نێچیرڤان بارزانی: پشتیوانیی تەواو لە رۆژنامەنووسان دەکەم




سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 126ـەمین ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی کوردستان، پەیامێک ئاراستەی رۆژنامەڤانان دەکات.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 22-4-2024) لە پەیامەکەیدا رایگەیاند "پشتیوانیی تەواوم بۆ رۆژنامەنووسان و باوەڕی نەگۆڕم بە ئازادیی رۆژنامەگەری و رادەربڕین وەك بنەمایەكی سەرەكیی هەر كۆمەڵگەیەكی دیموكرات و ئازادیخواز دووپات دەكەمەوە." 
 
داواشی لە رۆژنامەنووسان کرد پابەندی یاسای کاری رۆژنامەگەری و ئیتیکی رۆژنامەوانی بن له‌ راستگۆیی، هاوسەنگی، بێلایەنی، دوورکەوتنەوە لە هەواڵی ساخته‌ و زمانی زبر، ''هه‌روه‌ها هاندەری پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سه‌قامگيريى سیاسی و پارێزه‌رى به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى گه‌ل و نيشتمان بن."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆڵی رێكخراوە نێوخۆيى و نێودەوڵەتييه‌کانی تایبەت بە چاودێریکردنی رەوشی ئازادیی رۆژنامەگەری و رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنێت. دووپاتیشی دەکاتەوە "دەبێ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان بەپێی یاسای رۆژنامەگەری لە کوردستان مامەڵە لەگەڵ هەر كه‌يسێكى بوارى رۆژنامەوانيدا بکەن."
 
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
 
(١٢٦)مین ساڵیادی ڕۆژى ڕۆژنامەگەریی كوردی و دەرچوونی یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی (كوردستان)ی ڕەوانشاد (میر میقداد بەدرخان) و (٢٦)مین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان‌، به‌گەرمى لە ته‌واوى ڕۆژنامەنووسانى كوردستان پيرۆز دەكەم، هیوای سەركەوتنيان بۆ دەخوازم.
 
لەم یادەدا داكۆكى له‌ زه‌مينه‌ و ژينگه‌ى هاندەر بۆ کاری میدیایی، کارئاسانی بۆ دەستگەیشتنی ڕۆژنامەنووسان بە سەرچاوەكانی زانیاری بەبێ جیاوازی و دوورکەوتنەوە لە سەپاندنی کۆتوبەند و سانسۆر بەسەریاندا ده‌كه‌مه‌وه‌ بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووسان بەرپرسیاريانه‌ ڕۆڵی پیشەیيی خۆیان لە چاودێریکردنی دامەزراوەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی خەڵک و دروستکردنی ڕای گشتیدا ببینن و ببنە فاکتەر و هاوکارێکی گرنگ لە پرۆسەی بنیاتنانان و گەشەسەندنی دیموکراسى و کرانەوەی كۆمەڵگەدا.
 
لە کاتێکدا پشتیوانیی تەواوم بۆ ڕۆژنامەنووسان و باوەڕی نەگۆڕم بە ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین وەك بنەمایەكی سەرەكیی هەر كۆمەڵگەیەكی دیموكرات و ئازادیخواز دووپات دەكەمەوە، داوا لە ڕۆژنامەنووسان ده‌كه‌م پابەندی یاسای کاری ڕۆژنامەگەری و ئیتیکی ڕۆژنامەوانی بن له‌ ڕاستگۆیی، هاوسەنگی، بێلایەنی، دوورکەوتنەوە لە هەواڵی ساخته‌ و زمانی زبر، هه‌روه‌ها هاندەری پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سه‌قامگيريى سیاسی و پارێزه‌رى به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى گه‌ل و نيشتمان بن.
 
هاوکات ڕۆڵی ڕێكخراوە ناوخۆيى و نێودەوڵەتييه‌کانی تایبەت بە چاودێریکردنی ڕەوشی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنین، دووپاتی دەکەینەوە کە دەبێ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری لە کوردستان مامەڵە لەگەڵ هەر كه‌يسێكى بوارى ڕۆژنامەوانيدا بکەن.
 
سڵاو لە یادی ڕۆژنامەنووسانی شەهید و ئەو ڕۆژنامەنووسە پێشەنگانەی لە سەردەمی شۆڕش و ئازادیدا، ژیانی خۆیان بۆ گەیاندنی ڕاستی و پێشخستنی ڕۆژنامه‌گەریی كوردستان تەرخان كرد.
 
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٤

-Rudaw



AM:10:28:22/04/2024




ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌