(چاودێر) نامەگۆڕینەوەی نێوان د.یوسف گۆران و ستران عەبدوڵا بڵاودەكاتەوە






میترۆ، چاودێر
ئەدەبیاتی نامەنووسین لەنێوان دوو دۆست، یان دوو هاوڕێی یەك رێگا نەریتێكی قەدیمە. لەناو كوردیش هەیە. چەشنێكی باشە لە ئەدەبیات بۆ بیروڕا گۆڕینەوە ‌و گەرم كردنی گفتوگۆی دۆستانە. لێرە ئێمە دەستمان پێكردووە، بەس قەرار نییە مۆنۆپۆلی بكەین. دۆستی تریش دەتوانێ بەشدار بێت. پەسەند بكا ‌و رەت بكاتەوە ‌و هی دیكەشی بخاتە سەر.د. یوسف گۆران          ستران عەبدوڵڵا


هەڤاڵ ‌و هاوڕێم كاك د. یوسف، 
سڵاو و رێزی هەڤاڵانە
 ڕەنگە بە دەستپێشخەری یەكەم نامە خەونێكی دێرین بهێنینە دی، خەونی ژیاندنەوەی نامەی هەڤاڵێتی لە ژیانی حزبیدا كە وەك زۆر شتی تری حزبایەتی لە كوردستان كز ‌و كاڵ بۆتەوە. ڕاستە نامەكە من نووسیم، بەڵام بیرۆكەكە تۆ ژیانتەوە ‌و نێوانی دوو هەڤاڵیش بەم جۆرە پێشبڕكێیانە لە خاوەندارێتی پێشنیاز ‌و دەستپێشخەری ڕەنگە سەد جار باشتر بێت لە پێشبڕكێی باوی ئەمڕۆی ناو حزبایەتی ‌و ناو ناوەندی سیاسیی كوردستان كە دیارە لەسەر چییە ‌و بۆ چییە؟

نامەكەی خۆجە ئەحمەد داود ئۆغڵوم لەسەر دۆخی حزبایەتی ‌و حزبەكەی خۆی، ئاكپارتیم بەدیقەتەوە خوێندەوە. زۆر شتم سەرنج داێێ ‌و خەتم بە ژێر زۆر بیرۆكەدا هێنا و وەك نەریتی خراپی خوێندنەوەی بەكۆڵ، چڵكی پەراوێزی زۆرم پێوە لكاند.

دیارە وەك هەر شتێكی تری ئەدەبیاتی سیاسی لە توركیا بەشەكەی باسی دۆسێی كوردی لێ دەر بكە، كە لەوەدا قاسر ‌و قسوردارن، دەنا ئەویتری لەسەر حزبایەتی، بە دیتنی من توحەفەیەكە دەهێنێ تەرجەمە بكرێت ‌و ببێتە نموونە بۆ ئەدەبی بەرزی گفتوگۆی سیاسیی لەناو بەدەنەی هەر حزبێكدا كە دەیەوێ ئەندێشەی سیاسی فراوان بكات ‌و پەنجەرەی پاكژ ‌و بۆندار لەسەر ئایندەی خۆی بكاتەوە. خۆزگە دەرفەت هەبوایە وەك دابودەستوری جاران كە ئەزموونی گەلان لە هی چین ‌و ماچینەوە تا كوبا و كۆریا تەرجەمە دەكرا، دەبووە نموونە بۆ فێربوون ‌و دەرس لێ هەڵینجێنان. نموونەی دیموكراسی توركیا ‌و كێشمەكێشی حزبەكانی، بەتایبەتی نموونەی تا ئێستا موەفەقی ئاكپارتی، هی ئەوە نییە هەر لەبەر ناكامی دیموكراسییەكەی لە پرسی كورد، یان لەبەر ئەوەی سەر بە مەكتەبی ئیسلامیی سیاسییە، ئیتر ڕاست ‌و چەپی بەسەردا بهێنرێت ‌و كوشراوی چڕكراوەی ئەزموونی دەیەیەك لە ژان گرتن ‌و پیادەكردنی حزبایەتی هاوچەرخ، نادیدە بگیرێت.

نەمكرد، نەكا پیاو چاكێك خەبەرێ بدات كە نامەی ئۆغلو نوقرچی تێدایە ‌و بۆ پەزەكانی هەندێك خراپە. بەڵام پێم خۆشە، لەم دەستپێكی زنجیرە نامانەدا گفتوگۆی تەوەرە سەرەكییەكانی بكەین. 

نامەكەی ئۆغلو كە  نیسانی ئەمساڵ نووسیویتی  وردەكاری زۆری تێدایە لەسەر ئەزموونی حزبایەتی ‌و قووڵە لە هەڵسەنگاندنی دابونەریتی حزبی توركی ‌و رێرەوی ئاكپارتی. بۆ خۆم پێشتر سەرنجم وا بوو كە ئۆغلوی ئەكادیمیست هەر ئەوەیە كە بە پشتیوانی ساین ئەردۆگان پلەی سەرۆكی حزبی بەدەستهێنا ‌و بۆ كوێركردنەوەی گرێی بەختی سەركۆماری پێشوو، عەبدووڵڵا گویل، كە نەكا، دوای تەواوكردنی مودەتی سەرۆكایەتی، تەماحی سەرۆكی حزب بیگرێت. بەڵام وا دەبینم خۆجە بە قەدەر تێفكرێنی لە قوڵایی ستراتیجی ‌و باسی كتێبە مەشهورەكەی بە ناوی (قوڵایی ستراتیژی:
 پێگەی توركیا ‌و رۆڵی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا)، لە شەرحی حاڵی حزب ‌و ڕەهەندەكانی ململانێی حزبایەتیدا قسە ‌و قەولی هەیە.
هەڤاڵ:
 مەبەستم نییە بێژم هەرچی ئەو دەیڵێت راسپاردەی شایستەی كۆپیكردنە كە كەس ناخوازێت هیچ ئەزموونێك كۆپی بكرێت، بەڵام تاقیكردنەوەی كۆمەڵگەكان لە چین ‌و ماچین تا ئێران ‌و تۆران، بۆ تێفكرین ‌و عیبرەتە، وەك عەرەبیش دەڵێ: الامپال تچرب ولا تقاس.

 با بەركوڵێكی ئەو شیرینەت پێ بدەم، مادام رەمەزان تەواو بوو.

(لە ماوەی داهاتوودا، جیایی سەرەكی دەردەكەوێت لەنێوان
: ئەوانەی شەپۆلی رووداوەكان بەگوێرەی تێگەیشتن لە بەهای ساتەوەختە مێژووییەكە ئیدارە دەدەن ‌و... ئەوانەی: كە لەرێی دووركەوتنەوە لە بەهای راستەقینەی ساتەوەختە مێژووییەكە، دوای ئەم شەپۆلە دەكەون.

ئەو وڵاتانەی روانگەی خۆیان لەگەڵ سروشتی ساتەوەختی مێژوویی دەگونجێنن لەرێی رێبازێكی پتەو، كە شڵەژانە ناوخۆییەكان تێپەڕێنێت، هێزێكی وا پەیدا دەكەن دوارۆژی خۆیان لە چەند دەیە، بگرە لە چەد سەدەی داهاتووش، دیاری دەكەن.

 لێ ئەو وڵاتانەی  وزەی خۆیان لە شڵەژانی ناوخۆیی بەتاڵدا خەرج دەكەن، سەرەنجام، لە رێرەوی مێژوودا، نوێنەرایەتی گروپگەلێكی خراپ دەكەن. ئەم تەنگژانەی دواییش كە لە ئاستی ناوخۆیی ‌و هەرێمی ‌و نێودەوڵەتی دەقەومێن، مامانی ژانی لەدایكبوونێكی تری مێژوون)
تا ئێرە قسەی خۆجە داود ئۆغلو بوو، لەم بڕگەیەوە قسەی (هەڤاڵ) ئۆغلو دەست پێدەكات. 
تا نامەی داهاتوو هیوامە وەكو جاران، هەڤاڵ ، هەڤاڵ یەكێتی پێكبێنین.
 ستران عەبدوڵڵا
9/6/2019



 هەڤاڵ و هاوڕێم كاك ستران
پاش رێزو سڵاو
 بەڵێ كە نامەكەتم خوێندەوە، زۆر شت و بەهای جوانی(جارانم) هاتەوە یاد، لەوانەش ئەدەبی سیاسی نامە گۆڕینەوە‌، گومانم نیە كە دوبارە پەنابردن‌ بۆی، كارێكی بەسود دەبێ و تۆزێك لەئیسلوبی باوی ئێستای گفتوگۆی سیاسی و فیكری دورمان دەخاتەوە.

هەڤاڵ ستران...
 نامەكەی داوود ئۆغڵو بۆ رای گشتی توركیا سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی توركیاو پارتی دادو گەشەپێدان لە چەندین رەهەندەوە پرسیارو گفتوگۆ دەخاتە روو‌، ئەو پەرەگرافەی كە بەرێزتان ئاماژەتان پێداوە و باس لە تێگەیشتنی پرۆسەو دیدی سیاسی لە روانگەی تێگەیشتنی ساتەوەختی مێژویی وڵات و جیهانەوە قوڵاییەكی فیكری سیاسی دیاری تێدایە، ئەو بە مانایەكی تر دەیەوێ بڵێ كە سەركردە سیاسی و حزبیەكان ئەركە لەسەریان لە سەر بنەمای لێكدانەوەی گۆڕانكارییە خێراكانی سەردەم رۆڵ و پێگەی مێژویی وڵاتەكەیان دیاری بكەن، نەك لەسەر بنەمای كاردانەوەو ئیدارەدان، چونكە بە تێگەیشتنی ئێمە هەستنەكردن بە قورسایی ساتەوەختی مێژویی، وڵاتان و پارتەكان لە بكەرو یاریكەرەوە دەكاتە بینەر.

  منیش هەمان بۆچونی تۆم هەیە كە دیارە بیرو‌ڕاكانی لەمەڕ مەسەلەی كورد زۆر دواكەوتوە، بەڵام لەهەمان كاتدا رەخنەی ئاشكرای تێدایە سەبارەت بە سیاسەتی ئێستای توركیا بەرامبەر بە زمانەكان و پێكهاتەكان.
 لێرەوە بوارم بدە بچمە سەر بابەتێكی تری ئەم نامەیە كە تایبەتە بە كاری حزبی كە دەشێ بەشێكی بۆ كوردستان و ژیانی حزبیمان گونجاو بێت، لە بەشێكی نامەكەی داوود ئۆغڵودا هاتووە:

 پێنج بنەمای سەرەكی هەیە وادەكات بزوتنەوەو پارتە سیاسیەكان بكەری بەهەژمونی مێژوو بن:(١)بونی سیستمێكی ناوخۆیی هەماهەنگ لە پرنسیپ و بەها. (٢) بونی گوتارێكی گونجاو لەگەڵ ئەم سیستمی بەهایە. (٣) بو‌نی تۆڕێكی پەیوەندی كۆمەڵایەتی كراوە بەڕوی سەرجەم توێژەكان. (٤) بونی پەیكەرێكی رێكخستنی پتەو بۆ بەڕێوەبردنی كارای ئەم تۆڕە. (٥) بونی بیرێكی ئازاد و عەقڵێكی بەشدارپێكەر كە بوار بۆ گەشەكردنی ئەو سیاسەتانە خۆش دەكات كە گونجاو بێت لەگەڵ رۆحی سەردەم.

 كاتێك لەم بنەمایانە ورد دەبینەوە دەتوانین هۆكارەكانی سەركەوتن و شكستە سیاسی حزبیەكانمان ببینین، رەنگە سەرجەم ئەم بنەمایانە بۆ كوردستان دەقاودەق وەك هی سەرەوە نەبێت، بەڵام ئاشكرایە كزی و كاڵبونەوەی بەها سیاسی و حزبیەكان و نەبونی سیاسەتێكی گونجاو لەگەڵ ئەو بەهایانەی كە بزوتنەوەی سیاسیمان و شۆڕشی نوێی گەلەكەمان لە رێی پارتەكانمانەوە هەڵیانگرتبوو ئێستا بەشێكی گرنگی تەنگژەی سیاسی و حزبین لە هەرێمەكەمان.

   بەڕای  من هەریەكێك لەم پێنج بنەمایە دەكرێت بەجیا قسەی لەسەر بكرێت بۆ خوێندنەوەی واقعی حزبی و سیاسی خۆمان، هەروەها دەكرێت بۆ سەرلەنوێ بوژانەوەو نوێكردنەوەی كاری حزبی، چ لە ناوەوەی یەكێتی و چ بۆ دەرەوەی یەكێتی، ئامڕاز یان پێوەری سیاسی سود بەخش بن.

   داوود ئۆغڵو لەم نامەیەدا وەك دەردەكەوێ ئەوەندەی خەمی ئەو پڕۆژە مێژوییەیە كە پارتی دادوگەشەپێدانی بەرهەم هێنا ئەوەندە خەمی گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی نیە، ئەو بە ئاشكرا نیگەرانی خۆی ناشارێتەوە لە كاڵبونەوەی بەها مێژویی- كلتورییەكانی ئەو پڕۆژەیە، ئەو پێی وایە كە بەژەوەندی تاكەكەسی و توێژەیی رۆژ بەرۆژ گوتاری مەعنەوی ئەم پارتە لاواز دەكات. لێرەدا جەخت دەكاتە سەر بنەما ئەخلاقیەكانی سیاسەت و وەرگرتنەوەی باڵادەستی مەعنەوی و پارێزگاریكردن لە ناسنامەی حزبی پارتی دادو گەشە پێدان، ئەم خاڵانەی سەرەوە جێی سەرنجن و هاوشێوەی زۆری تێدا هەیە لەگەڵ پارتە سیاسییەكانی هەرێمەكەمان، بۆیە  دەكرێت بوارێكی تری گفتوگۆی ئایندەمان بێت. 

یوسف گۆران


PM:03:59:30/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌