بەهەڵەدابردنە لۆجیکییەکان
‌چۆمان هەردی


بەهەڵەدابردنە لۆجیکییەکان
المغالگات المنطقیه‌
بەهەڵەدابردنە لۆجیکییەکان ئارگیومەنتی نادروستن کە ڕەنگە سەرەتا وەک ڕاستییەک خۆیان بنوێنن بەڵام لەگەڵ پشکنینی وردتردا بۆمان دەردەکەوێت کە ھەڵەن.

من لێرەدا تیشک دەخەمە سەر 8 دانەیان و بەبۆنەی 8ی مارسەوە، ھەر ڕۆژە و یەکێکیان لەگەڵ ئێوە بەش دەکەم. فەرموون ئێوە و بەھەڵەدابردنی دووھەم. گەر ھەریەکە لەم نووسینانەت بەدڵە تکایە لای خۆتەوە لایک و شێری بکە تا زۆرترین کەس خوێنەری بێت.

Bandwagon Fallacy
مغالطه‌ الاحتكام إلی‌ العامه‌
پێناسە
دوای خەڵک کەوتن بەهەڵەدابردنێکی لۆجیکی ترە کە بە ”دواکەوتنی بیروباوەڕی باو"یش ناسراوە. ئەمەش بە مانای ئەوەیە کە کەسانێک بێ تێڕامان و بیرکردنەوە، بێئەوەی داوای بەڵگەی لۆجیکی بکەن، دەکەونە دوای تێڕوانینێک تەنھا لەبەرئەوەی کە زۆر کەسی تر باوەڕی پێیەتی. لە زمانی کوردیدا زۆرجار دەڵێین کەسێک وەک تووتی و بێ بیرکردنەوە ھەرچییەکی پێ بڵێیت دوبارەی دەکاتەوە، یان گەر کۆمەڵێک کەس وەک یەک قسەبکەن دەڵێین: ”ئەڵێی بە دەمی یەکدا ڕشاونەتەوە"، واتە ھەمان پەتای یەکیان گرتووە.

نموونە
کاتێک کۆمەڵێک کەس بە شێوەیەکی ڕێکخراو ھێرش دەکەنە سەر ژنێک یان پیاوێک کە بیروبۆچوونەکانی بە دڵی ئەوان نییە و بە ھۆکاری کێشەکانی کۆمەڵگە و میللەتی کوردی دەزانن و خەڵکێکی زۆریش بێ ئاگایانە دوایان دەکەوێت و قسە و ھەڵوێستەکانی کەسانی ھێرشکار بەرامبەر بە کەسەکە دوبارە دەکاتەوە.

ھەندێکجار ئەم شاڵاوە لە تۆمەتبارکردن، ناوزڕاندن، جنێودان و ھەڕەشەکردن مەترسی لەسەر کار، ژیان و وێنەی کەسەکە دروستدەکەن.

وەڵام
گرفتی سەرەکی ئەم جۆرە تێڕوانینە ئەوەیە کە تەنھا لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک شتێک دەڵێن، مەرج نییە ڕاست بێت. لە کۆتاییدا کەسی لۆجیکی داوای بەڵگە، داتا و لێکدانەوەی زانستی دەکات بۆ ھەر ئەنجامگیرییەک، نەک یەکسەر باوەڕ بە قسەی زۆرینە بکات.

ئەمە جگە لەوەی لە ئێستادا کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆلێکی گرنگ لە ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگەدا دەبینن، ڕەنگە کەمینەیەک لە خەڵک خۆیان وەک زۆرینەیەک دەربخەن بەبۆنەی ئەوەوە کە ھەر کەسێکیان دەتوانێت چەند ئەکاونتێکی ساختەی  ھەبێت و وەک چەند کەسێک خۆی نمایشبکات. 

مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لە بەهەڵەدابردنی دوای خەڵک کەوتن.

بۆ نموونە کاتێک زۆرینە بڕوایان وابووە زەوی تەختە و ئەو کەسەیان بە کافر چواندووە کە بۆ یەکەمجار وتوویەتی زەوی خڕە، کاتێک کەسانی ساڕێژکەر وەک ساحیر سەیرکراون و لەلایەن زۆرینەوە پەلاماردراون و کوژراون، کاتێک مرۆڤی ڕەشپێست وەک کۆیلە سەیرکراوە و گەر نافەرمانی کردبێت بە کۆمەڵ پەلاماردراوە و پارچەپارچە کراوە.

زۆرجار ئەوانەی بەم شێوەیە بیردەکەنەوە دەڵێن: ”دووکەڵ بەبێ ئاگر نییە، دیارە قسەکە ڕاستە بۆیە خەڵکێکی زۆر وا دەڵێت". لە ڕاستیدا زۆرجار دووکەڵێکی زۆر بەبێ ئاگر دروستکراوە، خەڵکێکی زۆری پێ گەوجێندراوە و ھەموویان دوای دەنگە نامەنتقییەکان کەوتوون.


AM:02:24:11/03/2024