نامەی نێوان ماسنجەر و ئینستاگرام و واتسئەپ بەیەکەوە دەبەسترێتەوە





میترۆ، NRT2
فەیسبووك پلانی ئەوەی هەیە کە خزمەتگوزارییەکی نامەناردن بۆ پێکەوە بەستنەوەی واتسئاپ و ماسنجەر و ئینستاگرام دروستبکات .

لە هەواڵێکدا رۆژنامەی نیویۆرك تایمز ئاماژەی بەوەکردووە، خزمەتگوزارییەکە بەجۆرێكە بەکارهێنەرێکی واتسئاپ بتوانێت بە نامە قسە لەگەڵ بەکارهێنەری فەیسبووك و ماسنجەردا بکات، بە هەمان شێوە بەکارهێنەری ماسنجەر و ئینستاگرام دەتوانن نامە بنێرن بۆ کەسێك کە واتسئاپ بەکاردەهێنێت.

هەریەکە لە ماسنجەر و ئینستاگرام و واتسئاپ وەکو خۆیان بە بەرنامەی جیاواز لەسەر شاشەی مۆبایل دەمێننەوە و تەنها تایبەتمەندی نامە ناردن لە نێوانیاندا دەبەسترێتەوە.

ئامانج لە بەستنەوەی ئەم بەرنامانە ئەوەیە کە بەکارهێنەران لە ناو تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووكدا بهێڵنەوە، کە ماوەی ١٥ ساڵە دامەزرێندراوە، هەروەها ئەمە ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ ئەم کۆمپانیایە تا بتوانێت ڕکابەری تەکنەلۆژیا گەورەکانی وەك گوگڵ و ئەپڵ بکات.

بەگوێرەی هەواڵەکە، قۆناغی جێبەجێکردنی بەستنەوەی ئەم تۆڕانە بەیەکەوە لە سەرەتادایە و لە ساڵی ٢٠٢٠ تەواودەبێت.

ئەم بیرۆکەیە بۆ ئەوەیە کە پەیوەندی نێوان ملیاران بەکارهێنەری ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانە کە فەیسبووك خاوەنییەتی ببەستێتەوە بەیەکەوە.

وتەبێژی کۆمپانیای فەیسبووك لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی: ئارەزوو دەکەین باشترینەکان بەرهەمبهێنین بەجۆرێك وابکەین تایبەتمەندی نامە ناردن باشتر بێت، هەوڵی ئەوە دەدەیت کە ڕێگەکانی پەیوەندیکردن ئاسانتر بکەین لە نێوان خێزانەکان و هاورێکاندا، خەڵكیش ئەوەیان دەوێت کە نامە ناردن خێرا و سادە و جێی متمانە بێت.


AM:11:55:26/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌