بایکۆتی مامۆستایان و چەند قسەیەک
ئەحمەد دەروێش
جاڕی سەربەخۆیی ئابوری ، کەمبونەوەی داهاتی بەدوایخۆیدا هێنا ، ئابوری هەرێمی توشی وەستان کرد ، کەیسی یاسای بودجە ( بەهەردو بەشەکەیەوە ) ی قفڵدا و دۆسێی بودجەی بەیەکجارەکی پێچایەوە.

نەبونی بودجە لە ۹ ساڵی رابردودا ، جگەلەوەی عەیبەیەکی گەورەیە لەحوکمرانێتی سەردەمدا ، بێگومان کردنەوەی دەروازەیەکی گەورەش بو بۆ گەندەڵیی و تاڵانچێتیی ۰ چش لەوەی لەماوەی ئەو ۹ ساڵەدا شتێک نەبوە بەناوی بودجەی وەبەرهێنان بۆ سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازیی و ۰۰۰ هتاد بەڵام ناشیرینترین و قێزەونترین کردە ، نائەخلاقیترین کردە ، دەستبردنبو بۆ موچەی توێژاڵی مامۆستایان و فەرمانبەران ۰
لەو چەند ساڵەدا ، چەندجارێک پڕۆسەی پەروەردە روبەڕوی ئیفلیجی بوەتەوە و تەنانەت دەسەڵاتدارانی هەرێم بەوپەڕی نابەرپرسیارێتی مخاتەبەی مامۆستایانیان کردوە  ( هەڵدەپەڕن ، سترانا دبێژن ، کەیفی خۆتانە ) ، تەنانەت بەڵتەجییەکان شەقیان لەمامۆستا هەڵدا.

بێدودڵیی ؛ بایکۆت ئەنجامە نەک هۆکار ٫ بۆیە هەرکەسێک بیەوێ مامۆستا تۆمەتباربکا ٫ بێگومان  هزراندنەکەی ٫ قەزاوەتەکەی و پاشان فەرمانەکەی ، جاهەرکەسێک بێت دەچێتە خانە و بازنەی ناڵۆجیکییەوە چونکە بەپێی شەریعەت و قانونی وەزعی کەئەرک و مافی کرێکار و فەرمانبەری تێدا دیاریکراوە ، نەدانی حەقدەست و موچە و کرێ هیچ پاساوێک هەڵناگرێ ئەمەلەلایەک و ، لەلایەکی دیکەوە حکومەت و دەسەڵاتدارانیش قسە لەسەر گەندەڵیی و پڕۆژەی چاکسازیی دەکەن ، هەڵبەتە هەرێم خەڵتانی تەهریبی دراو و سپیکردنەوەی ماڵ و دارایی ، ئاوێزانبونی سیاسەت و بازرگانی ، قۆرخکاریی ، ئۆلیگاریشی ۰۰۰ بوە ۰ دەسەڵاتدارانی هەرێم ، بڕیارسازانی هەرێم ، بەفیز و تەکەبورەوە دەیانگوت ؛ ڕۆڵمان هەبوە لەنەخشاندن و پتر فراوانکردنی نەخشەی وزەی جیهانیی ، بۆیە لەبەر هەمو ئەمانەی سەرەوە ، پاساوی نەبونی پارە ، پاساوی ڕاگیرانی نەوت  ( ئەو دەنگە ناسازە ) ، لای خوێندەوار و عەوام ، بستێک بەرز نابێتەوە.

دۆخی لێکترازاو و بێسەر و بەری هەرێم ، دۆخی دوئیدارەیی و دوزۆنیی ، دۆخی دابەشبونی هەرێم ، دۆخی نەبونی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە و سەندیکایەکی سەرتاسەری راستەقینە ، فەزا و زەمینەیەکی دروستکردوە وەک دەگوترێ ( تۆز لەقوڕ هەڵناستێ ) ، بۆیە لەو بەشەدا کەمامۆستایان کەبایکۆتیان راگەیاندوە ، لەئێستادا بەرچاوڕون  نین و دۆخەکە هەتابڵێی هەم حەریجە و هەم لێڵە لەبەر چەند هۆکارێکی دیکە کەئەمانەن : 

۱ - مانگ و نیوێک لەو چەند مانگەی خوێندنی ساڵدا رۆیشتوە ۰
۲ - بایکۆت تەنیا لەبەشێکی هەرێمدا جێبەجێکراوە ۰
۳ - جگە لە چەند زانکۆیەکی حکومی ، ئەوانی دیکە دەوام دەکەن ۰
٤ - توێژی فەرمانبەران ٫ بایکۆتیان نەکردوە ۰
۵ - کەمترین چین و توێژ پشتیوانی بایکۆتی مامۆستایانن بەدایبابانیشەوە ۰
٦ - کاسبکارانیش ئامادەنین بۆ پاڵپشتیی و هاوخەمی مامۆستایان ، لانیکەم رۆژێک دوکانەکانیان دابخەن.
۷ - ئەزمونی ساڵانی پێشو لەبێهودەبونی بایکۆت ۰
۸ - کەرتی بازرگانیی پەروەردە ( خوێندنگە ناحکومییەکان ) تادێت خواستی لەسەر زیاددەبێت و وەسەرقازانجی زیاتر دەگەڕێ ، نەلەبەرئەوەی باشترن ، لەبەرئەوەیە کەبێڕکابەرن.

لەبەر هەمو ئەو هۆکار و خاڵانەی سەرەوە ، دیالۆگی بەردەوامبون و شکاندنی بایکۆت لەجێی خۆیدایەتی ، هەریەکە و ئارگیۆمێنتی خۆی هەیە ، مامۆستایەک کەقەرزاری مارکێت و دوکانەکانە ، پارەی کرێپاسی  پێنییە ٫ زمان لەبەرانبەریدا زاتناکا بێتەگۆ ، مامۆستاش هەیە نەکەوتوەتە ژێرقەرز.

پرسیارە جدی و سەرەکییەکە ئەمەیە : موچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلول بڕیاری لەسەردراوە و بایکۆتی دەوامیش راگەیەندراوە ، لەکاتێکدا موچەی ۳ مانگی کۆتایی ساڵ هیچ قسەیەک و بەڵێنێکی لەسەر وەرنەگیراوە ٫ هیوایەک نییە ٫ ئەی ئەوکاتە چی ؟ بەوپێیەبێ ؛ دوای موچەی مانگی ئەیلول ٫ لۆجیکی نییە بایکۆتشکاندن تەرح بکرێ ، واتە قابیلی گفتوگۆ نییە.

گریمان لەساڵی نوێوە هەرێم رازی دەبێ و موچە دەچێتە سەربەغدا ، ئایا بەغدا قەرەبوی ۳ مانگی رابرو دەکاتەوە یان وەک هەر موچەخۆرێکی عێراقی مامەڵەی مانگی یەکەمی ساڵی نوێمان لەگەڵ دەکات ؟
بێگومان موچەی ۳ مانگی  پێشو نادات و حساباتی ساڵی پێشو دادەخرێ چونکە یاسای بودجەی عێراق لەمانگی کانونی دوەم ( مانگی ۱ ) تا کۆتایی کانونی یەکەمە ( ۳۱ / ۱۲ ) ئەمە لەلایەک و ، لەلایەکی دیکەوە لەدنیای سیاسەت و بەتایبەتیش لەدنیای دواکەوتودا ، رکابەرەسیاسییەکان ملی یەکتر دەشکێنن و بەخوێنی سەری یەکتری تینون.

سیاسییەکان لەهەرێمدا نەک  هاوپشتی یەکتری نین ، بەڵکو لەهەوڵی ملشکاندنی یەکدیدان ٫ ئیدی چ بیرکردنەوەیەکە پێمانوابێ پێویستە دەسەڵاتدارانی بەغدا بەرانبەر دەسەڵاتدارانی هەرێم میهرەبان بن و لەدڵی نەگرن کەپێیاندەگوترا بەغدای موفلیس و ، هەروابێتەوە خاوەنی گیانێکی تۆلێرانس ( لێبوردەیی ) بن ،   ئینجا قەرەبوی هاوڵاتیانی هەرێم بکەنەوە و پرسی موچە تێکەڵی ململانێی سیاسیی و بازرگانی نەکرێ!

 

AM:12:05:08/11/2023