كۆمەڵێك رۆژنامەنوس لە سنوری ئیدارەی سۆران بایكۆتی چالاكی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان دەكەن




كۆمەڵێك رۆژنامەنووس لە سنوری ئیدارەی سۆران بایكۆتی چالاكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەن، كە بەهۆی یادی 126 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردی رێكخرابوو.

كۆمەڵێك رۆژنامەنووس لە سنوری ئیدارەی سۆران لە راگەیەنراوێكدا، بایكۆتی چالاكی سەندیكای رۆژنامەنووسان و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكەن، چونكە پێیانوایە لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جیاوازییەكی زۆر لەنێوان رۆژنامەنووساندا دەكرێت و تەنیا ئەوانەی لە دەزگاكانی خۆیان یان حزبی سەر بەدەسەڵات كاردەكەن بۆیان هەیە كاری رۆژنامەوانی بكەن.

ئاماژەیان بۆ ئەوەشكردووە، بەردەوام جیاوازی و جیاكاری دەكرێت بۆ هەندێك كەناڵ ئازادی تەواو هەیە و بۆ هەندێكیان بەهیچ شێوەیەك رێگەپێدان نییە و لەبەشێكی زۆری كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكاندا بێبەش دەكرێن و جیاوازی لە بانگهێشتكردنیان دەكرێت.

دەشڵێن، ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە داوا دەكەن دیدارێكی كراوە لە نێوان رۆژنامەنووسان و دەزگا ئەمنییەكانی سۆران بۆ لێكتێگەیشتنی زیاتر رێكبخرێت، بەڵام نە نوسینگەی سۆرانی سەندیكای رۆژنامەنووسان و نە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەدەم ئەو داواكارییانەوە نەهاتوون و كاریان بۆ نەكردووە.

داواش دەكەن سەندیكای رۆژنامەنووسان و رێكخراوەكانی داكۆكی كار لە رۆژنامەنووسان و ئازادی كاری میدیایی لەبەرامبەر ئەو پێشێلكاری و جیاوازییانە بێنە دەنگ.

-Kurdsatnews



PM:02:37:23/04/2024




ئه‌م بابه‌ته 200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌