لە ئیستەنبووڵ دوو رۆژنامەڤان بەهۆی وێنەگرتنی لێدانی پۆلیس لە ژنە پەنابەرێک دەستگیرکران




لە ئیستەنبووڵ، بەهۆی وێنەگرتن و رێگریکردن لە لێدان و ئازاردانی ژنە پەنابەرێکی سووریایی، دوو رۆژنامەڤان دەستگیرکران.
 
ئێوارەی رۆژی 28ی نیسانی 2024، لە وێستگەی میترۆی ناوچەی مەجیدییە کۆی لە ئیستەنبووڵ، تیمێکی پۆلیسی شار لەکاتی پرسیاری ناسنامەدا، ژنە پەنابەرێکی سووریاییان راگرت و لەناکاو پۆلیسەکان بە بۆکس و شەق پەلاماریان دا و خستیانە سەر زەوی. ژنە پۆلیسێکیش بە بیانووی پشکنینی، بەشێک لە جلەکانی بەری لەبەرکردەوە.
 
لەو کاتەدا دوو رۆژنامەڤان بە ناوەکانی ئەکیم ڤەیسەلئۆغڵو و ئەکین ئەکمەکسیز، بە مۆبایلەکانیانەوە گرتەی ڤیدیۆیی رووداوەکەیان تۆمارکرد و رەخنەیان لە رەفتاری پۆلیسەکان گرت بەهۆی خراپیی مامەڵە و ئازاردانی ژنە پەنابەرە سووریاییەکە. پۆلیسەکان بەرپەرچیان دانەوە و رێگرییان لێکردن کە رووداوەکە تۆمار بکەن.

هەمان تیمی پۆلیس، هەردوو رۆژنامەڤانەکەیان دەستگیر کرد. دوای چەند کاژێرێک ئەکین ئەکمەکسیز ئازاد کرا، بەڵام ئەکیم ڤەیسەلئۆغڵو بەپاساوی رێگریکردن لە پۆلیس لە ئەنجامدانی ئەرکەکەیان، راگرت؛ بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 29ی مانگ لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت و رەوانەی بەردەم دادوەر بکرێت.

-Rudaw




AM:11:32:29/04/2024




ئه‌م بابه‌ته 628 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌