ئەمڕۆ ٣٦ ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا تێپەڕدەبێت




ئەمڕۆ ٣٦ ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا تێپەڕ دەبێت کە تێیدا نزیکەى ٢٠٠ هەزار ژن و پیاو منداڵی کورد راگوێزران بۆ ناوچەکانى ناوەڕاست و باشورى عێراق و زۆرینەیان شەهیدکران.

ئەمڕۆ ١٤ی نیسان، بە رۆژی یادکردنەوەی ئەنفال دیاریکراوە لە کوردستان، بەهۆی ئەوەی قۆناغی سێیەمی ئەنفال کە لە ٣١ی ئازار تا ١٤ی نیسانی ساڵی ١٩٨٨ خایاند و ناوچەکانی گەرمیانی گرتەوە و بە گەورەترین و فراوانترین هێرشی ئەنفال دادەندرێت بۆسەر کوردستان و تیایدا پێنج هەزار گوند خاپورکران و ٢٠ هەزار ژن و پیاو و منداڵ رەوانەی سەربازگەی قۆڕەتو کران.

کەسوکاری ئانفالکراوان دەڵێن، دەسەڵاتدانى هەرێم لەسەر ئاستى ناوخۆیی و عێراق و جیهانیش وەکو پێویست کاریان بۆ ئەنفال و کەسوکاری ئەنفالکراوان نەکردووە و کەمتەرخەم بوون بەرامبەریان، لەوانەش نەگڕاندنەوەى روفاتى ئەنفالکراوان و دادگایی نەکردنى ئەو جاش و مستەشارانەى لە ئەنفال تێوەگلابوون، ئەو جگە لە نەناساندنى تاوانەکە وەک پێویست لەسەر ئاسىتى جیهانى .

پڕۆسەی ئەنفال:

هەڵمەتەکانى جینۆسایدکردنی کورد بۆ ماوەى چەندین دەیە بەردەوام بوون، کە لە سەرەتادا بە تەعریبکردنى گوندەکانى دەوروبەرى کەرکوک لە ساڵى ١٩٦٣ دەستى پێکرد و دواتر راگواستن و بێسەروشوێنکردنى کوردانى فەیلى لە ساڵانى ١٩٧٠ و ١٩٨٠ کان، دواتریش ئەنفالکردنى هەشت هەزار کەس کە بە ئەنفالی بارزانییەکان لە ساڵى ١٩٨٣ و بەکارهێنانى چەکى کیمیاىی لە کۆتایى ساڵانى ١٩٨٠ کان کە دیارترینیان کیمیابارانکردنى هەڵەبجە بوو و دواتریش هەڵمەتى فراوانى ئەنفاڵ لە ساڵى ١٩٨٨ کە هەشت قۆناغ بوو. تیایدا سەدان هەزار خەڵکى بێ تاوان لەناوچوون و چەندین خانەوادە لەیەک دابڕان و چەندین کەس بەهۆى ئەو کارەساتانەوە تاوەکو ئێستا بەدەست نەخۆشیەوە دەناڵێنن. لەهەمان کاتدا چوار هەزار و ٥٠٠ گوند لەنێوان ساڵەکانى ١٩٧٦ و ١٩٨٨ خاپورکران لەگەڵ تێکدانى ژێرخانى کەرتى کشتوکاڵى هەرێمى کوردستان و لەناوبردنى کەلتور و ژیانى گوندنشینەکان.

لە ٢٣ی شوباتی ساڵی ١٩٨٨ـەوە رژێمی بەعس پڕۆسەی ئەنفالی بە سەرکردایەتی "عەلی حەسەن مەجید" دەستپێکرد و تیایدا ١٨٢ هەزار هاوڵاتی مەدەنی کورد لە چەند ناوچەیەک زیندەبەچاڵ کران.

"ئەنفال" یاخود "کۆمەڵکوژی کوردانی باشوری کوردستان" لە ساڵی ١٩٨٨ بە فەرمی دەستیپێکرد و پڕۆسەکەش لە ژێر ناوی سورەتی "الانفال" کەناوی یەکێکە لە سورەتەکانی قورئان و بە بڕیاری "سەدام حسێن" سەرۆککۆماری ئەوکاتی عێراق ئەنجامدرا، کە ماڵپەڕی فەرمی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە ئەمریکا نووسیویەتی، "ناوی ئەو سوورەتە بۆ ئەو پرۆسەیە لەلایەن حزبی بەعسەوە بە هەڵە بەکارهاتووە."

پڕۆسەی ئەنفال بە سەرکردایەتی "عەلی حەسەن مەجید" بە شەش قۆناغ ئەنجامدرا و بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی قەدەغەکراو ١٨٢ هەزار کورد کوژران و چوار هەزار و ٥٠٠ گوند وێرانکران و یەک ملیۆن کەسیش لە شوێنەکانیان راگوێزران.


قۆناغەکانی ئەنفال:

ئەنفالی یەک- ئەنفالی دۆڵی جافایەتی لە ٢١ی شوبات تا ١٨ی ئازاری ١٩٨٨ی خایاند و گوندەکانی دۆلی جافایەتی و ناوچەی شارباژێری گرتەوە و ٢٥ تا ٣٠ گوندی ئەو ناوچەیە وێرانکران و بە تەواوی چۆڵکران و لەلایەن سوپای بەعسەوە بە تاڵانبرا.

ئەنفالی دوو-دووەم قۆناغی ئەنفال لە ناوچەی قەرەداغ ئەنجامدرا و لە ١٤ی ئازار تا ٢٢ی ئازار ١٩٨٨ی خایاند و زۆر بە سەختی ناوچەکە کیمیاباران کرا و بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی ئاوارەی ناوچەکانی گەرمیان بوون لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەستگیرکران و بەشێکی زۆریان بێسەرووشوێن کران و بەشێکیشیان برانە بەندیخانەی "نوگرەسەلمان" و بەهۆی تینویەتی و برسیەتیەوە گیانیان لەدەستدا.

ئەنفالی سێ- لە ٣١ی ئازار تا ١٤ی نیسانی ساڵی ١٩٨٨ خایاند و ناوچەکانی گەرمیانی گرتەوە و بە گەورەترین و فراوانترین هێرشی ئەنفال دادەندرێت بۆ سەر کوردستان و تیایدا پێنج هەزار گوند خاپورکران و ٢٠ هەزار ژن و پیا و منداڵ رەوانەی سەربازگەی قۆڕەتو کران و ئەم پڕۆسەیەش لە ١٤ی نیساندا ئەنجامدرا و بەهۆی ئەوەی گەورەترین و فراوانترین پڕۆسەبوو ئەو رۆژە وەک رۆژی یادکردنەوەی ئەنفال دیاریکرا لە کوردستان.

ئەنفالی چوار- قۆناغی چوارەمی ئەنفال ئەو ناوچانەی گرتەوە کە دەکەوێتە نێوان زێی بچوک لە ١٨ی نیسان تا ٢٠ی نیسان ساڵی ١٩٨٨ی خایاند و ئەو ناوچە جوگرافیە، گوندەکانی ئاغجەلەر و تەق تەق و عەسکەر و گۆپتەپەی گرتەوە و ئەو ناوچەیە کیمیابارانکرا و قوربانیانی ئەم گوندانە بە ٣٠٠ کەس هەژمار دەکرێن.

ئەنفالی پێنج و شەش و حەوت- ئەو سێ قۆناغەی ئەنفال گوندەکانی پارێزگای هەولێری گرتەوە و لە ٢٤ی ئایار تا ٣١ی ئابی خایاند و بەهۆی چۆڵکردنی شوێنەکانیانەوە بەراورد بە ناوچەکانی پێشوو قوربانی کەمتری لێکەوتەوە و ٥٢ گوند لە خەلیفان و رەواندز و خۆشناو وێران کران.

ئەنفالی هەشت- کۆتا قۆناغی ئەنفال لە ناوچەی بادینان لە ٢٥ی ئاب تا ٦ی ئەیلولی خایاند و ناوچەکانی زاخۆ ئامێدی و شێخان و ئاکرێی گرتەوە و چەکی کیمیاوی هێشوویی بەکارهێنرا.


رەگەزێکی دیکەی ئەنفال بریتیبوو لە پڕۆسەی بەعەرەبکردن "تعریب" و ئەو پڕۆسەیە بە تایبەتی شاری کەرکوکی گرتەوە و رژێمی بەعس لە رێگای دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونەوە و پێدانی بە خێزانە عەرەبەکانی دەرەوەی پارێزگاکە بۆ ناو کەرکوک پڕۆسەکەی جێبەجێکرد.


ئاماری زیانەکانی ئەنفال:

-بەکۆمەڵ کوشتنی ١٨٢ هەزار هاوڵاتی مەدەنی بێچەک، لە ژن و پیاو و منداڵ.

-وێرانکردنی نزیکەی چوار هەزار گوند لە کۆی چوار هەزار و ٦٥٥ گوندی کوردستان و تیایدا ٢٥٠ گوند بەر هێرشی چەکی کیمیایی کەوتن.

-دوو هەزار کەس لە پێکهاتەی مەسیحی و ئاشووریەکان بەر گازی کیمیایی کەوتن.

لە دوای ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا بۆسەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و دەستگیرکردنی "سەدام حسێن" و کوشتنی هەردوو کوڕەکەی، "عەلی حەسەن مەجید" ئەنجامدەری سەرەکی تاوانەکە لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٠٧ـدا لەسەر جینۆسایدی ئەنفال سزای لەسێدارەدانی بۆ دەکرا و لە رۆژی ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠ لە سێدارە درا.

-NRT





AM:11:32:14/04/2024




ئه‌م بابه‌ته 216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌