لە بەغدا هاوپەیمانەکانی سەدر و ئەمریکا رووبەڕووی هێرش بوونەوە



رووداو, میترۆ

بەغدا 24 کاژێری زەحمەتی بەڕێکرد و تێیدا هێرشکرایە سەر بارەگای سێ پارتی هاوپەیمانیی رەوتی سەدر، کە سەرقاڵی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقە، لەگەڵ هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و ناوچەی سەوز کە دوو برینداری لێکەوتەوە. "گرووپەکانی بەرگری"یش دەڵێن ئێمە لە پشت هێرشەکانەوە نین.
 
دوای ئەوەی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 13-1-2022، لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەغدا رووبەڕووی هێرشێک بوویەوە و چەند کەسێکی نەناسراو بۆمبێکیان فێڕدایە نێو بارەگاکەوە، بۆ ئێوارەی پێنجەشەممە چەند مووشەکێک لە ناوچەی دۆرە بەغداوە ئاراستەی ناوچەی سەوز کران و یەکێک لەو مووشەکانە لە قوتابخانەیەک بەناوی ئیلافەوە کەوتە خوارەوە، بەپێی شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئافرەتێک و کچێک بەو هۆیەوە برینداربوون.
 
دیمەنەکانی شەوی پێنجشەممە نیشانی دەدن کە سیستەمی دژە مووشەکیی ناسراو بە"سیرام"ی سەر بە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا رووبەڕووی دوو لە مووشەکەکان بووەتەوە و دووانیان خرانەخوارەوە، مووشەکی سێیەمیشیان لەنزیکی باڵیۆزخانە کەوتە خوارەوە.
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنی لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند: "لەکارێکی تیرۆریستیی ترسنۆکانەدا، دانیشتووانی ناوچەی سەوز لەبەغدا و بارەگای نێردە دیپلۆماسییەکان کە هێزە عێراقییەکان ئەرکی پاراستنیان لەئەستۆگرتووە رووبەڕووری هێرشێکی مووشەکی بوونەوە".
 
باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەعێراق لە راگەیێنراوێکدا ئاشکرایکرد "کۆمەڵگەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەلایەن گرووپێکی تیرۆریستی کە کار بۆ نەهێشتنی ئاسایش لەعێراق و سەرەوەرییەکەی و پەیوەندییە نێودەوڵەوتییەکانی دەکەن، رووبەڕووی هێرش بووەوە، ئەو هێرشانە تەنیا هێرش نین بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکان، بەڵکو بۆ سەر سەرەوەریی عێراقیشە".
 
رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 13-01-2022 بۆ سەر سەر ناوچەی سەوزی بەغدا رایگەیاند، ئەوانەی بانگەشەی بەرخودان دەکەن، ژن و منداڵ لە ناوچەی سەوز دەکەنە ئامانج.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، کە خۆی و رەوتەکەی بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و رێوشوێنەکانی پێش و دوای ئەوەوە سەرقاڵن، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر هێرشەکانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکای لە بە‌غدا بە "پیلانگێڕی" ناوبردووە و بە هێرشبەرەکان دەڵێت، بۆ ئەوەیانە پاساو بدەنە ئەمریکا چەک بەکاربهێنێت.
 
چەند کاژێرێک دوای هێرشەکەی سەر ناوچەی سەوز، لە دیمەنێکی ڤیدیۆییدا  دوو سەرنشینی ماتۆڕسکیلێک لەناوچەی ئەعزەمییەی بەغدا بۆمبێک هەڵدەدەنە نێو بارەگای پارتی تەقەدوم کە محەممەد حەلبووسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرۆکایەتی دەکات، لە راگەیێنراوێکدا پارتی تەقەدوم رایگەیاند" گرووپێکی لە یاسادەرچوو ئەو هێرشەیان کردووە. ئەمەش دوای ئەو دەستکەوتانە دێت کە هاوپەیمانی تەقەدوم بەهاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەشانی نیشتیمان لەپێناو عێراق بەدەستیهێناون لەپێناو عێراقێکی ئاسایش و گەشەسەندووی بێ مێلیشیاکان".
 
هەروەها بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 14-1-2022، بارەگای هاوپەیمانی عەزمی سوننەکان کە هاوبەشێکی موقتەدا سەدر و رەوتی سەدرین لەهەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق رووبەڕووی هێرش بووەوە و بە بۆمب هێرشکراوەتە سەر بارەگایەکی ئەو حیزبە لەناوچەی یەرموکی بەغدا.
 
هێرشەکانی سەر بەغدا بەتایبەت ناوچەی سەوز کاردانەوەی زۆری بەدوادا هات، هەریەک لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی قیوە دەولە و عەمار حەکیم سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد ، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق لەراگەیێنراوێکدا هێرشی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و ناوچەی سەوزی لەبەغدا بە هەوڵی زۆر بۆ تێکدانی سەقامگیری عێراق ناوهێنا و ئاسایش و ئاشتی بە دوو مەرجی سەرەکی هەژمارکرد بۆ سەروەریی عێراق.
 
غازی فەیسەڵ، بەڕێوەبەری سەنتەری رافیدەین بۆ توێژینەوەی ستراتیژی لەبارەی هێرشەکانەوە دەڵێت: "زیانی زۆری بۆ سەر سەروەریی عێراق دەبێت و پێشێلکارییەکی زەقی ئاسایشی نیشتیمانی عێراقە".
 
هەرچەندە ئەو جۆرە هێرشانە لە هێرشی ئەو گرووپانە دەچن، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەنگیان بەرێژەیەکی بەرچاو کەمیکرد، بەڵام بەرپرسانی ئەو گرووپانە رەتیدەکەنەوە لە پشت هێرشەکانی ئەمدواییە بن.
 
ئەبو عەلی عەسکەری، لە تویتێکدا نووسی: "ئەو باندانەی پەیوەندییان بە ئیمارات و بەریتانیا هەیە، لە پشت هێرشەکەی سەر ناوچەی سەوزن، ئەمەش وەڵامێکیانە بۆ بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی".
 
رۆژی پێنجشەممە، 13-01-2022 لەسەر سکاڵای پەرلەمانتار باسم خەشان و مەحموود داوود یاسین، دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاری راگرتنی کاتیی دەستەی هەڵبژێردراوی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی دەرکرد.
 
هەر سەبارەت بە هێرشەکەی سەر ناوچەی سەوز، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق لە تویتێکدا نووسی: "بە ئامانجکردنی ناوچەی سەوز لەو کاتەدا و بەشێوازی کۆن، هەوڵێکە بۆ تێکەڵکردنی کاخەزەکان، بۆیە دووپات لە بڕیاری گرووپەکانی بەرگریی دەکەینەوە کە لەم کاتەدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا نەکەنە ئامانج".



PM:12:54:15/01/2022




ئه‌م بابه‌ته 2432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌