مەسرور بارزانی: لە سایەی حکومەتەکەماندا راگەیاندنکاران بە ئازادی کاری پیشەیی خۆیان دەکەن




سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی پەیامێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، راگەیاندنکاران لە هەرێمی کوردستان و لە سایەی حکومەتدا "بە ئازادی و بێ هیچ سانسۆرێک کاری پیشەیی خۆیان دەکەن، تەواو ئازادن لە رەخنەگرتن و باسکردنی پێشێلکارییەکان و كەم وكورتی و كەمتەرخەمییەكانی حكومەت."
 
لە یادی رۆژی رۆژنامەگەريی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن میر میقداد میدحەت بەدرخان و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسانی کوردستان کردووە.
 
لە پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی دەڵێت، "جێی خۆشحاڵی و شانازییە راگەیاندنکاران لە هەرێمی کوردستان و لە سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بە ئازادی و بێ هیچ سانسۆرێک، کاری پیشەیی خۆیان دەکەن و تەواو ئازادن لە رەخنەگرتن و باسکردنی پێشێلکارییەکان و كەموكورتی و كەمتەرخەمیەكانی حكومەت."
 
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەش کردووە، "حکومەتیش وەکو هەمیشە هاوکار و یارمەتیدەری رۆژنامەنووس و راگەیاندنکارانی کوردستان دەبێت بۆئەوەی بە هاوکاریی هەموو لایەک، بتوانین کوردستان لە هەموو بوارەکاندا، بەرەو قۆناخێکی پێشکەوتووتر ببەین."

لە بەشێکی پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی بە پێویستی دەزانێت، "میدیاکارانی کوردستان، هەمیشە لە بەرەی نیشتماندا بن و رێگە نەدەن بە ناوی رۆژنامەگەرییەوە، سووکایەتی بە بەهاکانی نیشتمان و بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان بکرێت و نابێت زمانی زبر و دیاردەی ناشرینی ناوزڕاندنی خەڵک بەکاربهێندرێت."
 
هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیوای خواستووە، راگەیاندنکارانی کوردستان، ئامانجی سەرەکییان گەیاندنی راستییەکان و پێشخستنی کوردستان و خزمەتکردنی خەڵک و داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان و پاراستن و گەشەپێدانی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بێت.

-Rudaw



AM:10:30:22/04/2024




ئه‌م بابه‌ته 188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌