چیرۆکی کوژرانی زەهرا بە دەستی ئەو پیاوەی لە 14 ساڵی خۆشی دەویست




دایکی زەهرا 13 رۆژە شین و هاوار بۆ کچە بچووکە جوانەمەرگەکەی دەکات، ئەو کچەی کە سێی ئەم مانگە پێش بەربانگ بە دەستڕێژی گولـلەی هاوژینی پێشووتری جەستەی خەڵتانی خوێن کرا.  
 
زەهرا تەمەنی 23 ساڵ بوو، دایکی بە ئاگری جەرگی سوتاویەوە و دەست بە ئەڵقەی کچە کوژراوەکەی خەریکە ئەو قورئانە خەتم دەکات کە زەهرا داینابوو لە رەمەزان خەتمی بکات، بەڵام مەرگ رێگەی پێنەدا. 
 
ئیخلاس عەبدولحەسەن، دایکی زەهرایە، دەڵێت: "کچەکەی منی کردبووە کرێکاری ژنی یەکەم و منداڵەکانی، بە درێژایی یەک ساڵ لە کچەکەمی دەدا، سووکایەتی پێ دەکرد و قسەی ناشرینی پێ دەگوت، دواتر کچەکەم بە فەرمی لێی جیابووەوە، بەڵام ئەو هەر هەوڵی بۆ دەدا، کچەکەشم رەتی دەکردەوە، ئەویش لە بەرامبەردا چەند جارێك هەوڵی دا بیکوژێت."
 
زەهرا دایکی خەڵکی بەغدایە و باوکی کوردە، لە 2006ـەوە لەگەڵ خێزانەکەی لە هەولێر دەژین و دوو خوشک و دوو برای لە خۆی گەورەتری هەیە. لە تەمەنی 14 ساڵی کەوتووەتە پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ پیاوێک کە هاوژین و 3 منداڵی هەبووە و لە دایکبووی 1984 بووە، واتە 17 ساڵ لە زەهرا گەورەتر بووە.
 
ئەو پیاوە خەڵکی هەولێر بووە، لە 2018 بە گوشارێکی زۆر، دایک و باوکی زەهرا رازیبوون کچەکەیان شووی پێبکات و لە مانگی 9ـی 2018 لە دادگەی مەخموور هاوسەرگیرییان کردووە، بەڵام هاوسەرگیرییەکەیان تەنیا 11 مانگی خایاندووە و لە دادگەی هەولێر لە یەکدی جیابوونەتەوە، لەو ماوەیەدا دوو جار دووگیان بووە و، بە گوتەی کەسوکاری، هاوژینەکەی پێی لەباربردووە.  
 
دینا عەبدولکەریم خوشکی زەهرایە، دەڵێت: "دەیزانی بابمان لە ژیاندا نییە و هەموو کەسوکارەکەمان و خاڵەکەمان لە بەغدان، بیری لەوە دەکردەوە کە پێی دەکرێت هەموو شتێکمان لەگەڵدا بکات، نەیدەهێشت بچێتە مارکێت، نەیدەهێشت بچێتە هیچ شوێنێک."
 
لە دوای جیابوونەوەیان، هاوژینەکەی زەهرا بەردەوام بووە لە پەیوەندیکردن بە زەهراوە و ماوە ماوە قسەیان کردووە، تاوەکو ساڵی 2022 باوکی زەهرا بە نەخۆشی کۆچیی دوایی دەکات، ئەوکات بکوژ واتە هاوژینەکەی پێشووی زەهرا دەرفەت لەوە دەبینێت وەک وەلی ئەمری خێزانەکە رەفتاریان لەگەڵدا دەکات. 
 
خوشکەکەی زەهرا دەڵێت، رۆژی پێش کوشتنی زەهرا هاوژینەکەی زانیویەتی کە زەهرا لە دووکانێک دەستی بە کار کردووە لە دووکانێک و نایەوێت چیدیکە پەیوەندی لەگەڵ ئەودا هەبێت، بۆیە یەکسەر رۆژی دواتر کوشتوویەتی.  

دینا باسی ئەو رۆژەی بۆ کردم کە خوشکەکەی تێدا کوژرا، گوتی: "کاژێر 5:20 خولەک پەیوەندیم لەگەڵ خوشکم کرد و بەڵێنماندا بەیەکەوە بەربانگ بکەینەوە، تەلەفۆنم بۆ کرد و گوتم 'دەی وەرە بەدوامدا با بچین،' گوتی، 'باشە وادێم، لە رێگەم، بەڵام دینا هاوژینەکەی پێشووم بە تاکسی هاتووە بە دوامدا،' گوتم 'بۆ؟' گوتی، 'نازانم بەخوا، بەڵام وا بە تاکسی لەدوامە' گوتم، 'حەقت پێیدا نەبێت، وەرە بۆ لام' گوتی 'ترسام بەڵام دەی دەی وادێم،' من هەر چاوەڕێم دەکرد و خۆم ئامادەکردبوو، تەلەفۆنم کرد و تەلەفۆنم کرد، بەڵام خوشکم وەڵامی نەدایەوە."
 
زەهرا لە نزیک شوقەکانی پارک ڤیو لە ترافیکی فڕۆکەخانە کوژراوە، لە دوای کوشتنی، بە ماوەیەکی کورت ئاسایشی هەولێر بکوژەکەی دەستگیر کردووە و ئێستا بە پێی ماددەی 406 لە زیندانە. 
 
پەیوەندیم بە ماڵباتی بکوژەکەوە کرد تاوەکو چیرۆکی ئەوانیش بزانم، بەڵام ئامادە نەبوون لەسەر ئەم بابەتە قسە بکەن. 
 
-Rudaw



AM:10:42:17/04/2024




ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌