دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی کەسانی بەخشراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێچەوانەی بەهاکانی کۆمەڵگەیە و ئەو کەسانەی ئەو کارانە دەکەن رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
سەبارەت بە رێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی کەسانی بەخشراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان نووسراوێکی رەسمی ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی هەرێم کرد و داواکاری گشتیش بە نووسراوێک گشتاندنی بۆ سەرجەم فەرمانگەکانی کردووە لە شارەکان، بۆ ئەنجامدان و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانەی، کە بۆ مەبەستی کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنت، سوکایەتی بە بەخشراوەکان دەکەن و وێنە و ڤیدیۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکەنەوە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێم ئاماژەی بەوە کردووە؛ بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی کەسە بەخشراوەکان دوورە لە بەهاو عورفی کۆمەڵگا، لەکاتێکدا ئەو چینەی کۆمەڵگا زیاتر پێویستیان بەچاودێری هەیە نەوەک بەو شێوەیە بەکاربهێنرێن.