ڕاپۆرتی‌ ڕه‌وشی‌ ئازادی‌ ڕۆژنامه‌نوسی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ڕاگه‌یه‌ندرا




میترۆ، ڕادیۆ نه‌وا 
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنووسان رایگەیاند، لە ساڵی 2021دا 353 پێشێلكاری بەرامبەر بە 260 رۆژنامەوان و دامەزراوەی میدیایی كراون.

سەنتەری میترۆ لە رێوڕەسمێكدا لە شاری سلێمانی راپۆرتی رەوشی ئازادیی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021 خستەڕوو و تێیدا دیار محەمەد بەڕێوەبەری سەنتەرەكە وتی، لە 10 راپۆرتی رابردودا لە ساڵەكانی 2011 بۆ 2020، 2 هەزار 632 پێشێلكاری بەرامبەر بە دوو هەزار و 165 رۆژنامەنووس و كەناڵی راگەیاندن كراوە، كە سێ لە كەیسەكانی ئەو ماوەیە كەیسی تیرۆرن.

هێمای بۆ ئەوەش كرد، لە ساڵی 2021 وەك ژمارە ئاستی پێشێلكاری بەرامبەر بە ئازادیی كاری رۆژنامەنووسی بە رێژەی 8٪، بەراورد بە ساڵی 2020 كەمیكردووە، ئەوەش مانای ئەوە نادات كە ژینگەی كاركردن بێخەوشە، بەڵام جۆری پێشێلكارییەكان گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە، ئەوەش بەكارهێنانی ماددەكانی یاسای سزادانی عیراقییە بۆ دۆسێكانی بڵاوكردنەوە و ئازادیی رادەربڕین.

 بەپێی ئامارەكانی سەنتەرەكە، لە ساڵی رابردودا 353 پێشێلكاری بەرامبەر بە 260 رۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی كراوە، كە بریتین لە "189  رێگری و جیاكاری،81  هێرش و لێدان و سوكایەتی 25 دەستبەسەركردن بەبێ بڕیاری دادگا،  25كەیسی زەوتكردنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی، 13 كەیسی هەڕەشەكردن،  7كەیسی شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی، یەك كەیسی تەقەكردن لە رۆژنامەنووسان، 4 كەیس و حاڵەتی رۆژنامەنووسی حكومدراو بەدەر لە یاسای كاری رۆژنامەگەری،2  كەیستی هەڵكوتانە سەر و داخستنی بارەگای كەناڵەكان و 6 كەیسی پڕكردنەوەی بەڵێننامە لەلایەن دامەزراوەكانەوە.


PM:02:01:16/01/2022




ئه‌م بابه‌ته 3080 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌