رۆژێکمان هەیە بۆ شادی
ئاڵا شاڵی
کاتێک ئێوارەی 20-3-2024، چاو و دڵمان بە ئاگری نەورۆز گەرم دەکردەوە و کوردایەتییەکەمان دەمەزەرد دەبووەوە، راپۆرتێکی باڵکێش لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەبارەت بە بەختەوەری بڵاوبووەوە. راپۆرتێک، کە ریزبەندیی کردووە بۆ دڵخۆشترین دانیشتووانی وڵاتانی جیهان، دەڵێت تەنانەت ئیسرائیلی و کوێتی و ئیماراتییەکانیش بەختەوەرترن لە ئەڵمانەکان. هەروەها دەڵێ گەنجانی سعودی دڵخۆشترن لە گەنجانی ئەڵمان. رەنگە ئەمە بۆ کەسێک کە لە کوردستان دەژیت سەیر بێ. چونکە ئەڵمانیایەک کە یەکێک لە مەزنترین ئابوورییەکانی جیهانی هەیە و زۆر کەس بۆ ئاماژە بۆ مەزنی و کاریگەرییەکەی پێیدەڵێن (ئەمریکاکەی ئەورووپا)، رێی تێناچێ خەڵکەکەی و بەتایبەتیش گەنجانی هێندە نادڵخۆش بن؛ بەڵام من خەریکە دەبێتە چل ساڵ لە ئەڵمانیا دەژیم و وەک کوردستانییەکی ئەڵمانی تێکەڵی کۆمەڵگەی ئەڵمانی بوومە و دەزانم ئەمە سەیر نییە.
 
لەو ساڵانەدا کە رووماڵەکانی رووداوم کردووە، بە زۆر وڵاتی جیهاندا گەڕاوم. بەتایبەت لە ئەورووپا رۆژێک لەسەر سنووری یۆنان بوومە و رووماڵی هاتنی ئەو کۆچبەرانەم کردووە کە هەوڵیانداوە بگەنە "کیشوەرە دڵخۆشەکە"! رۆژێکی دیکە لە نەرویج یان بەریتانیا یانیش ئیسپانیا بوومە و رووماڵی دڵناخۆشییەکانی ئەوروپییەکانم کردووە. دواتر گەڕاومەتەوە ئەڵمانیا و تێیدا ژیاوم. شتێک کە هەمیشە سەرنجی راکێشاوم ئەوە بووە کە بەختەوەری و دڵخۆشیی خەڵک بەوە نەبووە کە خانووەکانیان چەند گەورەن و ئەو پارانەی لەسەر هەژمارە بانکییەکانیانە چەندە ژمارەکانیان گەورەیە. لە فینلاند و سوێدی هەمیشە سارددا خەڵکێکی زۆر گەرموگوڕترم بینیوە لەوەی لە ئەڵمانیا دەیبینیت. ئەمەش لە ریزبەندییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەئاشکرا دیارە و لە فینلاند و دانیمارک و سوێد یەکەم و دووەم و چوارەم بەختەوەرترین گەلانی جیهان دەژین. ئیسرائیلی کە چەندین دەیەیە لەنێو جەنگدا دەژین و هەموو کەس لەسەر شەقامیش چەکی پێیە، پێنجەمین بەختەوەرترین دانیشتووانی جیهانن. ئەی بۆچی ئەڵمانیای ئابووریی گەورە و داهێنەری سیستمی بیمەی کۆمەڵایەتی بیست و چوارەمینە؟
 
ئەو پرسیارە زۆرتر لە وەڵامێکی هەیە. وەڵامە سادەکەی ئەوەیە کە ئەڵمانی زۆر خەریکی کارن و لەجیاتی ئەوەی چێژ لە شتەکانی دیکەی ژیان وەربگرن چێژ لە کارکردن وەردەگرن. زۆر کەم روودەدات ئەڵمانییەک لەسەر شەقام ببینیت و نەتناسێ و بەگەرموگوڕی سڵاوت لێبکات.
 
هیچ شتێکیش نییە ئەڵمانی لێی رازی بن. خۆیان دەڵێن ئەگەر باران ببارێ بۆڵەبۆڵ دەکەین، هەتاویش هەبێ هەر دەبۆڵێنین! بەردەوام کەشتیی خەیاڵیان نقوم بووە و بە دەموچاویانەوە دیارە کە راستە بەسەر شەقامدا دەڕۆن، بەڵام بیریان لای کێشەیەک یان پرسێک و کارێکە کە دەبێ ئەنجامی بدەن. لای ئەڵمانی هەموو شتێک بە پلانە، جا خواردنەوەی قاوەیەک بێ لەگەڵ کەسوکاریان یان بەرهەمهێنانی دوایین مۆدێلی ئۆتۆمبێلی مێرسێدێس بێ. ئەو پلانانەش ماوەی زۆر بیریان لێدەکرێتەوە و تاوەکو دەبنە کردەوە، وزەیەکی زۆر دەبەن. خەڵکی ئەڵمان دەناسم بە چەندین مانگ خوشک یان براکەی خۆی نابینێ و ئاگاشیان لەیەکدی نییە. کەچی من کاتێک نەخۆشکەوتم و ئێستاش کە چارەسەر وەردەگرم، ئەوەی بەختەوەری کردم و وزەی دامێ ئەو هەموو سەردان و پرسینەوە و پەیامە گەرموگوڕانە بوو کە لە کەسوکار و هاوڕێ و هاوکارانمەوە بۆم هاتن و هێشتاش دێن. 
 
لەو سەفەرانەدا کە بۆ وڵاتانی ئەسکەندەنافیا دەمکرد دەمبینی چۆن بە خانووی بچووکتر لەوانەی لە ئەڵمانیا هەن و بە کەشێکی ساردتر لەوەی لە ئەڵمانیا هەیە، کۆبوونەوەی خێزان و گەرموگوڕیی هاوڕێیەتی خەڵکەکەی بەختەوەر دەکرد. دانیمارکییەکان نەریتی قاوەخواردنەوە و کۆبوونەوەی خێزانییان لەکاتی سەرمادا بووەتە قوتابخانەیەکی بەختەوەری و لە جیهاندا وەک وانە دەخوێندرێت.
 
وەڵامە ئاڵۆزترەکەی ئەوەی بۆچی ئەڵمانی بەختەوەرتر نین لە گەلانی دیکە پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە چییان بەسەرهاتووە. ئەڵمانیایەک کە لە دوو جەنگی جیهانیدا تاڵاوی شکستی نۆشیوە و بەدرێژایی جەنگی سارد بۆ سەر دوو بەش دابەشکراوە، هێشتا خەمۆکیی شکست بەرینەدابوو، کەچی پەتای کۆرۆنا و بەدواشیدا جەنگی ئۆکرایناشی بینی. راستە هەموو ئەوروپییەکان لە رووسیا و جەنگێکی چاوەڕوانکراو لەگەڵ پووتین دەترسن، بەڵام ئەوەی لە هەمووان زیاتر گورزی بەردەکەوێ و نازانێ ئایندە چۆن دەبێ ئەڵمانەکانن. بەمدواییانە حکومەتێکی ناکارامەشی هاتووەتە سەر کە لە راپرسییەکاندا دەردەکەوێ ئەڵمانییەکان زۆر لێی ناڕازین. 
 
جێی سەرنجیشە کە هەموو ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان داگیرکردووە لە ریزبەندی خراپترین دەوڵەتانی جیهاندان بۆ بەختەوەری. لە راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەردەکەوێ کە نە گەنجان و نە پیران لە عێراق و تورکیا و ئێران و سووریا بەختەوەرنین. بۆ رزگاربوون لەو نابەختەوەرییەشە کە ساڵانە لە هەر چوار دەوڵەتدا کوردستانی ئاگری نەورۆز بۆ ئازادی دەکەنەوە و دەست لەنێو دەست و بە شادییەوە گۆرانی بۆ ئازادی دەڵێن. ئەوە دەڵێن کە راستە لەو دەوڵەتانەدا دڵخۆش نین، بەڵام هیچ نەبێ رۆژێکمان هەیە بۆ شادی کە ناوی (نەورۆز)ـە!
 

AM:02:21:24/03/2024