ئاماری 2021 ی پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنوسان بڵاوكرایەوە




میترۆ، هاوڵاتی‌ 
بەپێی ئاماری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی ڕۆژنامەنوسان، لە ساڵی 2021 دا 353 پێشێلكاری بەرامبەر بە 260 رۆژنامەنوس و دامەزراوەی میدیایی لەهەرێمی كوردسان ئەنجام دراون.

بەپێی ڕاپۆرتەكەی سەنتەری میترۆ كە ئەمڕۆ 16/1/2022 لە سلێمانی بڵاویكردەوە، 189 رێگری و جیاكاری و 81 هێرش و لێدان و سوكایەتی و 25 دەستبەسەركردن بەبێ بڕیاری دادگا و 25 زەوتكردنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی، 13 هەڕەشە، حەوت شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی، یەكجار تەقەكردن لە رۆژنامەنوس و چوار حوكمدانی رۆژنامەنوس بەدەر لەیاسای كاری رۆژنامەوانی و دوو هەڵكوتانەسەر و داخستنی كەناڵ لە 2021 تۆماركراوە، هەروەها شەش بەڵێننامەش بە رۆژنامەنوس لەو ساڵەدا پڕكراوەتەوە.

هەر بەپێی ڕاپۆرتی سەنتەری میترۆ، لەساڵی 2011 بۆ ساڵی 2020 دوو هەزار و 632 پێشێلكاری بەرامبەر بە دوو هەزار و 165 رۆژنامەنوس و كەناڵی ڕاگەیاندن تۆماركراوە، سێ رۆژنامەنوسیش تیرۆر كراون كە هەریەك لە كاوە گەرمیانی و وەدات حسێن و ئەركان شەریف بوون، هەروەها هەریەك لە رۆژنامەنوسان دەنیز فورات و شیفا گەردی و مستەفا سەعید و ئەحمەد هاجەر و بەختیار حەداد و ستیڤان فلینۆف و نۆژیان ئەرهان، لەمیانی روماڵكردنی شەڕی داعش كوژراون.

هەر لەماوەی نێوان 2011 بۆ 2020 دا 41 برینداربوون بە فیشەك و بۆمب هەبووە و 35سوتاندن و تێكدان و داخستنی كەناڵ هەبوون، 547 جاریش لێدان و سوكایەتی و هەڕەشە بەرامبەر رۆژنامەنوسان بەكارهاتووە و 345 رۆژنامەنوسیش بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیركراون، دەستگیركردن بەدەر لە یاسای كاری رۆژنامەوانی 100 حاڵەت تۆماركراوە، هەزار و 113 رێگری و جیاكاریش كراوە، شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەوانیش 130 حاڵەت تۆماركراوە لەگەڵ 219 حاڵەتی زەوتكردنی كەل و پەلی رۆژنامەوانی و سوتاندنی ئۆتۆمبێلی سێ رۆژنامەنوس.

هەر بەپێی ئامارەكەی سەنتەری میترۆ، لەماوەی 2011 بۆ 2020 تەقەكردن لەرۆژنامەنوس و هەڵكوتانە سەر ماڵەكانیان 40 حاڵەت تۆماركراوەو 16 جاریش تەشویش و هێرشی ئەلیكترۆنی كراوەتە سەر میدیاكان، 10 جاریش بەڵێننامە بە رۆژنامەنوسەكان پڕكراونەتەوە جگە لە 12 جار ڕاگرتنی پەخش، هاوكات هەشت حاڵەتی هەراسانكردنی سێكسی بەرامبەر رۆژنامەنوسانی ژن تۆماركراوە و سێ رۆژنامەنوسیش رێگرییان لێكراوە گەشتی دەرەوەی وڵات بكەن.


PM:02:08:16/01/2022




ئه‌م بابه‌ته 2888 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌