کۆشکی سپی: گیانلەدەستدانی منداڵان فەلەستینی بێت یان ئیسرائیلی، تراژیدیایە




گوتەبێژی کۆشکی سپی نیگەرانیی وڵاتەکەی لە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەردەبڕێت و رایدەگەیێنێت، گیانلەدەستدانی منداڵان و ئەندامانی خێزان، چ فەلەستینی بن یان ئیسرائیلی شتێکی تراژیکە و داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکەن.
 
ماوەی 7 رۆژە شەڕی مووشەکیی لەنێوان حەماس و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دەستیپێکردووە. تاوەکو ئێستا بەپێی ئامارەکان 139 فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە کە 30 ژن و 22 منداڵ لەنێو قوربانییەکاندان و، زیاتر لە هەزار کەسیش بریندارن، هاوکات ئیسرائیل رایگەیاندووە، ئەوانیش 11 کەسیان لەماوەی ئەو هەفتەیەی شەڕ و پێکدادانەکەدا لێکوژراوە. 
 
جێن ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند: "گیانلەدەستدانی منداڵان، گیانلەدەستدانی خێزانەکان، گیانلەدەستدانی ئەندامانی خێزان، ئینجا گیانی فەلەستینییەکان بێت یاخود ئیسرائیلییەکان، شتێکی تراژیکیە. بۆ سەیرکردنیش سامناکە. هەر بۆیە سەرنجمان لەسەر هێورکردنەوەی ئەو دۆخەیە کە لەسەر زەویدا رووودەدات. ئەمە کاردانەوەی مرۆیی ئێمەیە بۆ ئەوەی دەیبینین". 
 
لەبارەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە، جین ساکی گوتی: "ئێمە و سەرۆک و چەندین کەسی دیکە چەندین ساڵە سەرنجمان لەسەر کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەوەش دەزانین کە هەندێجار دەبێت ئەو گفتوگۆیانە بە نهێنی رووبدەن بۆ ئەوەی دەەرنجامیان هەبێت." 
 
لەهەمانکاتدا گوتەبێژی کۆشکی سپی جەختیکردەوە لەوەی کە حەماس رێکخراوێکی تیرۆریستییە و گوتی: "جێگەی بایەخە بیری خەڵك بێنینەوە کە حەماس رێکخراوێکی تیرۆریستییە. حەماس گوزارش لە بیروڕای ئەو خێزان و خەڵکە ناکات کە ئازار دەکێشن، یاخود هەموو ئەو فەلەستینییانەی کە بەهۆی ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەوە ئازار دەکێشن. بەڵام هاوێشتنی 1500 مووشەک لەلایەن حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل و کۆمەڵگە ئیسرائیلییەکان هیچ پاساوێک هەڵناگرێت."
 
ئەمریکا هەوڵەکانی خۆی بۆ ئاگربەستی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس چڕکردووەتەوە، شەوی رابردوو جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندیی بە هەریەک لە سەرۆکی فەلەستین و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە کرد و داوای لێکردن دان بەخۆیاندا بگرن و هەوڵ بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بدەن.
 
سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندی بە مەحموود عەباسی سەرۆکی فەلەستین کرد، بەپێی راگەیێندراوی کۆشکی سپی، دڵنیای کردووەتەوە هەوڵەکان بۆ فەراهەمکردنی ئاگربەستی شەڕ لە غەززە بەردەوامن، جەختیشی لە بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و فەلەستین کردووەتەوە. 
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا هەروەها پەیوەندیی بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیشەوە کرد، بەگوێرەی راگەیێندراوێکی ئۆفیسی نەتەنیاهوو، ئیسرائیل ئەوەی لەتوانایدابێت دەیکات بۆ ئەوەی خۆی لە بەئامانجگرتنی ئەو کەسانە بپارێزێت کە دەستیان لە هێرشی سەر ئیسرائیل نییە.
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، نەتەنیاهوو سوپاسی بایدنی کردووە کە پاڵپشتی بۆ ئیسرائیل دەربڕیوە لە شەڕی بەرگریکردن لە ئیسرائیل.

-rudaw


PM:03:34:16/05/2021




ئه‌م بابه‌ته 292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌