چیرۆكی ئەو چاڵەی شیفا بەدوایدا دەگەڕا



میترۆ، هه‌ولێر 
چاڵی مەرگ، ئەو چاڵەی شیفا گەردی دەیویست راپۆرتێكی لەسەر ئامادەبكات، بەلای خەڵكی شاری مووسڵەوە زۆر ئاشنایە. لەو چاڵەدا پەپوولەی مەرگی چەندین كەس بەرەو ئاسمان هەڵفڕیوە. چاڵی خەفسە، كە كردەوەكانی داعش ناوەكەی زەقكردووەتەوە بە (چاڵی مەرگ)، لە دووریی 20 كیلۆمەتر لە باشووری موسڵ و 5 كیلۆمەتر لە گوندی عەزبە، لەسەر رێگەی مووسڵ- بەغداوە هەڵكەوتووە.

د.فەواز حەمۆ، مامۆستای زانستی جیۆلۆجی لە زانكۆی مووسڵ، كە سەرپەرشتیی تیمێكی كردووە بۆ لێكۆڵینەوە لەو چاڵە، دەڵێت ''خەسفە چاڵێكی سروشتییە و لەبەر هۆکاری جیۆلۆجی دروستبووە. ئەو چاڵە 50 مەتر پانە و 168 مەتر قوڵە''.

ئەو تیمە كەلوپەل و ئامێری پێویستیان پێ نەبووە بۆ كنە و گەڕان لەنێو چاڵەكەدا، وەك فەواز دەڵێت ''بەداخەوە پێویستیمان بە هەندێك كەلوپەل هەبوو كە لە عێراق نەبوون، بەڵام لە قووڵایی چاڵەكەدا رێژەیەكی زۆر گازی میسانی ژەهراوی و گازی ئۆكسیدی كبریت هەن''. 

دانیشتووانی گوندی عەزبە، گەورەترین شایەتحاڵن لەسەر هەموو ئەو جەستانەی فڕێدراونەتە دۆڵی خەسفەوە، چونكە رێگەی چاڵەكە بەنێو گوندەكەی ئەواندا تێدەپەڕێت.

حاجی حوسێن عەلی دانیشتووی گوندی خەسفە دەڵێت ''دۆڵی مەرگ شوێنێكە بۆ لەنێوبردنی ئینسان، ئافرەتێك یان كەسێك كاری بەدڕەوشتیی بكردایە بە خەسفە هەڕەشەی لێدەكرا. زۆر كەسیش بۆ بزركردنی تاوان و كوشتنی نەیارەكانی بەكاریدەهێنن'' . حاجی حوسێن هەروەها دەڵێت ''هەركاتێك ئۆتۆمبێلێك لەسەر رێگەكە لەنێو گوندەكەمانەوە بەرەو دۆڵەكە دەڕۆیشت، دەمانزانی بۆ كوشتنی كەسێك دەچن''. 

دۆڵی مەرگ تەرمی كێی تێدایە؟

ئەو چاڵە لە سەردەمی دەسەڵاتدارانی بەعس، بۆ شاردنەوەی تاوانی كوشتن بەكاردەهات یان هەندێكکەس بۆ كوشتنی ئافرەت، كە لە دابونەریتی هۆز و خانەوادەكەی دەردەچوو بەكاریانهێناوە. پاشان لە سەردەمی هاتنی ئەمریكییەكاندا بۆ شاردنەوەی تەرمی ئەو كەسانەی لەگەڵ حكومەت و هێزەكانی ئەمریكا كاریان دەكرد، هەروەها كۆمەڵێك بەڵێندەری نزیك لە حكومەت بەکاردەهات.

پاش هاتنی داعش، دۆڵی مەرگ ناوبانگێكی زیاتری دەركرد. بەگوتەی حازم دلێمی، كە دانیشتووییەكی بەری راستی مووسڵە، داعش هەموو ئەوانەی بە تۆمەتی هاوكاریكردنی حكومەتی عێراق و كارمەندانی پۆلیس و سەربازە دەستگیركراوەكانی سوپا، هەموویانی كوشتن و فڕێی دانە ئەو چاڵەوە. 

حازم دلێمی دەڵێت ''هەرکەسێک حوكمی ئەو ناوچەیەی كردبێت، تەرمی نەیارەكانی فڕێداوەتە خەسفەوە. ئەمریكییەكان تەرمی ئەو چەكدارانەی لەكاتی رووبەڕووبوونەوەكان دەكەوتنە ژێردەستیان فڕێیاندەدایە ئەوێوە. زۆرجار شەوان بە كاروانی سەربازی چوونەتە ئەوێ. ئەمە خەڵكی ناوچەکە بۆیان باسكردووم''.

خەسفە لەكۆنەوە بەشێكە لە گفتوگۆی دانیشتووانی مووسڵ و عێراق. هەركەسێك ئازیزێكی لێ ونبوو، بیری بۆ چاڵەکە دەچێت و خەیاڵی لەسەر ئەوە بونیاددەنێت. بۆیە كەسانێكی زۆر جەژنان گوڵی تێدەكەن.

بیروباوەڕی داعش ئەوەیە كە نابێ ئەوانەی هەڵگەڕاوەن لە ئایینەكەیان و ئەو دەیانكوژێت گۆڕیان هەبێت و رێوڕەسمی ناشتنیان بۆ بەڕێوەبچێ‌، بۆیە بە سەدان نەیاری خۆی دەكوشت و گونجاوترین شوێنیش بۆ بزركردنەوەی شوێنەواریان، چاڵی مەرگ بووە. 

ئەم شێوازەی كوشتن لەلای داعش نوێ نییە. لە شاری رەققەی سووریا چاڵێكی گەورەتر لەوەی عێراق هەیە بە ناوی (هووتە). گرتەی ڤیدیۆیی هەیە كە داعش كەسانی سڤیل دەكوژێت و پاشان فڕێیان دەداتە نێو چاڵەكەوە. گوتەبێژی پۆلیسی فیدراڵی لە موسڵ بە (رووداو)ی گوت ''لە لێكۆڵینەوەی سەرەتایی لەگەڵ چەند چەكدارێكی داعش لە حەمام عەلیل، ئاماژەیان بەوە كردووە كە تەرمی نەیارەكانیان فڕێداوەتە خەسفەوە. وەك ئەو 300 ئەفسەر و كارمەندەی پۆلیس كە لە تشرینی دووەمی 2014 فەرمانی لێبوردنیان بۆ دەرچوو، پاش خۆڕادەستكردنیان هەموویان لە خەسفە كوژران و فڕێدرانە نێو چاڵەكەوە".

شیفا بۆ لە دۆڵی مەرگ شەهیدبوو؟

شیفا گەردی لە بەری راستی موسڵ سەرقاڵی ئامادەكردنی راپۆرتێك بووە لەسەر چاڵی خەسفە، تاوەكو هەموو جیهان لەڕێگەی رووداوەوە ئەو چاڵی مەرگە ببینن و بزانن داعش چیی كردووە.

رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو، كە رۆژی شەممە 25/2/2017 لەگەڵ تیمەكەی شیفا رووماڵی شەڕی مووسڵیان كردووە، گوتی ''پێشتر زانیاری لەبارەی چاڵی خەسفە بە شیفا درابوو و ئەویش زۆر بەدوای گەڕابوو، بەڵام نەیدۆزیبووەوە. پاشان دەگەڕێنەوە و لەنزیك رێگەی بەغدا - مووسڵ هێزێكی حەشدی شەعبی دەبینن، پرسیاریان لێدەكەن و ئەوانیش دەڵێن شوێنەكە دەزانن و بەڵێنیان پێدەدەن هاوكارییان بكەن''.

وەك رەنجە باسیكرد كە تەنیا 5 خولەك لەوان دوور بووە، تیمی رووداو و هێزەكەی حەشدی شەعبی بەیەكەوە دەچنە شوێنەكە، كاژێر 03:45 گەیشتنە شوێنەكە لەكاتی وەرگرتنی لێداون لە سەید عەلی حەیالی، فەرماندە لە هێزەكانی بەدری سەر بە حەشدی شەعبی قاچی لە تەلی بۆمبێكی چێندراو دەئاڵێت و بۆمبەكە دەتەقێتەوە. لەئەنجامدا شیفا گەردی شەهید دەبێت. سەید عەلی حەیالی و چوار چەكداری دیكە كوژران. كامێرامانێكی رووداو و 7 چەكداری حەشدیش برینداربوون.

رووداو



AM:11:46:27/02/2017




ئه‌م بابه‌ته 708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌