ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی ئێران: زیاتر لە 200 کەس لە خۆپێشاندانەکاندا کوژراون




ئەنجوومەنی ئاسایشی باڵای ئێران رۆژی شەممە رایگەیاند، زیاتر لە 200 کەس لە خۆپێشاندانەکاندا کوژراون، کە لەدوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینییەوە دەستیان پێکردووە؛ بەڵام رێکخراوە ناحکومییەکان باس لە کوژرانی نزیکەی 450 کەس دەکەن.
 
ژینا ئەمینی، کچە کوردێکی 22 ساڵانی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، رۆژی 16ی ئەیلوول بە تۆمەتی نەگونجانی سەرپۆشەکەی، پۆلیسی رەوشتی ئێران دەستگیریکرد و دواتر گیانی لەدەستدا. بە گوتەی باوکی بۆ رووداو، ژینا لەلای پۆلیسی رەوشت زەبر بەر سەری کەوتووە و کوژراوە.
 
میدیای فەرمیی ئێران لە زاری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە، ژمارەی خەڵکی کوژراو لە ماوەی خۆپێشاندانەکاندا "200 کەسی تێپەڕاندووە."
 
گوتیشی، ئەو ژمارەیە ئەندامانی پۆلیس، خەڵکی سڤیل و ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە بە "جوداخواز" و "ئاژاوەگێڕ" ناوی بردن، کە مەبەست لێی خۆپێشاندەرەکانە.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە کە چەند رۆژێک لەمەوبەر، جەنەراڵێکی سوپای پاسداران بۆ یەکەمجار رایگەیاند، زیاتر لە 300 کەس لە خۆپێشاندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە. ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران گوتی، جگە لە زیانی گیانی، ئاڵۆزییەکان ملیۆنان دۆلار زیانی ماددیان هەبووە.
 
رێکخراوی ناحکومیی مافەکانی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە ئۆسلۆیە، رۆژی سێشەممەی رابردوو رایگەیاند، لانیکەم 448 کەس "لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون."
 
ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان هەفتەی رابردوو رایگەیاند، 14 هەزار کەس، لە نێویاندا منداڵ، لە خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەستگیر کراون. 

-Rudaw



AM:10:00:04/12/2022




ئه‌م بابه‌ته 236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌