مافی مرۆڤ: ئێران بەردەوامە لە پێشێلکردنی یاساکانی مافی مرۆڤ



وێستگەنیوز,میترو
ڕێکخراوە مەدەنیەکانی مافی مرۆڤ، حکومەتی ئێران تۆمەتبار دەکەن بەوەی یاساکانی مافی مرۆڤی پێشێلکردووە بە لەسێدارەدانی مێردمنداڵێک، کە تەمەنی 17 ساڵ بووەو بە دۆسیەی کوشتن تۆمەتبار کرابوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی کانوونی دووەمی 2022، نووسینگەی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بەرێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە ڕایگەیاند، ''حاڵەتەکانی لە سێدارەدان لە ئێران بۆ رێژەیەکی زۆر بەرز بۆتەوە بە جۆرێک لە مانگی رابردو 45 حاڵەتی لە سێدارەدان هەبووە. دەشڵێت، ناتەواوی زۆر لە یاساکانی دادگایکردن لە ئێران هەیە.''

هاوکات، ''لەگەڵ حکومدانی ئارمان عەبدولعالی بەسزای لە سێدارەدان کە تەمەنی 17 ساڵە و بە دۆسیەی کوشتن تۆمەتبارە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هاتوونەتە دەنگو سزاکە بە خۆ سەپێنی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران ناودەبەن.''

لەلایەکی دیکەوە، کازم غەریب ئابادی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە ئێران رایگەیاند، ''لەسێدارەدانی تاوەنبارانی خوار 18 ساڵ لە ئێران کارێکی نایاسای نیە و دژی هیچ کام لەو رێکەوتنە نێودەوڵەتیانە نیە کە ئێران واژۆی کردون.''

بە پێی راپۆرتێکی سکای نیوزی عەرەبی تا ناوەراستی مانگی 11ی ساڵی رابردو 254 حاڵەتی لە سێدارەدان هەبووە و لە سەرەتای دەستبەکاربوونی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری نوێی ئەو وڵاتە لە مانگی 7ی ساڵی رابردووەوە ژمارەی حاڵەتەکان 210 حاڵەت بووە.



PM:08:52:26/01/2022




ئه‌م بابه‌ته 612 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌