قوباد تاڵه‌بانی: ئه‌ركی ده‌سه‌ڵاته‌ گۆڕانكاری له مامه‌ڵه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسان بكات




قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم له‌ ساڵیادی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسییە کێشە و کەموکوڕییەکانی بەردەم ئازادی کاری رۆژنامەگەری چارەسەر بکات، له‌به‌رانبه‌ردا گۆڕانکاری لە شێوازی مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ رۆژنامەنووساندا بکات.

له‌و په‌یامه‌یدا قوباد تاڵه‌بانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 22ی نیسان بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت: "رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و یادی 126 ساڵەی دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی لە هەموو رۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان پیرۆزبێت".

ده‌شڵێت، "لەم یادەدا و لە بڕوای تەواومەوە بە ئازادی رۆژنامەوانی و سەرجەم ئازادییەکانی تر، داواکارم هەم ئێمەی لە دەسەڵات و لایەنە سیاسییەکان و هەم خودی کەناڵەکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان بە دیدێکی رەخنەگرانەوە دۆخی ئێستای رۆژنامەگەریی کوردی هەڵبسەنگێنین".

باسی له‌وه‌شكردووه‌: "ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسییە کێشە و کەموکوڕییەکانی بەردەم ئازادی کاری رۆژنامەگەری چارەسەر بکات، یاساکانی کاری رۆژنامەگەری و مافی دەستخستنی زانیاری وەک خۆی جێبەجێ بکات و گۆڕانکاری لە شێوازی مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ رۆژنامەنووساندا بکات".

قوباد تاڵه‌بانی ئه‌وه‌شی وتووه‌: "لە بەرامبەریشدا کەناڵەکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسانیش لەرێگەی پەرەپێدان بە توانا پیشەییەکانی خۆیان و پابەندبوونیان بە بەها باڵاکانی رۆژنامەگەری، ئاستی متمانە بە کاری رۆژنامەگەری لەناو کۆمەڵگادا بەرز بکەنەوە".

جێگری سه‌رۆك وه‌زرانی هه‌رێم راشیگه‌یاندووه‌، "لەسەرمانە بە چاوی رێزەوە سەیری پیشە و ئەرکی رۆژنامەگەری بکەین و پارێزەری ئازادی کاری رۆژنامەگەری بین".

-Rudaw



AM:10:33:22/04/2024




ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌