پەیامەكانی ڕاگەیاندن و كاریگەری لەسەر دەروونی وەرگر
محەمەد تۆفیق نەورۆڵی
پەیامەكانی ڕاگەیاندن و كاریگەری لەسەر دەروونی وەرگر

‎ڕاگەیاندن گەیاندنی پەیامە بەوەرگران و جەماوەر، لەڕۆژگاری ئەمڕۆداو بەتایبەت لەهەرێمی كوردستان زۆرینەی پەیامەكان مەبەستدارن و ئامانجێكی لەپشتەوەیە، ئەمەبەدەر لەولایەنە هونەرییەی كەبۆكەیف و پڕكردنەوەی پێویستی جەماوەر و وەرگرەكانیان لەبواری هونەری و كەیفی و شادیدا پەخشی دەكەن، ئەگەر بەپوختی مەبەست و ئامانجی ڕاگەیاندنەكانی كوردستان وەربگرین و دابەشی دوو لایەنی بكەین، ئەوا لایەنێكی پەیوەندیدارە بەسیاسەتی دامەزراوەكەو خاوەندارێتی دامەزراوەكە، لایەنێكی دیكەشی 
‎پەوەندیدار كراوە بەخێراگەیاندنی پەیامەكان، كەهەڵبەت ئەم لایەنانەو جۆری پەیامە جیاوازەكان كاریگەری نەرێنی بەجێ دەهێڵت لەسەر  دەروون و شێوازی ژیانی وەرگران، چونكە ڕاگەیاندن لەم سەردەمەدا دەستی گرتووە بەسەر هەمووتاكێكی كۆمەڵگەدا و بەپێی ڕێژە كاریگەری لەسەر تاك بەجێ دەهێڵێت، هەروەها ڕۆڵگێڕە لەجوڵاندنی ڕای گشتی و ئاڕاستەكردنی كۆمەڵگەو بەتایبەت وەرگرانی; كە بۆ مەبەستێكی سیاسی و لەبەرژەوەندی خاوەنداری دەزگاكەبێت یاخود بۆ چارەسەركردنی پرس و بابەتە گشتییەكانی كۆمەڵگەبێت

‎پەیامەكانی ڕاگەیاندن و لایەنەكانی پشت پەیامەكان، كاریگەری لەسەر وەرگر و دەروونیان درووستدەكات، ئەگەر وردبینەوە لەكاریگەرییە دەروونییەكانی هەردوو لایەن، ئەوا لەوەتێ دەگەین پەیامی سیاسی و مەبەستدار و خێراگەیاندنی زانیاریەكان بەبێ دەرگاون; كاریگەری خراپ لەسەر دەروونی تاك و تێكچوونی كۆمەڵگە دروست دەكات، لەبەستنەوەی هەردوولایەن و وەرگرتنی نمووزەجێكی هاوبەش وەرگرتنی ڕووداوی كوشتن و تیرۆر و خۆكوشتنە، كەئەم ڕووداوەنە بەپێی سیاسەتی دامەزراوەكە بەسیاسی دەكرێت بەئامانجی جەنگی دەروونی دانیشتوانی ناوچەیەكی دیكەو وێناكردنی خراپی دۆخی ئەمنی و نائارامی ناوچەكە، كەئەمە دەروونیەن هاولاتیان تووشی دڵەڕاوكێ و شڵەژانی دەروونی دەكات سەرەڕای دروستكردنی شارچێتی و سەرهەڵدانی ئەو گرفتە نێوخۆییە، چونكە میدیا دەتوانێت ڕاستییەكان بەسیاسی بكات و بیان شێوێنێ وەبەپێچەوانەشەوە، هەروەها شێوازی گەیاندنی ئەم زانیاری و ڕووداوانە بەجۆرێك و بەشێوەیەكی خێرا و بێ دەرگاوان دەخەنە نێو جەماوەرەوە بەئامانجی ئەكتیڤ و یەكەم لەگەیاندن; كەدەبێتە مایەی تێكدانی دەروونی تاك و لەهەمان كاتیشدا ڕێبەری و ڕێنوێنیش دەبێت تاڕووداوەكە دووبارە ببێتەوە لەنێو كۆمەڵگەدا، بەدووبارەبوونەوەی ڕووداوەكان وادەكات لەحاڵەتەوە ببێت بەدیاردەو ئەوكاتە كۆی كۆمەڵگە بەشداردەبێت لەو دۆخە دەروونییەی كەمیدیا سازانوێتی و كاریگەری نەرێنیش لەسەر ئاسایشی تاك و كۆی كۆمەڵگە دروست دەكات، هەروەها هەندێك میدیا جۆرە دراماو فیلمی بیانی دێننە هەرێمی كوردستان و پەخشی دەكەن كەلەگەڵ دابوو نەریت و كللتور و كۆمەڵگەی كوردی ناگونجێت و هۆكار و كاریگەری نەرێنی لەسەر تاك و خێزان درووست دەكات; كەهەندێك جار جیابوونەوەی خێزان و دووبارەكردنەوەی ڕووداو و حەدەسی نێو دراماكان لەلایەن منداڵانەوە بەوپێیەی منداڵان مەیلی دووبارەكردنەوەی هەرشتێكیان هەیە كەلایان جێی سەرنجە ئەگەرچی باش یان خراپبێت، بۆیە گرنگە بۆ هەربابەت و ڕووداوێك، هەرپرسێكی هەستیار فلتەر و دەرگاوان بۆ كۆی بابەتەكان هەبێت پێش ئەوەی بگاتە وەرگر و جەماوەر، وەبەجۆرێكی ئیتیكی دەزگاكانی ڕاگەیاندن كاربكەن كەپەیام و زانیارییەكان بەشێوەیەك بنێرن كەهێوركردنەوەی كۆمەڵگەی بەدوادابێت و دووچاری شڵەژانی دەروونی و دڵەڕاوكێ نەكرێن، هەروەها هۆكارێكبن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هاوڵاتیان نەك ببنە مایەی كێشەی زیاتر بۆهاوڵاتیان و كۆمەڵگە

‎محمد تۆفیق نەورۆڵی

AM:09:43:28/12/2023