لە 10 ساڵی رابردوودا زیاتر دوو هەزارو 600 پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنوسان ئه‌نجامدراوه‌





میترۆ، شارپرێس 
سەنتەری‌ میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان رایگەیاند، لە 10 ساڵی رابردوودا زیاتر دوو هەزارو 600 پێشێلکاریان بەرامبەر رۆژنامەنوسان و میدیاکاران و دەزگاکانی‌ راگەیاندن تۆمار کردوە.

ئەمرۆ یەک شەممە لە مەراسمێکدا سەنتەری‌ میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامەنوسان ئاماری پێشێلکارییەکانی‌ ساڵی‌ 2021 بەرامبەر رۆژنامەنوسان و میدیاکاران و دەزگاکانی‌ راگەیاندن بڵاوکردەوە کە بەپێی ئەو ئامارە لەو ساڵەدا 353 حاڵەتی‌ پێشێلکاری بەرامبەر 260 رۆژنامەنوس و میدیاکارو دەزگای راگەیاندن روویداوە.

هەر لەو ساڵەدا 25 حاڵەتی دەستبەسەرکردنی‌ رۆژنامەنوس و میدیاکار بەبێ بریاری دادوەر روویداوەو 13 حاڵەتی‌ هەڕەشەکردن و ٧ حاڵەتی‌ دەستگرتن بەسەر کەلو پەلی رۆژنامەوانی و دوو حاڵەتی‌ هەڵکوتانە سەر دەزگای راگەیاندن و یەک کەیسی‌ تەقەکردن هەبووە.

هەر بەپێی ئامارەکەی‌ سەنتەری‌ میترۆ لەماوەی‌ 10 ساڵی‌ رابردوودا دوو هەزارو 600 پیشێلکاری جۆراو جۆر بەرامبەر رۆژنامەنوس و میدیاکار و دەزگکانی‌ راگەیاندن بووە، کە لەناویاندا سێ رۆژنامەنوس تیرۆر کراون و  7 رۆژنامەنوسیش لەشەڕی دژی داعش شەهید بوون.

هەر لە راپۆرتەکەی‌ سەنتەری‌ میترۆ ئاماژە بە هەراسانکردنی‌ رۆژنامەنوس و میدیاکاری‌ مێینە کراوە کە لەلایەن هاوکارەکانیان و هاوپیشەکانیانەوە ئەو هەراسانکردنانە روویانداوە.

هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو، کە چەندین حاڵەتی‌ هەراسانکردنی‌ ئەلیکترۆنی‌ بەرامبەر رۆژنامەنوسان و میدیاکاران لەناو و دەرەوەی‌ دەزگاکانی‌ راگەیاندن رویانداوە.


PM:01:06:16/01/2022




ئه‌م بابه‌ته 2360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌