كۆمەڵناسێك هۆكارەكانی تاوانی کوشتن روون دەكاتەوە: دادپەوەری و سەروەریی یاسا، گرنگترین فاكتەرن بۆ چارەسەر




میترۆ, basnews

توێژەرانی کۆمەڵایەتی و دەروونی پێیان وایە، کۆمەڵێک هۆکار لەپشت زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و لەپشت ئەوانیشەوە تاوان و کوشتندا هەن، کە ماوەیەك لانی كەم هەفتانە رووداوی کوشتن و تاوانی هێدمەبەخش لە میدیاکانی كوردستاندا، دەبنە مانشێتی سەرەکی.

لە چەند رۆژی رابردوودا کارەساتی کوشتنی دوو مامۆستا بە دەستی قوتابییەک، رووپەڕی سەرجەم میدیاکانی لە هەرێمی کوردستان داپۆشی، کارەساتێک، کاریگەریی لەسەر دەروونی تاکەکانی کۆمەڵگادا دانا.

هەر ئەمڕۆش لەلایەن برایەکەوە، خوشکێكی و زاواكەی، بە بەرچاوی خەڵکەوە خەڵتانی خوێن کران، لەمبارەیەوە توێژەرانی کۆمەڵایەتی و دەروونی، ئەوە بە مەترسییە گەورەکە دەزانن، کاتێک کۆمەڵگا لەسەر قبووڵکردن وبیستنی ئەو تاوانانە رابێت.

د.شڤان ئیسماعیل، پسپۆڕ و مامۆستای کۆمەڵناسی لە زانکۆی سەڵاحەدین، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، کارەساتی بەرزبوونەوەی رێژەی تاوان لە کۆمەڵگاکەمان له‌وه‌دایه‌، كاتێك باسی كاره‌ساتێك ده‌كه‌ین، رێژه‌ی كاریگه‌ریی ئه‌و كاره‌ساته‌ له‌سه‌ر کۆی كۆمه‌ڵگه‌ زۆر زیاتره‌ لەو تاوانەی کە ڕووی داوە، چونکە ئەوە لە هەموو روویەکەوە فشار لەسەر دەروونی تاکەکان دروست دەکات و ئەو فشارەش کاریگەریی خراپی دەبێت بۆ دووبارەكردنەوەی تاوان.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ لەبارەی هۆکارەکانیشەوە، چەند هۆکارێکی خستە ڕوو، لەوانە كولتووری توندوتیژی، گوتیشی: ”بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان، له‌ بچووكترین حاڵه‌تدا په‌نا بۆ چه‌ك ده‌به‌ن و چه‌كیان كردووه‌ته‌ زمانی گفتوگۆ و بووه‌ته‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی کێشەکان، کە ئەوەش کۆی پڕۆسەی پەروەردە لێی بەرپرسە."

هاوکات، جەختی لەوە کردەوە، ئەو شەڕانەی یەخەی هەرێمی کوردستانیان گرتووە، لە شەڕی داعشەوە تا دەگات بەو مووشەکانەی ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، هۆکار و فاکتەری توندوتیژ و کاریگەریی خراپیان لەسەر دەروونی تاکەکان هەیە و ئەوەش ئاستی بەرگەگرتنی کەم کردوونەتەوە، گوتیشی: ”تەنانەت پەتای کۆرۆناش کاریگەریی خراپی لەسەر دەروونی تاکەکانی کۆمەڵگا داناوە، چونکە دۆخێکی ناخۆش و ئاڵۆزی بۆ دەروونی تاکەکان بە گشتی هەبووە."
ئەو کۆمەڵناسە، جەختی لەوەش کردەوە، زۆر لەو تاوانانەی ئێستا لە کۆمەڵگا روو دەدەن، نامۆن بە کۆمەڵگاکەمان، ئاخر هیچ کات، دیاردەی کوشتنی مامۆستا بە دەستی قوتابی، سەربڕینی دایک بە دەستی کوڕ، کوشتن لەسەر شکانەوەی ئۆتۆمبێل ...هتد نەبووە، ئەو کێشانە دەکرێ زۆر بەئاسانی و بە زمانی گفتوگۆی مەدەنییانە چارەسەر بکرێن، گوتیشی: ”ئەوەی راستی بێت، کۆی سیستەمەکە پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە، گرنگە سزا بۆ تاوانبار بەزوویی جێبەجێ بکرێت و کۆمەڵگەی لێ ئاگادار بکرێتەوە، دادپەوەری و سەروەریی یاسا گرنگترین خاڵە بۆ چارەسەر."



AM:11:08:06/07/2022




ئه‌م بابه‌ته 1076 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌