شارپرێس
له‌كاتی روماڵی پرۆسه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت به‌رپرسێكی سه‌ربازی له‌شاری سلێمانی هێرش ده‌كاته سه‌ر نێردراوی شارپرێس.
پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه) له‌بنكه‌ی روناكی له‌گه‌ڕه‌كی به‌كره‌جۆی شاری سلێمانی به‌رپرسێكی سه‌ربازی هێرش ده‌كاته سه‌ر (هێمن حه‌سه‌ن) نێردراوی شارپرێس له‌كاتی رووماڵی پرۆسه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت.
هێمن حه‌سه‌ن به‌شارپرێسی راگه‌یاند له‌و كاته‌ی له‌بنكه‌ی ده‌نگدان بووه، به‌رپرسێكی سه‌ربازی ویستوویه‌تی ده‌نگ بۆ پێشمه‌رگه‌یه‌ك بدات، چاودێرانی بنكه‌كه‌ش رێگرییان لێكردووه، ئه‌ویش كاتێك وێنه‌ی سه‌رپێچییه‌كه‌ی گرتووه، به‌رپرسه‌كه په‌لاماری داوه‌و پاش جنێودان ده‌ستی گرتووه به‌سه‌ر كامێراكه‌یدا.
هێمن حه‌سه‌ن ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد پاشتر له‌لایه‌ن تیمی ئه‌منی بنكه‌كه‌وه ناچاركراوه وێنه‌كان بسڕێته‌وه ئینجا كامێراكه‌ی پێدراوه‌ته‌وه، له‌كاتێكدا ئه‌و بنكه‌یه بۆ روماڵی رۆژنامه‌نووسان كراوه بووه.
ره‌حمان غه‌ریب رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ به‌شارپرێسی راگه‌یاند له‌رۆژی ده‌نگدانی تایبه‌تدا چه‌ندین سه‌رپێچی به‌رامبه‌ر به‌رۆژنامه‌نووسان له‌لایه‌ن میترۆوه تۆماركراوه.
ره‌حمان غه‌ریب وتی "توندوتیژی به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌و هێزێك هه‌یه له‌ناو حكومه‌تدا كه رێز له‌كاری رۆژنامه‌نووسی ناگرێت".
رێكخه‌ری میترۆ ره‌خنه‌ی له‌كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش گرت به‌وه‌ی ئه‌و بنكانه‌ی بۆ روماڵی كاری رۆژنامه‌نووسی كراونه‌ته‌وه سنوردارن.