ترەمپ لەدوای سڕانەوەی ئەکاونتەکەی لە تویتەر: بێدەنگ ناکرێین
هەڵات رێبوار

K24 - ھەولێر

ترەمپ لەدوای سڕانەوەی ئەکاونتەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، رەخنە لەو تۆڕە کۆمەڵایەتیە دەگرێت و ئاماژە بەوە دەدات پلاتفۆڕمێکی نوێ دروست دەکات.

ئێوارەی هەینی، (8-1-2021) کۆمپانیای تویتەر ئەکاونتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای سڕیەوە، هاشتاگی "ترەمپ بلۆک کرا" و، "سوپاس تویتەر" هەر زوو ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەیان تەنی.

لەدوای سڕانەوەی ئەکاونتەکە، کە یەکێک بوو لە چالاکترین ئەکاونتەکانی تویتەر، ترەمپ لە راگەیەندراوێکدا گوتی "چاوەڕێم دەکرد ئەمە رووبدات"، لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی باس لەوە دەکات "ئێمە لە گفتوگۆدابووین لەگەڵ چەندین سایتی دیکە، بەمزووانە راگەیەندراوێکی زۆر گرنگمان دەبێت، لەهەمان کاتدا لە بژاردەی دروستکردنی پلاتفۆڕمێکی تایبەت بە خۆمان دەڕوانین لە داهاتوویەکی نزیکدا. ئێمە، بێدەنگ ناکرێین".

دۆناڵد ترەمپ، لە دوایین تویتەکانیدا باسی لەوە کردبوو ئامادەی مەراسیمی سوێندخواردنی جۆو بایدن، وەک سەرۆکی نوێی ئەمەریکا نابێت، کە 20ـی ئەم مانگە دەکرێت.

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها دەڵێ "تویتەر لەگەڵ رای ئازاددا نییە، ئەوانە هەموویان لەگەڵ بانگەشەکردنن بۆ چەپەکان، کە هەندێک لە خراپترین کەسانی جیهان رێگەپێدراون ئازادانە قسەی تێدا بکەن".

ترەمپ هەوڵیشیداوە هەمان ئەو راگەیەندراوە تویت بکات لەڕێگەی بەکارهێنانی ئەکاونتی "POTUS" کە تایبەتە بە سەرۆکی ئەمەریکا، بەڵام تویتەر زنجیرە تویتەکەی ترەمپی لەوێش سڕییەوە و گوتی ئەوانەی لەلایەن تویتەرەوە سڕاونەتەوە، رێگەیان پێنادرێت بە ئەکاونتی دیکە تویت بکەن.

ئەکاونتی "POTUS" تایبەتە بە سەرۆکی ئەمەریکا، بەڵام ترەمپ زۆر دەگمەن لەو ئەکاونتەوە تویتی دەکرد لەماوەی سەرۆکایەتییەکەی و بەردەوام تویتەرە تایبەتەکەی خۆی بەکاردەهێنا. لە 20-1-2021ـەوە ئەکاونتی "POTUS" لەلایەن جۆو بایدنەوە بەکاردێت.

دۆناڵد ترەمپ، لەماوەی سەرۆکایەتیی لە ساڵی 2017ـەوە بەردەوام لە دژی میدیاکان قسەی کردووە و تۆمەتباریان دەکات بەوەی راستیەکان دەشێوێنن، بەردەوامیش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتی تویتەری بەکاردەهێنا بۆ دەربڕینی رای خۆی و هێرشکردنە سەر نەیارەکانی، بەڵام لەگەڵ کۆتاییهاتنی سەرۆکایەتییەکەی، ئەو سەکۆیەشی لەدەستدا.

ئەوەی تویتەر ترەمپی پێ تۆمەتبار دەکات و بەهۆیەوە ئەکاونتەکەی داخست، ئەو توندوتیژی و ئاڵۆزی و شەڕەیە کە لە 6-1-2021 لە باڵەخانەی کاپیتۆڵ دروستبوو، کاتێک لەدوای گوتارێکی ترەمپ، لایەنگرانی هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ و کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران، کە بۆ پەسەندکردنی سەرکەوتنی جۆو بایدن، لە هەڵبژاردنی ئەمەریکا بەڕێوەدەچوو، لە ئەنجامی توندوتیژییەکانیشدا، پێنج هاووڵاتیی ئەمەریکی کوژران.


AM:05:49:09/01/2021