەکان و داراییەکەیان پاڵنەری سەرەکی بوبێت بۆ هەڵکشانی کۆمەڵگای مەدەنی ئەوا هەر ئەمەش هۆکارێکی گەورەی داکشانی ئەم کۆمەڵگایانەیە. لە میانەی پەیوەندی نێوان فەندەرەکان و چالاکواناندا جۆرێک لە پەیوەندیی هەبوە کە لە سنورێکی تەسکدا قەتیس بوە، وەک چەند چالاکوانێکی دیاری ئەو بوارە پێیان گوتم. وەک دەردەکەوێت پەیوەندییەکە بریتی بوە لە بەدەستهێنانی فەند لە دەرەوە و دروستکردنی ڕێکخراوک لە بوارێک یان بۆ پرسێک و ئەنجامدانی چەند چالاکییەک.

ئەم سنوردارێتییە، وەهایکردوە کە کۆمەڵگای مەدەنی نەبێت بە بنەمای هاتنەئارای جۆرێکی تر لە پێکەوەبون، خۆڕێکخستن، دروستکردنی جڤات و کۆمەڵە، لە سەروی هەمویەوە دروست نەبونی خەیاڵی نوێ، کە ئەگەر ئەندرسنیانە (بێندیکەت ئەندەرسن) بیربکەینەوە بنەمای هەموو پێکەوەبونێکی مۆدرێنە.

بەڵگەیەکی تری ئەم بوارە ئەوەیە کە کاتێک ئەمریکاییەکان و ئەوانیتر هەست بە بارگرانی پرۆسەی دیموکراتیزەیشن دەکەن و لە هەمانکاتدا بۆیان دەردەکەوێت کە هێنانە ئارای دیموکراسی لە کۆمەڵگایەکی دواکەوتوی وەک عێراق و کوردستان جۆرێکە لە مەحاڵ، ئیتر پارەکانیان دەگرنەوە و لە ئەنجامدا، ئەوەی پێی دەوترا کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستان لە شەو ڕۆژێکدا دەبێتە مێژوو.

پێش ئەوەی بێین باس لە قەیرانەکانی تری کۆمەڵگای مەدەنی کوردستانی بکەین، با چیەتی کۆمەڵگای مەدەنی ڕون بکەینەوە. کۆمەڵگای مەدەنی، بەشێکە لە پرۆژەی لیبرال، بۆ هێنانە ئارای جۆرێکی نوێ لە پێکەوەبونی ئەندامانی کۆمەڵگا، بە پێچەوانە یان دژ بە پێکەوەبونی تەقیلیدی یان ترادیسون.

وەک لە بەدواداچونەکانماندا بۆمان ڕون دەبێتەوە، هیچ چالاکوانێکی ئەم بوارە بە ئاگا نەبوە کە ئەو ئەرکی ئەوەیە شێوازێکی نوێ لە پێکەوەبون بهێنێتەئاراوە و دژایەتی بونیادە تەقلیدییەکان بکات، بەڵکو زۆرینەیان وەک پیشەیەک یان سەرچاوەیەکی بژێوی یان بەدەستهێنانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی وڕەمزی مامەڵەیان لە گەڵدا کردوە.

لێرەدا دەبێت جەخت لە گرنگی ڕەهەندی فیکری ئەم بوارە بکەینەوە. کاتێک چالاکوانێک نازانێت ئامانجی گەورە و درێژخایەنی ئەو چیە، ئەوا ناتوانێت کار بۆ بەدیهێنانی بکات. پێکەوەبونی مەدەنی یان کۆمەڵگای مەدەنی کۆمەڵێک خەسڵەتی هەیە کە لە سەرمایەدارییەوە بۆی هاتوە، خەسڵەتی سەرەکی کراوەییەتی.

کۆمەڵگای مەدەنی کراوەیە بۆ هەموان و هەموان دەتوانن تیایدا ببنە ئەندام و وازی لێبهێنن. ئەم کراوەییە پێچەوانەی کۆمەڵە تەقلیدییەکانە وەک خێزان، تیرە، هۆز، خێڵ، کە کەسێک یان تیایدا ئەندامە یان نا، نە کراوەیە و نە ئازادە. دووەم خەسڵەتی سەرەکی، جوڵەی بەردەوامییەتی، ئەوەی پێی دەڵێن فلۆ. کرۆکی سەرمایەداریی فلۆیە، دۆلۆز بە چڕی باس لە ئەمە دەکات. فلۆ یانی شل بون. یانی نەبونی بەربەست و گرێ و ڕێگر. خەسڵەتی سێیەم، دروستبونی جۆرێکە لە باوەڕ، ترەست.

فۆکۆیاما زۆر جەخت لە سەر ئەم ڕەهەندە دەکاتەوە. کۆمەڵە تەقلیدییەکان لە سەر بنەمای ڕق و بێ سیقەیی لە نێوان کۆمەڵەکاندا دروست دەبێت. ئەندامی خێزان و تیرە و عەشیرەتەکان بەردەوام لە دژایەتی و بەربەرەکانیی یەکتردان. بە هیچ جۆرێک باوەڕ بەیەکترکردن لە نێوانیاندا نیە. دیارە باوەڕ بنەمای گەشەی ئەوروپایە لە بەرامبەر ئەوانیتردا.

وەک چالاکوانێک بۆی ڕونکردمەوە، زۆربەی چالاکوانانی بواری کۆمەڵگای مەدەنی لە بڕی پێکەوەبون و دروستکردنی تۆڕ و هەوڵی گەورەکردنی فشار و کاریگەرییان، کاریان بە پێچەوانەوە کردوە و هەوڵی کێبڕکێ و پەرتەوازەیی و بە سیاسیبونیان داوە. ئەمە لە کاتێکدا تێنەگەیشتنە لە بوارەکە هەروەها لە زۆر باردا دژە بە بەهاکانی کۆمەڵگای مەدەنییە، بە تایبەتی کە دێتە سەر پرسی گەندەڵی و هەڵپەی داهات و فێڵ و تەڵەکەبازی لەو بوارەدا. خەسڵەتی چوارەم، خەیاڵە.

کۆمەڵگای مەدەنی لەگەڵ خۆیدا خەیاڵێکی هاوبەش لە نێوان ئەندامان و هەوادارانیدا دروست دەکات. بەبێ ئەم خەیاڵە ئەندامێتی بەرفراوان مەحاڵە. ئەم خەیاڵە نە ئاگایی هەبوە بەرامبەریی و نە کاری بۆ کراوە. گرنگی خەیاڵ لای هەردوو ئەندەرسن و نۆڤال حەریری بۆ کاری کۆمەڵگای مرۆڤایەتی زۆر جەختی لە سەر کراوەتەوە. خەیاڵ لە سنورە تەقلیدییەکانی پێکەوەبون، وەک خزمایەتی و ناسراویی و هاوبەشی ئاینی و ئایدەلۆجی فراوانترە.

سەرباری ئەمانە ئەندامانی کۆمەڵگای مەدەنی دەبێت لە سروشت و خەسڵەتەکانی کۆمەڵگا تەقلیدییەکان بە ئاگابن. ئەگەر لە سروشتی نەیارەکەت تێنەگەیت ئەوا ناتوانیت بە باشی ڕکەبەری بکەیت. کۆمەڵگا تەقلیدییەکان وەها بینراوە کە ڕەقهاڵاتوون، بواری جوڵە و بەریەکەوتن و پێکەوەبونی ئازاد نادەن. مارکس ئەوان بە بنەمای ستەمکاریی و دواکەوتویی دادەنێت، لە میانەی قسەکردنی لە سەر گوندی هیندی. لیبرالەکانیش بە هەمانشێوە کۆمەڵگا تەقلیدییەکان وەها نابینن کە بنەمای دیموکراسی و نوێنەرایەتی و کۆمەڵگایەکی کراوە دابمەزرێنن.

دەرئەنجامی هەموو ئەمانە ئەوەمان پێدەڵێت کە کۆمەڵگای مەدەنی کورستانی دیاردەیەکی دەرەکی، دارایی و بێ مەعریفەبوە. بۆیە جێگای سەرسوڕمان نیە کە لە ئەنجامدا بە ئاسانی دابکشێن و نەمێنن.

لە ماوەی هەڵکشانیدا کۆمەڵگای مەدەنی و بوارەکانی تری وەک میدیای ئازاد، کە فەندی دەرەکییان هەبوو، فشارێکیان لە سەر دەسەڵات دروستکردبوو. بەڵام چونکە پاڵنەری سەرەکی فشارەکە پارە دەرەکییەکە بوو، لە گەڵ نەمانی پارە دەرەکییەکەدا زۆربەی ئەم چالاکوانانە چونکە بەرەی حیزب بۆ بەدەستهێنانی دارایی و گۆڕینی کۆمەڵگای مەدەنی بۆ کۆمەڵێک ڕێکخراوی نامەدەنی سیاسی و حیزبی کە ئامانجیان کۆنترۆڵکردنی بوارە جیا جیاکانە بۆ سودی حیزب.

پەکەکە پێشەنگە لەم بوارەدا بەردەوام ڕێکخراوی جیاواز بە ناوی جیاواز لە بواری جیاوازدا دروست دەکات تەنها لە پێناو کۆنترۆڵکردنی رێگری لە دروستبونی جیاواز. یەکێتی و پارتی و ئەوانیتریش بە هەمانشێوە دەخوازن کۆمەڵە مەدەنییەکان بکەنە ئامرازی کۆنترۆڵ لە بڕی بنەمای دروستبونی کۆمەڵگایەکی لیبرال لە سەر بنەمای پێکەوەبونی جیاواز و خەیاڵی جیاواز.

ئەم وەرچەرخانە ١٨٠ پلەییە، وەهایکرد کە کۆمەڵگای مەدەنی ناوی بزڕێت و هەموو سەرمایەیەکی کۆمەڵایەتی و سیمبولی و مەدەنی لە دەست بدات. ئامانجی هەرە سەرەکی حیزبەکانیش پێش هەموو شتێک ئەمەیە. کاتێک ڕێکخراوێک یان میدیایەک سەرمایەکان و باوەڕی لە دەست دەدات، ئەوا لە دارێکی ئەستورەوە دەبێتە پوشێکی بێگیان.

کەواتە ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگای مەدەنیمان هەبێت، دەبێت مەعریفەمان هەبێت بە کۆمەڵگای مەدەنی. چالاکوانان خۆیان ناتوانن ئەم مەعریفەیە بەرهەم بهێنن، بۆیە دەبێت کەسانی تر ئەو کارەیان بۆ بکەن. هەرچەندە نامەی ماستەر و دوکتۆرا بە زۆری لەم بوارەدا نوسراوە، بەڵام بە گشتی توانای بەرهەمهێنانی مەعریفەی تایبەتیان نیە بە کەیسەکە.

بەڵکو زیاتر جوینەوەی ئەدەبیاتی ئەم بوارەیە بەبێ هەبونی توانای تێڕامان. لەلایەکی ترەوە، بۆ ئەوەی ببین بە خاوەن کۆمەڵگای مەدەنی خۆمان، دەبێت بیر لە خۆبژێوی خۆمان بکەینەوە. زۆر ڕێکخراوە ناحکومییەکانی دونیا، سەرباری ئەوە سودمەندن لە فەندی حکومەت بەبێ هیچ مەرجێکی سیاسی، سەرچاوەی بژێوی خۆیان هەیە،.

ئەگەر دەرەوە لە پێناوی ئامانجی خۆیدا هەوڵی دروستکردنی کۆمەڵگای مەدەنی لە دونیای ئێمەدا داو، ئێمەش بێ بیرکردەوە هەوڵی پیادەکردن و سودلێوەرگرتمان دا، بەڵام ماوەکورت و بێ ئەنجام بوو. ئەوا دەبێت لە داهاتودا لە خۆمانەوە بۆ خۆمان ئەم پرسە بوروژێنین. ئەمە لە کاتێکدا کە کۆمەڵگا تەقلیدییەکان لە بوژانەوەیەکی خێرادان. خێڵگەرێتی نوێ، دیاردەیەکی کوشندەیە.

دیارە چەندین لایەنی تری ئەم پرسە هەیە کە شایستەی ڕەخنەکردنە، وەک باری دەرونی چالاکوانان، بە وۆپۆزسیونبونی کۆمەڵگای مەدەنی. دیاردەمی بە وۆپۆزسیونبون لە کۆمەڵگای کوردستاندا نابێت وەک تەنها وەک ئۆپۆزسیونبون ببینرێت، بەڵکو زیاتر دەبێت وەها ببینرێت کە ڕێگایەکی خێرایە بۆ ناسراویی وبەناوبانگبون، لە کاتێکدا ئەرکی کۆمەڵگای مەدەنی ئۆپۆزسیونبون نیە، چونکە ئەو کاتە دەبێتە بەشێک لە کۆمەڵگای سیاسی.

-awene

AM:02:42:19/08/2021