وەزارەتی پەروەردە داوای زانیاری لە وانەبێژان دەکات و نوێنەرێکیان دەڵێت بۆ دامەزراندنە




وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، سیستمی ئی پەروەردە کارایە بۆ نوێکردنەوەی زانیاریی مامۆستایانی وانەبێژ و ئەگەر داتاکان تۆمار نەکەن، کاتیان بۆ درێژناکرێتەوە. نوێنەرێکی وانەبێژانیش دەڵێت، ئەو بابەتە بۆ دامەزراندنە بەشێوەی گرێبەست.
 
راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە، 08ـی نیسان بڵاوکراوەتەوە و ئاراستەی ناوەندەکانی خوێندنی حکومی، باخچەی ساوایان، قوتابخانە، پەیمانگە و قوتابخانەکانی سابیس کراوە.
 
بەگوێرەی وەزارەتی پەروەردە، سیستمەکە کارایە بۆ نوێکردنەوەی زانیاریی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو و دەبێت تاوەکو 15ـی ئەم مانگە سەرجەم داتاکان نوێبکرێنەوە و تۆمار بکرێن.
 
کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زۆرینەی وانەبێژان لە رابردوودا داتایان تۆمارکراوە. ئەوەی ئێستا زیاتر بۆ ئەو وانەبێژانەیە کە شوباتی ئەمساڵ وەک وانەبێژ دەستبەکاربوون. هەنگاوەکە بۆ ئەوەیە داتای نوێی سەرجەم وانەبێژان لە وەزارەت هەبێت".
 
وەزارەتی پەروەردە لە راگەیێندراوەکەدا بە وانەبێژان دەڵێت، پێویستە لەگەڵ بەڕێوەبەرەکانیان پێداچوونەوە بە داتاکانیاندا بکەن. راشیگەیاندووە، "ئەم بابەتە بە هەند وەربگرن، سیستم لە پاش داخستنی کارا ناکرێتەوە بۆ ئەو بابەتە".
 
کارۆخ عەبدوڵڵا گوتی، سیستمەکە لینکی لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی شارەکان هەیە و تێیدا هەر کەس لە سنووری خۆی زانیارییەکانی تۆمار دەکات. بۆ نموونە، یەکەم ساڵی وانە گوتنەوە، ساڵی خزمەت، بڕوانامە و باری خێزانی تۆمار دەکرێت.
 
ئەو نوێنەرەی وانەبێژان ئاماژەی بەوەش کرد، "بابەتەکە بۆ دامەزراندنە بە شێوەی گرێبەست، چونکە دواتر بەگوێرەی ئەو داتایە چەند کەس دابمەزرێندرێن، دیاری دەکرێن".
 
بەگوێرەی رێنوێنیی ژمارە 14ـی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی دیبلۆمن، مووچەیان 350 هەزار دینارە و هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش 400 هەزار دینار وەردەگرن.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 35 هەزار و 543 وانەبێژە، بڕی بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان نزیکەی 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە.
 
ئەوە لە کاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ و سبەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کۆتایی بێت.

-Rudaw



AM:10:54:08/04/2024




ئه‌م بابه‌ته 212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌