لە سنە وانەبێژێکی دیکەی زمانی کوردی بە 10 ساڵ زیندانی سزادرا




وانەبێژێکی زمانی کوردی لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان سزای 10 ساڵ زیندانی و دوورخستنەوەی بۆ شاری کرماشان بەسەردا سەپێندرا.
 
سۆما پوورمحەممەدی، چالاکڤانی مەدەنیی رۆژهەڵاتی کوردستان و وانەبێژی ئەنجوومەنی فێرکاریی زمانی کوردیی "نۆژین"ی سنە، لەلایەن دادگەی پارێزگای سنەوە، سزای 10 ساڵ زیندان و ساڵێک دوورخستنەوەی بۆ شاری کرماشان بەسەردا سەپێندرا. ئیدریس مینبەری، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ئەنجوومەنی نۆژین و هاوژینی سۆما پوورمحەممەدی، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام، هەواڵەکەی بڵاو کردووەتەوە دەڵێت؛ رۆژی شەممە دەسەڵاتی دادوەری ئێران، ئەو سزایەی بەسەر هاوژین و هاوخەباتەکەی دەرکردووە.
 
سۆما پوورمحەممەدی لەگەڵ هەریەک لە وانەبێژانی زمانی کوردی، زارا محەممەدی، سەیوان ئیبراهیمی و ئیدریس مینبەری، چەندین ساڵە لە بواری فێرکاریی زمانی کوردی بە منداڵان و گەنجانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پارێزگای سنە چالاکن و تاوەکو ئێستا چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون و تۆمەتی جیاوازیان خراوەتە پاڵ.
 
لەوانە تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و هەوڵدان بۆ شێواندنی ئاسایشی کۆمەڵگە.
 
پێشتر هەر سێ ئەندامەکەی دیکەی ئەنجوومەنی نۆژین سزای 32 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرابوو. زارا محەممەدی 10 ساڵ، سەیوان ئیبراهیمی 12 ساڵ و ئیدریس مینبەریش سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو. مانگی یەکی ساڵی 2023ش سۆما پوورمحەممەدی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکرابوو و دۆسیەکەی رادەستی دادگەی سنە کرابوو.
 
بەگوێرەی مادەی 15ی دەستووری ئێران، خوێندن بە زمانی دایک لە قوتابخانە و خوێندنگەکانی ئەو وڵاتە بۆ هەموو نەتەوە جیاوازەکانی نێو ئێران رێگەپێدراوە. بەڵام ئەو مادەیەی دەستوور تاوەکو ئێستا لە لایەن حکومەتەوە جێبەجێ نەکراوە و بەربەستیش خراوەتە بەردەمی بۆ جێبەجێکردنی.
 
چالاکڤانان، نووسەران و رۆشنبیرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەماوەی 46 ساڵی رابردوودا بەردەوام هەوڵیان داوە ئەو پرسەی کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە رێگەی ئەنجوومەن و رێکخراوەکانەوە، چارەسەر بکەن، ئەویش لەگەڵ هەڵسوکەوتی تووندی دەزگا ئەمنییەکان و دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رووبەڕوو بوونەتەوە.

-Rudaw



AM:10:51:21/04/2024




ئه‌م بابه‌ته 168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌