رۆژنامەنوسێكی رادیۆی نەوا رێزی لێدەنرێت




میترۆ، رادیۆ نه‌وا
راگەیاندنكارو رۆژنامەنوسێكی رادیۆی نەوا لەلایەن دامەزراوەی هونەری و رۆشنبیری عەرەبی لەبەغدا رێزلێنانی قەڵغانی داهێنانی پێبەخشرا.

بە ئامادەبونی بەڕێوەبەری نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق، دامەزراوەی هونەری رۆشنبیری عەرەبی بەهاوكاری دامەزراوەی راگەیاندنی عیراقی و بە سەرپەرشتی وەهاب سەید سەرۆكی دامەزراوەی هونەری عەرەبی دەیەمین فێستیڤاڵی خۆی لە هۆڵی دامەزراوەی راگەیاندنی عیراقی لەبەغدا لەژێر ناونیشانی (راگەیاندن و رۆڵەكانی لەقۆناغی ئێستادا) رێكخست و تیایدا ژمارەیەك راگەیاندنكاری عیراقی رێزلێنانی بۆ كرا، محەمەد فاتیح حامید یەكێك بو لەو راگەیاندنكارانەو بەیەكەم راگەیاندنكاری كورد لە هەرێمی كوردستانی عیراق هەژمار دەكرێت كە ئەم خەڵاتەی وەرگرتبێت.

لە فێستیڤاڵەكەدا وەهاب سەید بەڕێوەبەری دامەزراوەی هونەری رۆشنبیری عەرەبی لە وتەكەیدا رایگەیاند: ئەم ڤیستیڤاڵە بۆ پاڵپشتی ئەو راگەیاندنكارانەیە كە داهێنانیان كردوە تاوەكو خەڵاتبكرێن.
لەلایەن خۆیەوە سادق فەرەج بەڕێوەبەری دامەزراوەی راگەیاندنی عیراقیش رۆڵی راگەیاندنكارە خەڵاتكراوەكانی بەرزنرخاندو بە دەستەبژێرێكی دیار ناوی بردن.

لەلایەن خۆشیەوە غەیدا قەیسی رێكخەری فێستیڤاڵەكە  لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ رادیۆی نەوا وتی: ئەم ئاهەنگی رێزلێنانە بۆ چەند پایەیەك لەپایەكانی راگەیاندن رێكخراوە كە هەمیشە بەبڵندی بەرەنگاری ستەم و گەندەڵی و ستەمكاری بونەتەوەو پەیوەست بون بە بنەماكان و ستاندارە ئەخلاقیەكانەوە.

وتیشی: ئەم رێزلێنانە بۆ ئەو راگەیاندنكارانەیە كە نمونەیین و كاری نمونەیان پێشكەشكردوەو بەرەنگاری گەندەڵی بونەتەوەو رۆڵێكی باڵایان هەبوە لە گەیاندنی دەنگی هاوڵاتیان و چارەسەركردنی كێشەكانیان، تەنانەت لەكاتی بڵاوبونەوەی كۆرۆناش شایستەی ئەوەبون قەڵغانی داهێنانیان پێ ببەخشرێت.

پاشان بەڕێوەبەری نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق و ژمارەیەك لەكەسایەتیەكانی نوسینگەكە خەڵاتكران كە ئامادەی ڤیستیڤاڵەكە بون.


PM:08:29:08/02/2023




ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌