"لغاو" کردنی رووداو
رەحمان غەریب

هەندێ مامۆستای زانکۆ، چالاکوانی مەدنی، رۆژنامەنوس، نوسەر، چالاکوانی سیاسی، پێشمەرگەی دێرین، خوێنکاری یاسا، پزیشک، خوێنکار، کارمەند، ئەندازیار، ئەفسەر، فەرمانبەر، چالاکوانی ئافرەت، دەرچووی زانکۆ، مامۆستا، بەڵێندەر، وەرگێڕ، پارێزەر، تەنکیکاری پزیشکی، پسپۆری زانستە سیاسییەکان، خوێنکاری دکتۆرا، پۆلیس، گۆرانیبێژ ئەندامی ئەنجومەنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بەرپرسی رایەڵەی بزوتنەوەی گۆڕانیشی تێدایە، لە بەیاننامەیەکیاندا داوای" لغاو" کردن و "کۆنترۆل"کردنی کەناڵی (رووداو)یان کرد.

لغاوکردن بۆ داخستنی دەمی هەندێ ئاژەڵ وەکو گوێدرێژو رەشەوڵاخ بەکاردێت. پێدەچێت واژووکەران لە پەلە پەلی پرۆتستۆکردنی کەناڵی (RUDAW)، ئەویان لەیاد چوبێت کە ئەو دەستەواژانەی بەکاریان هێناوە، لایەق نین لە زمانی کەسانێکەوە بوترێت کە خاوەنی بڕوانامەی باڵای زانستین.

بۆ نمونە ئەگەر یەکێک لەو خاوەن بڕوانامە بەڕێزانە بێنە کوردستان لە ناو زانکۆی سلێمانی یان لە قاوەخانەی کەلتوری کۆڕێک یان کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسی ببەستن، رۆژنامەنوسێک پرسیاری لێ بکات " ئەرێ مامۆستای بەڕێز بۆ وا پەلە پەل قسە دەکەیت خۆ نەقیزەت لێنادەن؟"

هەقە ئەو مامۆستایە توڕە بێت و بە رۆژنامەنوسەکە بڵێت: بەکارهێنانی ووشەی نەقیزە بێ ئەدەبییە لە تۆوە". منیش لەوێ بم پشتگیریت دەکەم مامۆستای بەڕێز. ئاخر هەقی خۆتە "نەقیزە" بۆ گوێدرێژ، بکاردەهێنرێت. تەنانەت حزبی کەرانیش لەدژی نەقیزە لە گودرێژەی بەدبەخت، حزبی ئۆپۆزسیۆنیان دژ بە ئینسان لە کوردستان و ئەورپایش، دامەزراند.

نابێت دژی هیچ کەسێک بین کە لەگەڵ سیاسەتی هەواڵسازی کەناڵی (رووداو)دا نییە. هەموو واژووکەرێکی ناو بەیاننامەکە مافی خۆیەتی ئەو کەناڵەو بەڕێوەبەرەکەی بداتە دادگا، مافی هەموو کەسێکە کە (رووداو) لە ئامێری سەتەلایتەکەی ماڵەوە و نوسینگەکەی خۆی بسڕێتەوە، مافی هەموو کوردێکە تەماشای (رووداو) نەکات، گوێ لە رادیۆکەی نەگرێت، رۆژنامەکەی نەخوێنێتەوە. بەڵام هەق نییە ئەو بەڕێزانە ئەو مافە بە خۆیان بدەن کوڕ و کچی گەنج بێژەرە سەرسپی ئەو کەناڵە بە هەندێ رەشەوڵاخ، بشوبهێنن.

منیش سەرنجم هەبووە لەسەر سیاسەتی ئەو کەناڵە لە مەڕ روماڵکردنی هەواڵی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و شەڕڤانانی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە). ئەوان وەک بەشێک لەسەنگەری پیرۆزی نیشتمانیمان، نابێت بەکەمی تەماشای داستانەکانیان بکەین، بەڵام ناکرێت داوای مقستی "رەقیب"یان بۆ بکەین، ئەی بەشێک لە ئێوەی نوسەر قوربانی دەستی" رەقیب" نەبوون؟ ئەی بەشێک لە ئێوە قوربانی سیاسەتی کۆنترۆڵکردن و زەوتکردنی ئازادی نەبوون؟ هەر لەبەر ئەوە نەبوو ئێستا پەناهەندەی وڵاتانن؟

PM:04:50:18/08/2014